پارێزبەندی لە سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە سەندرایەوە
پارێزبەندی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" هەڵگیراو پەرلەمانتارانی هەدەپە ئەو بڕیارەیان شەرمەزارکرد و کۆبوونەوەی گشتیان بەجێهێشت. ناوەندی هەواڵ
پارێزبەندی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" هەڵگیراو پەرلەمانتارانی هەدەپە ئەو بڕیارەیان شەرمەزارکرد و کۆبوونەوەی گشتیان بەجێهێشت.
ناوەندی هەواڵ
لە دەستەى گشتیی پەرلەمانی تورکیادا بابەتی لێسەندنەوە و زەوتکردنی پارێزبەندیی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە خرایە بەرنامەى کارەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا، هاوسەرۆکانی هەدەپە پەروین بووڵدان و میدحەت سانجار بەشداری کۆبوونەوەی دەستەى گشتیی پەرلەمانی تورکیایان کردو ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە ماوەى سێ کاتژمێر بەرگریی لە سەمرا گوزەل کرد.
دوای گفتوگۆکان و بەرگرییەکان، سکاڵای یەکەم لەسەر سەمرا گوزەل خرایە دەنگدانەوە و ٣١٣ پەرلەمانتاری تورکیا بە بەڵێ دەنگیان پێدا و ٥٢ پەرلەمانتاریش لە دژی بوون و بە نەخێر دەنگیان پێدا.
بڕیارەکە شەرمەزار کرا
لە دەنگدانی دووەم لەسەر سکاڵایەکی تر لە دژی سەمرا گوزەل، ٣٢٧ پەرلەمانتار بە بەڵێ و ٥٢ پەرلەمانتاری تریش بە نەخێر دەنگیان دا، دوای ئەوە پەرلەمانتارانی هەدەپە بڕیارەکەیان شەرمەزار کردو وەک ناڕەزایەتی کۆبوونەوەى دەستەى گشتیی پەرلەمانیان جێهێشت.
قۆناغی دادگایی کردن دەست پێدەکات
دوای زەوتکردن و هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە، دۆسیەکەی ڕەوانەی وەزارەتی داد دەکرێت، دوای ئەوەش وەزارەتەکە دۆسیەکە ڕەوانەی لای داواکاری گشتی دەکات و پرۆسەی دادگایکردن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو پەلەمانتارەى هەدەپەدا بەڕێوە دەچێت.