خۆپیشاندان لە سوەیدا بەردەوامە: هەنگاو بۆ دواوە نانێین

ماوەی سێ مانگە خۆپیشاندانەکانی سوەیدا بەردەوامە و ئەو ژنانەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە ڕایانگەیاند بەردەوام دەبن هەتا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێ

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- خۆپیشاندانەکانی گەل لە پارێزگای سوەیدای سووریا بەردەوامە، کە دانیشتوانی دروزی تێیدا دەژین، سەدان کەس لە گۆڕەپانی کەرەمە لە ٨ی تشرینی دووەم لە سێیەم مانگی خۆپیشاندانەکانی سوەیدا کۆبوونەوە و داوای مافەکانیان کرد.

 

تەخرید ئەلبەسیت، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان، وتی: هەتا ئەو کاتەی خەڵک دەگەنە ئازادی خۆیان، دەبێت کۆببنەوە و بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان، چەندین حاڵەتی دزی و ڕفاندن لێرە هەبووە و ژنان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بۆ ئازادی خۆیان تێکۆشانیان کردووە. دەسەڵاتی ئەسەد سەد ساڵ ئێمەی گەڕاندەوە دواوە، خەڵک لەم وڵاتەوە کۆچ دەکەن لە هەر ماڵێکدا سێ یان چوار کەس لە دەرەوەی وڵاتن.

 

"دەبێت مافی خۆمان هەبێت"

ژنێک بە ناوی مانال نادر وتی: پێش سێ مانگ جوڵەمان دەستپێکرد و ئازادی ڕادەربڕین هەیە و خەڵک خۆیان پاراستووە، چونکە گۆڕینی ئاشتیانەی دەسەڵات یەکەم و دوا ئاواتمانە، بەردەوام دەبین لە هەڵوێستی خۆمان و دەبێت بچینە گۆڕەپانەکان و داوای مافەکانمان بکەین بۆ ئەوەی بگەینە بەڵێنەکەمان هەتا سەربەخۆیی سیاسی بەدی دێت و ڕژێم تێکدەشکێنرێت.

 

"دادپەروەری بۆ هەموومانە"

سەحەر جەریرا، خۆپیشاندەر وتی: کاتێک شکست لە بارودۆخی ژیان و بێبەشکردنی ماف و پێداویستییەکانی مرۆڤ هەیە، کاردانەوە و ناڕەزایەتی خەڵک شتێکی سروشتییە کە لە نادادپەروەری و ستەم ڕزگاری ببێت، پێویستە بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێنەرایەتی هەموو هەرێمەکە بکات و چالاکی ژنان ڕوون بێت، چونکە ژنان بنەمای بنیادنانی کۆمەڵگەن و ڕۆڵێکی کاریگەر و بنەڕەتییان هەیە لە بزووتنەوەکەدا، دادپەروەری بۆ هەموومانە.