نیلوفەر هاجیان بە کەفالەت ئازاد کرا
نیلوفەر هاجیان، پاڵەوانی کیک بۆکسێن و چالاکوانی مافی ژنان بە کەفالەتی کاتی ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەم، نیلوفەر حاجییان، پاڵەوانی کیک بۆکسێن، ناوبژیوان، ڕاهێنەری فەرمی و وەرزشکاری موای تای و جیو جیتسو،دوای ٦٦ ڕۆژ زیندانی بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازادکرا.
نیلوفەر حاجییان لە ٢ی ئاب دەستگیرکرا و ماوەیەکی زۆر بوو بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێکیان نەبیستبوو.
نیلوفەر حاجییان لە ساڵی ١٩٨٠ لە تاران لەدایکبووە، پاڵەوانی کیک بۆکسینگی ٦٠ کیلۆگرامی ئێرانە، ناوبژیوان و ڕاهێنەری فەرمی کیک بۆکسینگ و وەرزشکاری موای تای، جیو جیتسو و ئێم ئێم ئەیە. ماوەیەکی زۆری لە دەرەوەی وڵات بۆ مەشق و ڕاهێنان بەسەر بردووە، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران بەردەوام بووە لە ژیانێکی سەربەخۆ.
بە وتەی هاوڕێکانی نیلوفەر بۆ ئێران گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ژنان مافی سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەکەیاندا هەیە کە دەوڵەت و بنەماڵەیەکی ستەمکاریش ناتوانن لێی بسەننەوە.
بە وتەی کەسوکارەکەی، نیلوفەر حاجییان پێش دەستگیرکردنی بە هاوڕێکانی وتووە: ئەگەر بۆ ماوەی دوو هەفتە هیچ شتێکم لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەمدا بڵاو نەکردوە، بزانن کە دەستگیرکراوم و ڕاپۆرت بدەن.
نیلوفەر حاجییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" تۆمەتبار کرا. دوای ئازادکردنی، دۆسیەیەکی نوێ لە دژی کرایەوە و بانگهێشتی کرا بۆ ئەوەی شایەتحاڵی بدات، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک خۆی حەشاردا، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ بۆ ماوەی دوو هەفتە دەستگیرکرا و جارێکی دیکە بە کەفالەت ئازادکرا.
سەرەڕای ئەمەش ڕۆژانە بەردەوام بوو لە پۆستەکانی لە ئینستاگرام.