ڕێپاک: ئێمە بە تێکۆشان هەموو ڕۆژێک دەکەینە ٢٥ی تشرینی دووەم
ڕێپاک تایبەت بە ٢٥ی تشرینی دووەم دەڵێت: هەموو ئەو ژنانەمان لەبیرە کە بوونەتە قوربانیی زوڵم و دڕندەیی سیستمی پیاوسالاری و دەڵێین هەرگیز ئێوە لەبیر ناکەین، تۆڵەی ئێوە بە بنیاتنانی جیهانێک و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی دەکەینەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد "ڕێپاک" بە نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەندراوێکی بلاوکردەوەو تییدا هاتووە: لەم ڕۆژە جیهانییەی خەبات دژی توندوتیژی دژی ژنان، هەموو ئەو ژنانەمان لەبیرە کە بوونەتە قوربانیی زوڵم و دڕندەیی سیستەمی پیاوسالاری و دەڵێین هەرگیز ئێوە لەبیر ناکەین، تۆڵەی ئێوە بە بنیاتنانی جیهانێک و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی دەکەینەوە، توندوتیژی، دیاردەیەکی دور لە مرۆڤایەتییە، دەبینین ئەمڕۆ توندوتیژی بە چەندین جۆر و شێوازی جیاواز و سیستەماتیک دژی ژنان و کۆمەڵگە و سروشت ئەنجام دەدرێت. هاوکات توندوتیژی کولتوری بەرهەمی دەسەڵاتە. لەوسۆنگەیەوە لە هەرشوێنێک دەسەڵات هەبێت، توندوتیژی بە شێوەیەکی سروشتی ڕوودەدات. چونکە سەرچاوەی خودی دەسەڵات توندوتیژییە. ئەوەشمان لە بیر نەچێت توندوتیژی زۆر جۆری جیاوازی هەیەوە لەوانە، جەستەیی، دەروونی، سیاسی، ئابووری، هزری، دیجیتاڵی، چاندی و سەدان جۆری تر. هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بۆ خزمەتی دەسەڵات پەرەی پێدەدرێت. بۆیە ڕووداوەکانی توندوتیژی تەنیا لە کوشتنی خوشکانی میرابال یاخود "سێ پەپوولە" دەستی پێنەکردووە. بەڵکو ئەو سێ پەپولە بوونە هێمای بەرخۆدان و هەوێنی بونیاتنانی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان. لە سەردەمی بونیاتنانی سیستەمی پیاوسالاری تا ڕۆژی ئەمڕۆ، ژنان هیچ کات بەبێ نەبوونی توندوتیژی نە ژیاوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی ئەم سیستەمە پیاوسالارییە هۆکار و دەرئەنجامی هەموو جینۆسایدەکانە. ئێمەی ژنان زۆرترین قوربانی ئەم جینۆسایدانەین. ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا هێرش دەکرێتە سەر ژنان تا ڕادەی کوشتن و کۆمەڵکوژکردن. ئەو واقیعەی کە ژنان لە جیهاندا دەژین، فێمینیزمە. لە هەموو کیشوەرەکاندا ژنان دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن و دەست بەسەر کارەکانیان دادەگیرێت بەبێ گوێدانە پێگە و ڕەنگ و تەمەن و زمان. پیاوان کوشتن و داگیرکردنی ژنان بە ڕەوادەبینن. کولتوری پیاوسالاری ژنان وەک مرۆڤ نابینێت، ژن بە بێ نرخ دەبینێت و بوونی ژن تەنها لە خزمەتکردنی پیاودا سنووردار دەکات. تەختی دەسەڵاتی پیاو - دەوڵەت - لەسەر کۆیلایەتی ژن بنیات نراوە. ئەم سیستەمە ستەمکارە زۆر باش دەزانێت کە ئەگەر ژێرپێ بخرێت، دەڕووخێت. بۆیە سیاسەت، یاسا، زانست، پێگەی سەربازی، ئاسایش، قوتابخانە، فێرگە، یاریگا، هونەر، میدیا، مۆدە، ئایین، خێزان، ڕیکلام، هەموو شتێک پاڵپشتی ئەم سیستەمە پیاوسالارییە دەکات. سیستەمی دەوڵەت سیستەمێکی پیاوسالارییە، واتە ڕەگەزگەراییە. هەروەها خانەی بچووکی دەسەڵات، خێزان، ئەو شوێنەیە کە سێکسیزمی تاکگەرایی فێری تاکەکان دەکات و زیاتری دەکات.
" لە عێراق، لە سەرەتای ساڵدا، لە ژێر ناوی 'یاسای کەسایەتی'، مافە یاساییەکانی ژنان لێسەندرایەوە"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمەی ژنان لە ئەمساڵدا لە هەموو شوێنێکی جیهان تووشی توندوتیژی بووین. لە شەڕی فەلەستین و غەززە، لە سوریا، کۆمەڵکوژییەکانی ناوچەی ساحل و سوەیدە، لە سودان، قوربانییەکان زۆرتر ژن و منداڵ بوون. لە ئێران ئەمساڵ ٧٠٤ ژن لە سێدارە دراون. دەیان هەزار ژن بە هۆی تێڕوانینی سیاسییەوە لە زیندانەکانی تورکیا تووشی کردەوەی نامرۆڤانە بوون. وە ژنان بەبێ پچڕان لەلایەن پیاو و خێزان و خزم و ناسیاوەکان دەکوژران. بێکاری و کۆچ و هەژاری زۆرترین کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان هەبووە. کوشتنی ژن بە ناوی شەرەفەوە ڕەوا و هاندەرانە مەترسیدارترین هۆکار بوو بۆ زیادبوونی توندتیژی. لە عێراق، لە سەرەتای ساڵدا، لە ژێر ناوی 'یاسای کەسایەتی'، مافە یاساییەکانی ژنان لێسەندرایەوە. ڕێگا بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە و فرەژنی کرایەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ەوە، ئەمڕۆ چووینە ناو ساڵی ٦٥ی کوشتنی خوشکانی میرابال، پاتریا-مینێرڤا-ماریا. بەڵام بەداخەوە خوشکەکانمان، منداڵەکانمان بەبێ هیچ سنوورێک دەکوژرێن. ژمارەی کوژراوانی خوشکەکانمان کەمتر نییە لە ژمارەی کوژراوانی شەڕەکانی دەوڵەت. ئەمە چارەنووس نییە و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت وامان لێبکات ئەمە قبوڵ بکەین. ئێمە زۆر باش دەزانین هیچ ژنێک بەبێ هۆکار کۆتایی بە ژیانی خۆی ناهێنێت و هیچ ژنێک ئاگری لەخۆی بەرنادات. وە بە ڕێکەوت نییە کە ئەوەندە ڕووداوی وەک مردن و خۆکوشتنی ژنان ڕوو بدەن. بەڵام ئەم ڕووداوانە بە ئەنقەست پەردەپۆش دەکرێن، زۆرجار ڕاستییەکان دەشێوێنرێن یان هەرگیز وەک ڕووداوێکی ڕێکوپێک ناخرێنە بەرنامەی کارەوە. زۆرجار بکوژەکان بەم شێوازانە دەپارێزرێن و دادگایی ناکرێن و بە ئازادی دەسوڕێنەوە. بەڵام ئێمە دەڵێین کوشتنی ژن سیاسییە. بۆیە دەبێت خەباتێکی ڕیشەیی لە دژی سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالاری بکرێ. ئەمڕۆ توندوتیژی بووەتە بەشێکی بەربڵاوی ژیانمان. بۆ ئەوەش ئێمەی ژنان نابێت خەباتمان تەنها لە یەک ڕۆژدا سنوردار بکەین. بەڵکو پێویستە لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەردەوام بین لە خەباتی خۆمان دژی توندوتیژی. بۆ ئەوەی خەباتمان کاریگەر بێت، ئێمەی ژنان دەبێ ت خۆمان بەرێکخستن بکەین. ڕێکخراوی پاراستن دروست بکەین، چونکە ڕێکخراوەکانی ژنان گەورەترین پاراستن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش وەک ڕێپاک بانگەوازیمان ئەوەیە وەرن با هەموو ڕۆژەکان وەک ٢٥ی تشرینی دووەم بکەینە ڕۆژی خەبات و خۆڕاگری و پاراستن. با جیهانێکی بێ توندوتیژی و ئارام و ئازاد بە ئیرادە و زانست و ڕێکخستنی ژنان بنیات بنێین.