"پاراستنی دەستکەوتەکان لەڕێگەی خۆپاراستن مسۆگەرە"

دەستینا حەلەب، ئەندامی کۆنسەی سەربازی یەپەژە، ڕایگەیاند بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازاد مەیدانی سەربازی فراوانتر و بەهێزتر دەبێت، کە نمونەی بەرخۆدانی مێژوویی یەپەژەیە، بەبێ پاراستن کەس ناتوانێت ژیانێکی بە کەرامەت و ئازادانە بژی.

 ڕۆنیدا حاجی

 

 حەسەکە - دووەمین ڕاوێژی ژنان، بە دروشمی "بە پاڵپشتی ژنان، سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" لە گەڕەکی خوێران لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جزیرە بە بەشداری سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان، و  پارتەکان و پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ژنانی ڕۆشنبیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو،  لە میانەی ڕاوێژکارییەکەدا، ئەو ژنانە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە 'سووریای نوێ'  و چەتەکانی هەتەشە  دەربڕی و ڕایانگەیاند کە دەستبەرداری ئەو دەستکەوتانە نابن کە لە ماوەی ١٣ ساڵی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدەستیان هێناوە.

 

"ژنان پاراستن وەک بنەمایەک وەردەگرن بۆ گەیشتن بە هێڵی ئازادی"

 دەستینا حەلەب، ئەندامی کۆنسەری سەربازی یەپەژە کە بەشداری ڕاوێژی ژنانی کرد، ڕایگەیاند کە پاراستنی ژنان هەوێنی ژیانێکی ئازادەو خەباتە، هەروەها بەرخۆدانی ژنان لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ئەمڕۆ ژنان لە هەموو بوارێکدا پارێزگاری دەکەنە بنەمایەک بۆ گەیشتن بە ئازادی، وتی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان رووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە، بۆیە هەموو ژنێک دەتوانێت خۆی بپارێزێت، هەموو ژنێک دەتوانێت بە پێنووس و چەکێک بە دەستیەوە خۆی بپارێزێت، بەرگری نەک تەنها لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکو لە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤدا شتێکی بنەڕەتییە.

 

"کەس ناتوانێت نکۆڵی لە بەرخۆدانی مێژوویی یەپەژە بکات"

 دەستینا حەلەب سەرنجی بۆ بەرخۆدان و شەڕی مێژوویی ڕاکێشا کە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان  "یەپەژە" ئەنجامیان داوە و بەم جۆرە بەردەوامی بە وتەکانی دا: کەس ناتوانێت ژن لە مەیدانی سەربازی دوور بخاتەوە، لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان لە بواری سەربازیدا خۆیان جیا دەکردەوە، یەپەژە شەڕی لەگەڵ گروپە چەتە دڕندەکان کرد،ژنان لە کەسایەتی یەپەژەدا هێز و ئیرادە و ڕاستی خۆیان نیشان دا، کەس ناتوانێت قارەمانێتی یەپەژە پشتگوێ بخات، چونکە خەبات و قوربانیدانی یەپەژە لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە، ئێمە ناڵێین ژنان دەتوانن لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵ بگێڕن، چونکە ژنان پێشتر ڕۆڵی خۆیان بینیووە، یەپەژە شەڕی تاکەکان ناکات، شەڕی ئەو عەقڵیەتە دەکات کە بووەتە هۆی چەوساندنەوە و کۆیلەکردنی ژنان، ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئەم هێرشانە دژی هێڵی پاراستن ئەنجام دەدرێن.

 

"بەرخۆدانی مێژوویی لە بەنداوی قەرەقۆزاغ بەردەوامە"

 دەستینا داوای هاوپشتی ژنانی لەگەڵ هەموو ژنانی سووریا کردو ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆسەی ڕێکخستنی ژنان لە بواری پاراستندا بنچینەییە، و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون لە ڕێگەی ئیرادەی ژنانی ئازاد و ڕۆڵی ئەوانەوە بەدەست هاتوون لە بواری سەربازیدا، لە هەمانکاتدا ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەپەژە ماوەی٣٠  ڕۆژە خەبات و بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی هێرشەکان ئەنجام دەدات، دەبینین وەزیری بەرگری سووریا لێدوان دەدات و دەڵێت نابێت ڕێگە بە ژنان بدرێت خزمەتی سەربازی بکەن، ئێمە ڕەخنە لەو لێدوان و بڕیارانە دەگرین و بە هێرش بۆ سەر دەستکەوت و دەسەڵاتی ژنان دەیانبینین، پەیامی ئێمە ئەمەیە، "بوارێک کە ژنان تێیدا سەرکردە نەبن، ناڕووخێت،  سیستمێک کە ژنان هاوسەرۆک نەبێت تێیدا، دەڕووخێت"، بۆیە بوونی ژنان لە هەموو بوارێکدا سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، بە تایبەتی بواری پاراستن، چونکە پاراستن تایبەتمەندییەکە کە لەناو هەموو زیندەوەراندا بوونی هەیە و بەبێ ئەو ژیان بوونی نییە.