هەڵمەتی واژۆی نێودەوڵەتی بۆ مافی هیواو هەڵگرتنی گۆشەگیری دەستیپێکرد
کۆمیتەی نێودەوڵەتی پاراستنی "مافی هیوا" و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان داوا دەکەن دەستبەجێ کۆتایی بەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە بهێنرێت و بۆ جێبەجێکردنی 'مافی هیوا' هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوەی دەستپێکرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی نێودەوڵەتی پاراستنی "مافی هیوا" و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ جێبەجێکردنی 'مافی هیوا' هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوەی دەستپێکردو چەندین سیاسەتمەدار، ئەکادیمیست، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی وڵاتانی جیواز بەشداری بوون، لە ماوەیەکی کورتدا گەشتە زیاتر لە ٥٠٠ واژۆ. کۆمیتەکە بەم پشتگیرییە بەهێزە داواکارییەکانی خۆی گەیاندە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و ڕای گشتی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتێکدا کە شەڕ، فشار و دۆخی نادڵنیایی لە جیهاندا هەیە، بێدەنگی بە مانای هاوکاری لە نادادپەروەریدا دێت.
کۆمیتەکە بەبیری هێنایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ەوە لە ئیمراڵی زیندانیکراوە و ئەم دۆخە تەنها دۆخێکی زیندانیکردن نییە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەمە بە مانای "لەناوبردنی دەرفەتی گۆڕانکاری، دیالۆگ و هیوا" دێت، ئیمراڵی ئیدی تەنها زیندان نییە، بووە بە سیمبولی دەستبەسەرداگرتنی 'مافی هیوا'.
کۆمیتەکە ئاماژەی بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و میکانیزمە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ کرد و ڕایگەیاند کە 'مافی هیوا' مافێکی گەردوونییە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت مرۆڤ لە هیوای ئازادی، لە دەرفەتی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی چارەنووس و دیالۆگ بێبەش بکات.
کۆمیتەکە بەم سێ ناونیشانە داواکارییەکانی خۆی دەربڕی:
دەبێت گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ هەڵبگیرێت، هەلومەرجی بۆ درووست بکرێت کە لەگەڵ بنەماڵەکەی، پارێزەران و شاندە نێونەتەوەییەکان کۆببێتەوە.
پێویستە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمەکە پڕۆسەی دیالۆگی یەکسان و هەمیشەیی دەستپێبکرێت.
پێویستە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کۆتایی بە بێدەنگی خۆیان بهێنن و هەنگاوی کۆنکرێتی و یەکلاکەرەوە بنێن.
ئەم هەنگاوە تەنها یاسایی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی مێژوویی و سیاسیشە.
"کردنەوەی دەرگاکانی ئیمراڵی هەنگاوێکی مێژووییە"
کۆمیتەکە ئاماژەی بەوەدا، کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری لەسەر ئیمراڵی زۆر گرنگە بۆ شکاندنی توندوتیژی و بنیاتنانەوەی متمانەی نێوان گەلان، هەروەها ڕایگەیاند، کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەڕانەوەی سیاسەت بۆ سەر زەمینەی دیالۆگ و پێناسەکردنی 'هیوا'دەبێتە خاوەن مانایەکی مێژوویی گرنگ.
کۆمیتەکە ڕایگەیاند، ئەم بانگەوازە بە کەمپینی واژۆکردنەوە بەهێزتر بووە، پێشکەش بە یەکێتیی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.
ڕاگەیاندراوەکە لە ١٨ـی ئاداری ٢٠٢٦ بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە.
کەمپینی واژۆکە لەسەر ئەم ناونیشانە بەردەوامە.