پێدانی ژمارە بە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستیپێکرد
پڕۆسەی پێدانی ژمارە بۆ کاندیدەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، پاش پەسەندکردنی ژمارەکانیش لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، ڕێگە بە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکان دەدرێت.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە پڕۆسەیەکدا بە ئامادەبوونی چالاکوانانی مەدەنی و ئەو کەسانەی لە داهاتوودا دەبنە کاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی تشرینی یەکەم دیاریکرا، کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی لەلایەن ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە ئەنجامدرا، لە پڕۆسەکەدا ژمارەکان لە ژمارە ٢٠ دەستیپێکرد، هەر کاندیدێک ژمارەیەک وەردەگرێت و لەسەر لیستی دەنگدانەکە ناو، وێنە و ژمارە دەنوسرێت.
پارێزگای سلێمانیش بەسەر پێنج بازنەدا دابەشکراوە، بازنەی یەکی سلێمانی، ١٣ کاندید بۆ چوار کورسی دانراوە، لە بازنەی دوو ١٦ کاندید کێبڕکێ لەسەر سێ کورسی دەکەن، لە بازنەی سێ کە پارێزگای هەڵەبجەیە ٨ کاندید بۆ سێ کورسی، لە بازنەی چواری ڕانیە ١١ کاندید بۆ چوار کورسی، لە بازنەی پێنجی گەرمیان ١٥ کاندید بۆ چوار کورسی کێبڕکێ دەکەن.
پاش پڕۆسەی دیاریکردنی ژمارەی کاندیدەکان، ئامانج عەزیز بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٣٦٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ٧٩٪ی دەنگدەران تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە، لەپاش پەسەندکردنی ژمارەی کاندیدەکانیش لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاتی بانگەشە دیاریدەکرێت، ئەو هاوڵاتیانەشی کارتی دەنگدانیان نوێ نەکردووەتەوە دەتوانن بە کارتە کۆنەکە دەنگ بدەن.
بڕیارە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرانسەری وڵات بەڕێوەبچێت و لە سلێمانی كاندیدەكان بۆ ١٨ كورسی، لە كەركوك بۆ ١٣ كورسی، لە هەولێر بۆ ١٥ كورسی و لە دهۆك بۆ ١٢ كورسی کێبڕكێ دەكەن