پلاتفۆرمی دیموکراتی ژنان لە دژی لەسێدارەدان و سەرکوتکردنەکان بانگەوازی ڕاگەیاند

پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ژنان ڕایگەیاند، زیندانیانی سیاسی و ناڕازییەکان لە ناو بێدەنگیدا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە، داوا دەکەن بە وەلانانی جیاوازییەکان هەنگاوێکی هاوبەش بنێن بۆ بەرگریکردن لە زیندانیانیی سیاسیی.

ناوەندی هەواڵ

 

پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فرانتەیشناڵ بۆ ژنان دەربارەی سزای لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی هاوڵاتییانی گەلانی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئیرانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فرانتەیشناڵ بۆ ژنان بەمشێوەیەیە:

لەکاتیکدا جارێکی دیکە ئاگری جەنگ بەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێت و هێزە زلهێزەکانی جیهان بە زمانی هەڕەشە و مامەڵە چارەنووسی گەلان دیاری دەکەن، دەبێت بە دەنگێکی بەرز و بێ پەردە ڕایبگەیەنین: ئەم جەنگانە نەک بۆ ئازادی گەلانن، بەڵکو دژ بە ئەوانن، جەنگ بە هەر شێوە و بە هەر بیانوویەک بێت، پێش هەموو شتێک ژیانی خەڵک دەکاتە ئامانج و دەبێتە ئامڕازێک بۆ سەرکوتکردن، وێرانکردن و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕەزاییەکان، لەم بارودۆخەدا، دژایەتی جەنگ نە تەنها هەڵبژاردنێک نییە، بەڵکو پێویستییەکی ئەخلاقی و سیاسییە، وەستان لە بەرانبەر بازنەیەک کە هەمان کات لە دەرەوە و ناوەوە کۆمەڵگە دەخاتە ژێر فشارەوە.

 

لە ناو ئەم ئاڵۆزییە و نا ئەمنیەدا لەگەڵ قەیرانە هەرێمایەتییەکان و پچڕانی پەیوەندی کۆمەڵگە لەگەڵ جیهان، بە تایبەتی لە ڕێگەی پچڕانی ئینتەرنێت هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و سزادانی قورس و  زیادبوونی سزای لەسێدارەدان بەردەوامە، وتەکانی حسێن موحسنی ئیجی دەربارەی خێراکردن و توندترکردنی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان نیشانەیەکی ڕوونە لە ئیرادەی دەسەڵات بۆ درووستکردنی ترس و کۆنترۆڵ لە دۆخی قەیرانیدا، ئەم ڕەوتە یادەوەری ئەزموونە تاڵە مێژووییەکان دەکات، کە تێیدا سەرکوت وەک ئامڕازێک بۆ دڵنیابوون لە مانەوەی دەسەڵات بەکارهاتووە.

 

ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا کە چاوی جیهان لەسەر جەنگ و هاوکێشەکانی هێزە، زیندانیانی سیاسی و ناڕازییەکان کە دەستبەسەر کراون، لە ناو بێدەنگی و بێئاگاییدا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە، ئەم بێدەنگییە ئەگەر نەشکێندرێت، دەتوانێت ببێتە هۆکاری ڕووداوە مرۆڤایەتییەکانی دیکە، لەبەر ئەوە پێکهاتن و بەهێزکردنی کەمپینی” نا بۆ لەسێدارەدان”و بەرزکردنەوەی دەنگی زیندانیان بۆ پێویستیەکی بەپەلە گۆڕدراوە.

 

ئەم دەنگە تەنها بەرگری لە چەند زیندانییەک نییە، بەڵکو بەرگرییە لە کەرامەتی مرۆڤ، لە مافی ژیان، لە بارودۆخێکدا کە دامەزراندنە فەرمییەکان و ئۆپۆزسیۆنە بێ‌بنەماکان نەیانتوانیووە ببن بە هێزێکی ڕاستەقینە، ئەم چالاکییە کۆمەڵایەتییانە دەتوانن لە دڵی کۆمەڵگە هێزێکی ڕەسەن و کاریگەر درووست بکەن، هێزێک کە نە پەیوەستە بە هێزە دەرەکییەکانە و نە لە چوارچێوەی یارییە سیاسییە سنووردارەکاندا دەمێنێتەوە.

 

ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە دەسەڵات لە کاتی قەیراندا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی ناڕەزای پەنا بۆ سەرکوتی گەورە و درووستکردنی ترس دەبات، ئەمڕۆش لە ناو جەنگ و هەڕەشەدا، گەورەترین نیگەرانی دەسەڵات تەنها دوژمنی دەرەکی نییە، بەڵکو خەڵکە، کە دەتوانن دەنگی خۆیان بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی  بگۆڕن، یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ئەم کۆنترۆڵە بەکارهێنانی توندوتیژی لە زیندانەکان و دەرکردنی سزای لەسێدرەدانە.

 

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، بەرپرسیارییەکە لەسەر شانی هەمووانە، لە چالاکوانانی مەدەنییەوە تا حزبەکان و لە خەڵکی ئاساییەوە تا هەر دەنگێکی ئازادیخواز، کاتەکە هاتووە کە ئەم دەنگانە بەیەکەوە ببەستن و لە دابڕان و پەرتەوازەیی تێپەڕبن.

 

لە هەموو حزبەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چالاکوانان و خەڵکی ئازادیخواز داوا دەکرێت کە بە وەلانانی جیاوازییەکان هەنگاوێکی هاوبەش بنێن بۆ درووستکردنی زنجیرەی مرۆیی، ئامادەبوون لە فەزای گشتی، و دروستکردنی دەنگێکی کۆمەڵ بۆ بەرگری لە ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ و ژیانی زیندانیانی سیاسی.

 

ئەم بانگەوازییە نە تەنها وەستانە لە بەرانبەر لەسێدارە و سەرکوت، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی ڕوونە لە دژایەتی جەنگ، توندوتیژی و هەر جۆرە سەپاندنی چارەنووس لە دەرەوە و ناوەوەش، تەنها لە ڕێگەی ئەم هاوبەشبوونەدا دەتوانرێت بازنەی سەرکوت سنووردار بکرێت و هەلی درووستبوونی داهاتوویەکی جیاواز بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە.

 

پلاتفۆرمی دیموکراتی فرانتەیشناڵ بۆ ژنان

پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فرانتەیشناڵ بۆ ژنان لە دوای شۆڕشی"ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزراوە، کار لەسەر پرسی ژنان، یەکسانی،  بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکات، چالاکییەکانیان زیاتر لە ئاستی نێودەوڵەتی (ئەوروپا) و ناوخۆیی (کوردستان) چڕبووەتەوە.