نزیکەی ٢٦ هەزار خۆپیشاندەر لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بریندارکراون

ڕێکخراوی هەرانا بڵاوی کردەوە، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێراندا زیاتر لە ٥٣ هەزار خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و نزیکەی ٢٦ هەزار خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکراوان و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیراندا، تا ئێستا، حەوت هەزار و پێنج کەس کوژراون و ٥٣ هەزار و ١٦٦ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ٢٥ هەزار و ٨٤٥ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکاندا شەش هەزار و ٥٠٦  کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا  ٢١٩ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٦٦ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون کوژراون، جگە لەوەش ١٣٦ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٥١ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٣٧ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.