پلاتفۆڕمی ژنانی باشوور: بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ڕەگەزپەرستانە دژی لەیلا زانا دەکەین

پلاتفۆڕمی ژنانی باشوور لە دژی هیرشی زایەندپەرستی و ڕەگەزپەرستانە دژی لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد، ڕاگەیەندراوێکی بلاوکردەوەو بە توندی هێرشی ڕەگەزپەرستانەی شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەم لە یاری نێوان بورساسپۆر و سۆماسپۆر، بەشێک لە هاندەرانی فاشیست بە دروشمی ڕەگەزپەرستانە، سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانایان بە ئامانج گرت.

 

لە درێژەی کاردانەوەکان، پلاتفۆڕمی ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، وەک دەزانن  زۆرجار پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران لەلایەن نەیاران و بەرە دژەکان رووبەڕووی توندوتیژی و بێڕێزی کردن دەبنەوە، چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی دوژمنکارانەو دژی مرۆڤانە و پڕ لە کینەو بێڕێزی لەلایەن ئەوانەی دژی ئاشتی و پێکەو ژیانن بەرامبەر کەسایەتی خاوەن ئیرادەو دڵسۆزو نیشتیمانپەروەر لەیلا زانا دەکرێت، لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا کۆمەڵە کەسانێکی ڕەگەزپەرست بەتایبەتی هەڵمەتێکی سوکایەتیپێکردنیان بەرامبەر بە سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا دەستپێکردووە، دیارە دەستپێکی دژایەتی و هەڵمەتی بێڕێزیکردنی ئەمجارە لەناو هاندەرانی یارییەکی نیوان بورسا سپۆرو سۆماسپۆر دەستیپێکرد، دواتر بەهەموو لایەکدا تەنییەوە، دواتر ئەم هیرشکردن و بێڕێزی کردنە، لەناو ئازادیخوازان و بەشێک لە پەرلەمانتاران کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم، لە باشووری کوردستان، وەک پشتگیری لە کەسایەتی سیاسی و نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی لەیلا زانا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە.

 

"دەنگمان دەخەینە پاڵ هەموو دەنگێکی ئازادیخواز"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەک ژنانی ئازادیخواز لە کۆمیتەی ئامادەکاری ژنانی باشوور، دەنگمان دەخەینە پاڵ هەموو دەنگێکی ئازادیخوازو هەموو ئەو لایەنانەی بڕوایان بە ئازادی و مافی هەر تاکێکی هەر نەتەوەیەک و سەربەخۆیی گەلان هەیە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو ئەکتە فاشیستیانە دەکەین، دژ بەهەموو ئەقڵیەتییەکی ڕەگەزپەرستی دەوەستینەوە، بڕوامان بە زمانی ئاشتی و پێکەوەژیانی نەتەوەکان هەیە، بەبێ هەڵاوەردەکردنی هیچ ئایین و نەژاد و نەتەوەیەک. 

 

"پێویستە ژیان و کەرامەتی چالاکوان و سیاسەتمەدارو پەرلەمانتاران پاریزراوبێت"

پلاتفۆڕمەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە بانگەوازی کردووەو تێیدا هاتووە: بەناوی پلاتفۆڕمی ژنانی باشوور داوا لە سەرجەم یاساناسان لە کاروباری سیاسی و مرۆیی و ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و ناوەندو دامەزراوەو حزب و لایەنگرانی ئاشتی و مرۆیی لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان و تورکیا دەکەین، بەر بەو هەڵمەتانە بگرن، بەڕێگەی یاسایی یاساناسان و پەرلەمانتاران و یاساناسان و دامەزراوە حکومی و تەشریعییەکان کار لەسەر ئەو پرسە بکەن، ڕێگە لە دووبارە بوونەوەی کارێکی لەو شێوەیە بگرن، پێویستە ژیان و کەرامەتی چالاکوان و سیاسەتمەدارو پەرلەمانتاران پاریزراوبێت، چیدی نەبنە خۆڵەمێشی ڕەگەزپەرستی و هەڵسوکەوتی شۆڤێنیانەی گروپێک یان کەسانێکی نابەرپرس و بێمۆڕاڵ.