پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنی کورد: خوشک و براکانمان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەژێر هەڕەشەی کوشتندان

پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنی کورد سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشەکانی هەتەشە لەسەر گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە دەڵێت: خوشک و براکانمان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەژێر هەڕەشەی کوشتندان و ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە خۆپیشاندانەکاندا دەگێڕن.

ناوەندی هەواڵ

 

پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنی کورد لەهەرچوار پارچەی کوردستان و  پلاتفۆرمی یەکێتی ژنی باشوور لە دوو راگەیەندراوی جیادا بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هەروەها هێرش و گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردنیشەکانی حەلەب لەلایەن هەتەشەوە، هەڵوێستی خۆیان نیشانداو هەر جۆرە هیرشێک شەرمەزار دەکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک لای هەمووان ڕوونە ئەم ڕۆژانە خوشک و براکانمان لە ڕژهەلات و ڕۆژئاوا لەژێر هەڕەشەی کوشتن و رووبەڕووبوونەوەی چری هێزەکانی سوپای ئیران و سووریادان، ئێمەی ژنان کە بروامان بە بیری ئازادیخوازی و ڕزگاری گەلەکەمان هەیە، پشتگیری و هاوسۆزی لە هاوزمان و هاوڵاتیان دەکەین، بە گشتی دژ بەهەموو دیاردەیەکی کوشتن و سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤین، ئیتر ئەو پیشێلکردنە ڕووی لە مافی سیاسی بێت ئان ئابووری و کۆمەڵایەتی. 

 

ڕژێمی ئێران دەیەوێت بە زەبری چەک و بەهەر چەشنێک گڕوتینی خۆپیشاندان دابمرکێنێتەوە

ماوەی هەفتەیەکە بە گشتی دۆخی هاوڵاتیانی ئێران لەدوای (٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥) سات بە سات بەرەو ئاڵۆزتر دەچێت، لە ڕۆژئاواش بەهەمانشیوە، لە ئیران سەرەتا لەو وڵاتە بەهۆی تەنگەژە ئابوورییەکان و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان دەستیپێکرد، ڕژێمی ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی ڕاپەرینی ناوخۆیی و هیرشی دەرەکی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆتەوە، ئیران لەەبردەم ئاڵەنگاریی نێوەدەوڵەتیدایە، دەترسێت لەوەی دەولەتانی دەرەوە ئە گرژی و ئاڵۆزییانە بە فرسەت بزانن و دەست وەربدەنە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی، بۆیە دەیەوێت بە زەبری چەک و بەهەر چەشنێک گڕوتینی خۆپیشاندان دابمرکێنێتەوە، دەست لە خۆپیشاندەران ناپارێزێت، لەماوەی  ئەم هەفتەیەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان شەهید بوون، خۆپیشاندەران لەکاتێکدا داوای ماف و ئازادی دەکەن، ئێران بە تێکدەرو ئاژاوەگێڕ ناویان دەبات، بەهەر ڕێگەیەک دەیەوێت خۆپیشاندەران دەست لە خۆپیشاندان هەڵبگرن.

 

"ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە خۆپیشاندانەکاندا دەگێڕن"

ئاماژە بەوەکراوە،  لەو نیوەندەدا ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە خۆپیشاندانەکاندا دەگێڕن، ڕۆڵی بەرچاوو کاریگەریان هەیە، ژنانی خوێندکارانی زانکۆکان بە دروشـی "ژن، ژیان، ئازادی" لەنیو زانکۆکان و لەسەر شەقامەکان پێشەنگایەتی لە خۆپیشاندانەکان دەکەن و پاڵپشتی بۆ هاوڵاتیانی خۆیان دەردەبڕن، تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاکوان لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران  بریندارن و دەستگیر کراون.

 

"دژ بە داگیرکاریی دەوەستینەوە"

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕژێمی ئیران لەناوچە کوردییەکان چەکی گەورەو قورس و لەجۆری چەکی شەڕ بەکاردەهێنێت، بۆیە خەڵکانێکی زۆر شەهید بوون و برینداری زۆر هەیە، لێرەدا ئێمە دڵمان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشە کەلەژیر ئاگری داگیرکارییدا دەسووتێت، بەناوی پلاتفۆرمی ژنانی باشووری کوردستان دژ بەهەموو داگیرکارییەک و پێشێلکارییەکین، ئێمە لەگەل هەموو دەنگێکی ئازادیین و دژ بە داگیرکاریی و زەوتکردنی مافی نەتەوەکەمان دەوەستینەوە.