"یاسا و دەسەڵات هۆکارن بۆ توندوتیژی و پاڵنەری کوشتنی ژنانن"

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری دۆخی ژنانی چوار پارچەی کوردستان بەردەوامە و باس لە هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران و ڕۆڵی یاسا و کلتور لە ناسنامەی ژندا دەکرێت.

سلێمانی

 

پانێڵی یەکەمی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ژنان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و پانێڵەکە لەلایەن مژدە عەباس بەڕێوەبرا.

 

بابەتی یەکەم سەبارەت بە توندوتیژی و گرتنی ژنان بەهۆی دەسەڵاتی سیاسییەوە لەلایەن سروە ناسری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەشکرا و باسی لەوەکرد کە ژنان لە وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی سیاسەتەوە دەچەوسێنرێنەوە، منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا بەشوو دەدرێن و ژنان ڕووبەڕووی دۆخی سەخت دەبنەوە بەهۆی بێکارییەوە.

 

سروە ناسری کۆمەڵێک ئاماری سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان خستەڕوو کە کۆی توندوتیژییەکان ٪٩٠ زیاتر بوو، کە توندوتیژییەکان خۆی لە جەستەیی، دەرونی و کوشتنی ژنان دەبینێتەوە، هەروەها هاوسەرگیری منداڵان یەکێکی دیکەیە لەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، سروە ناسری ئاماری ناوەندی ئاماری ئێرانی خستەڕوو بۆ ساڵی ٢٠٢١، بە پێی ئەو ئامارە، ٨٠١٨٧ ژن ئازاری جەستەیی دەدرێت، بە پێی ئیدارەی نفوسی ئێران هاوسەرگیری منداڵان لە ٦ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا ٧٩١ هاوسەرگیری کراوە، وتیشی "ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئاینی ئیسلام تەمەنی هاوسەرگیری ٩ ساڵ و بە پێی یاساش ١٨ ساڵە، هاوسەرگیری منداڵان پێشێلی مافی مرۆڤە و لە دواتردا کارەساتی گەورەتری بەدوادا دێت."

 

 بابەتی دووەم لەلایەن شەوبۆ مستەفا عەسکەری، ئەندامی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لە باشوری کوردستان سەبارەت بە ڕۆڵی یاسا و کلتور لە ناسنامەی ژندا، پێشکەشکرا و باسی لەوەکرد کلتوری کوردی پێگەی زۆری داوەتە ژنان، لە کۆندا خانەکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەبرا و بە کۆی دەنگ ژن هەڵدەبژێردرا بۆ پێشەنگایەتیکرد، بەڵام ئێستا کلتوری کوردی شێوێندراوە و ژنان بە هۆکاری جیاواز ڕەنگ و دەنگیان کپ دەکرێت و ڕووبەرووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە.

 

لە کۆتایشدا وتی هۆکارەکانی بێدەنگی ژنان لەسەر توندوتیژییەکان بریتین لە ئەقڵیەتی عەشایەری و نەوێرانی ژنان کە قسە بکەن، نەبوونی یاسای پێویست و ڕۆتیناتی دادگاکان کە بە شێوەیەکی باش کەیسەکان کاری لەسەر ناکرێت، هەر ئەمەش وایکردووە ئامارەکان لەم ماوەیەی کۆتایدا هەڵکشانی ترسناکی بەخۆوە بینوە، "ئەو دەنگەی ئێمە کە هەر ئیدانەی کوشتن و توندوتیژی ژنان دەکەین بەس نییە و پێویستە هەموومان وەک ڕێکخراوەکان و ژنان پێکەوە کاربکەین تا ئەم واقعەی ئێستا کۆتایی پێبهێنین".

 

ئایشە ئاجار باشاران، ئەندامی هەدەپە لە باکوری کوردستان بابەتی سێیەمی پانێڵەکەی پێشکەشکرد لە بارەی "ڕەوشی ژنان لە ژێر فشارە سیاسییەکاندا"، باسی لەوەکرد ئەقڵیەتی پیاوسالاری و داگیرکاری و نەتەوە-دەوڵەت هۆکارن بۆ کۆمەڵکوژی ژنان، هەروەها دابونەریت لەسەر یاسای دەوڵەت و یاساکان ڕێگری لە ژنان دەکات، "سەرۆکی تورکیا لە وتارەکانیدا دەڵێت ژن و پیاو وەک یەک نییە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی دەسەڵاتی پیاو لەناو کۆمەڵگەدا زیاد ببێت و کوشتنی ژنان زیاد دەبێت".

 

ئایشە ئاجار باشاران ئاماری کوشتنی ژنانی خستەڕوو، کە ٣٣٩ ژن کوژراون تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا و ٢١٧ ژنیش بە گوماناوی کوژراون، تەنها لە ماوەی ساڵی ئەمساڵیشدا ٤٩ ژن لەلایەن پیاوەوە کوژران، "دەوڵەت دەیەوێت دوژمنایەتی دژ بە ژنان دروستبکەن و کۆمەڵگە بێدەنگ بکەن، بەڵام لەماوەی چەند ساڵەدا دەستکەوت و تێکۆشانی ژنان دژ بە توندوتیژییەکان زیادی کرد، بەو هۆیەشەوە دەوڵەت هێرشی کردە سەر ڕێکخراوەکان و دەرگای زۆرێک لە ڕێکخراوەکانیان داخست، بەمەش توندوتیژی سەر ژنان زیادی کرد، چونکە ناوەندیک نەبوو کە ژنان ڕووی تێبکەن و خۆیان بپارێزن، دەسەڵاتی تورکیاش بکوژ دەپارێزێت و کەمترین سزای بکوژ دەدات".

 

پانێڵی دووەمی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ژنان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان بە گفتوگۆ بەردەوامە، بڕیارە دواتر کلیپی "لەسەر بەردە نووسێک" نمایش بکرێت و پانێڵی دووەم سەبارەت بە "دۆخی ژنان لەژێر داگیرکاریدا"، دۆخی ژنان ئیزدی لە واقعی ئێستادا"پێشكەش بکرێت.

ت.پ