نیلگون مەتە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر حسابی گەل سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە

نیلگون مەتە، ڕۆژنامەنووس، دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی جێبەجێکردنی پلانی "ئیسرائیلی گەورە" دەدەن، هەربۆیە هەمووان بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە کورد و دروز و عەلەوی و گروپەکانی دیکەی سووریا دەکەنە ئامانج.

بنەڤش ستێرک

 

ئامەد- لە ٥و ٦ی کانوونی دووەم، جیهادییەکانی هەتەشە هێرشیان کردە سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، بەڵام دانیشتووانەکە بە هاودەنگی و بەخودانێکی بەرچاو ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە بوونەتەوە.

 

لەبەرامبەردا زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگ بوون لە بەرامبەر ئەوەی ڕوویدا، ئەمەش کوردی توڕەکرد، لە کاتێکدا چەند لایەنێک ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستە دەربڕی، لە نێو ئەو دەنگانەی کە بەرزبوونەوە، نیلگون مەتە، ڕۆژنامەنووسی تورکمان و عەلەوی بوو، کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە ژمارەیەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی و ئاژانسەکانی هەواڵ وەک پێشکەشکار و سەرنووسەری هەواڵ کاری کردووە.

 

"ئیمپریالیزم مرۆڤەکان پاڵدەنێت بۆ شەڕکردن لە نێوان خۆیاندا''

نیلگون مەتەکە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە کورد و عەلەوی و دروز و پێکهاتەکانی دیکەی کردە ئامانج، ڕاستییەکی زۆر توند ئاشکرا دەکەن: ''لە سووریا کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان ئەنجام دەدرێت، کە لەلایەن گروپە سەلەفییەکان و هەتەشەوە ئەنجامدەدرێت و ئەوان هەرگیز ناوەستن، هەروەها هەموومان دەزانین شەڕ و ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکان  ئەمریکا و ئیسرائیل دروستدەکرێت،  لە هەمان کاتدا گەلان بەرەو شەڕ لەگەڵ یەکتردا دەبرێن، پێدەچێت خوێن و کاولکاری ئەم ناوچەیە بەجێنەهێڵێت''.

 

نیلگون مەتە ڕووداوەکانی ئەو ناوچەیەی بەبیرهێنایەوە کە ناسراوە"بەهاری عەرەبی"، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم قۆناغە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بۆ سووریا درێژبووەتەوە، ڕوونیشیکردەوە کە ئیسرائیل پڕۆژەی تایبەتی خۆی هەیە، کە بە "پڕۆژەی گەورەی ئیسرائیل" وەسفی کردووە، هەروەها "ئەمریکا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و بە قەبارەیەکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەجوڵێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر سووریا یان بۆ سەر وڵاتانی دیکەی عەرەبی لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدایە، وتیشی: ''بە واتایەکی تر نەخشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشرێنەوە، کە وڵاتانی عەرەبی بەسەر قەوارەی بچووکتردا دابەشدەکرێن، ئەمەش بەردەوامیی ململانێکان و شەڕەکان ڕوون دەکاتەوە، ئەمڕۆش لە دڵی ئەو ململانێ و کۆمەڵکوژیانەدا، ژنان و منداڵان زۆرترین گروپی زیانبەرکەوتوون''.

 

"ئەمریکا و ئیسرائیل هەتەشەیان ڕێکخست"

نیلگون مەتە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١١ی وەبیرهێنایەوە، کە هێرش بۆ سەر سووریا لەلایەن گروپەکانی پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد، وتی: "چ کارەساتێک بوو!، دروزەکان کرانە ئامانج، ئێزیدییەکان کرانە ئامانج، عەلەوییەکانیش کوژران، ئێمە دەزانین کە هەزاران ژنی ئێزیدی ئاوارەبوون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و کراون بە کۆیلە و بڕیاری نامرۆڤانەیان بەسەردا سەپێنراوە، گومانی تێدا نییە کە ژنانی عەلەوییش ڕووبەڕووی ئاوارەبوون بوونەتەوە و ئەم دیمەنە تا ئەمڕۆش بەردەوامە".

 

ڕوونی کردەوە، کە ئەو قۆناغە بە تایبەتی عەلەوییەکانی کردە ئامانج بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە ئەسەد، هەروەها گرووپە ئیسلامی و جیهادییەکان بە پشتیوانی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، زۆرێکیان تەنها لەبەر ئەوەی عەلەوی بوون کوژران، ئەمڕۆ کە سەیری ڕاستی دەکەین، ڕووخانی ئەسەد و سەرهەڵدانی جیهادیەکانی هەتەشە بۆ دەسەڵات، کە بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێکخرابوو، بووە هۆی ئاژاوەگێڕییەکی تەواو و ئاژاوەکان خراپتر بوون و کۆمەڵکوژییەکان توندتر بوون، بە واتایەکی تر کاتێک هەتەشە هاتە سەر دەسەڵات و ئەسەد کەوتە خوارەوە، کۆمەڵگەی عەلەوییەکان بە باشی ئاگاداری ئەوە بوون کە کۆمەڵکوژی دژی ئەوان ئەنجام دەدرێت''.

 

"عەلەوییەکان لە سووریا بە گۆشەگیری دەژین"

نیلگون مەتە ئاماژەی بەوەدا، کە عەلەوییەکان لە سووریا هێشتا لە گۆشەگیرییەکی گەورەدا دەژین، جەختیشی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنیان لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە جیهادییەکانی هەتەشە دەسەڵاتیان گرتە دەست، لەو کاتەشەوە ئیسرائیل بەشێک لە سووریای داگیرکردووە، هەروەها ''لازقیە کە ژمارەیەکی زۆر عەلەویی تێدایە، شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی خوێناوی بووە''.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە گوند و شارەکاندا، ئەو ژنانەی دەچنە سەر کارەکانیان، هەروەها ئەو عەلەوییانەی کە بەردەوامن لە کارەکانیان، تووشی ئاوارەبوون و کوشتن دەبن، گەنجان و پیاوان و منداڵەکان تەنها لەبەر ئەوەی عەلەوین دەکوژرێن، هەروەها ئەو کەسانە بەهۆی باوەڕی عەلەوییانەوە قڕ دەکرێن، گومانی تێدا نییە کە کوردەکانیش ئامانجێک بوون، لە ساڵی ٢٠١١ەوە کورد لەو ناوچەیە کەوتۆتە بەر ئامانجگرتن، لە کۆبانێ کوردەکان شەڕی زۆریان کرد و ژنانیش ئامانجێکی ڕاستەوخۆ بوون و ئەمڕۆ ش لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتی لە کۆبانێ سیستەمێکی جیاواز سەریهەڵداوە، کە ژیانێکی دەوڵەمەندتر و هەمەچەشنتریان هەیە''.

 

"جۆلانی کە بە تیرۆریست وەسف کرابوو، ئێستا لە پۆستی سەرکردایەتیدایە"

دووپاتی کردەوە کە وەزیری دەرەوەی سووریا و باقی وەزیرەکان هەموویان سەر بە گروپە جیهادییەکانن، "ئەوان گروپێکن بە ڕۆحێکی ترسناکەوە شەڕ دەکەن و خەڵک دەکوژن، لەگەڵ ئەوەشدا بوونە وەزیر لە حکومەتدا، جۆلانی کە لە سەرانسەری جیهاندا وەک تیرۆریست و بکوژێکی خوێنڕێژ داواکرابوو، لە پۆستێکی سەرکردایەتیدا دانرا".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل و سووریا دوژمنی لەمێژینەن و هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان نییە، هەروەها گومانی تێدا نییە نزیکبوونەوەی ئەسەد لە ئێران و حیزبوڵا لە لوبنان ئیسرائیلی توڕە کرد، سووریاش بە تەواوی ڕەتیکردەوە هیچ جۆرە ئیمتیازێک لەم بابەتەدا بکات، هەروەها بۆ ماوەی پەنجا ساڵە و لەگەڵ ڕووخانی ئەسەدیش، ئیسرائیل بووەتە ئامادەیی لە سووریا، ئیسرائیل پلانی ڕوون و ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە، کە بریتییە لە فراوانکردنی خاک و سنوورەکانی بۆ ئەوەی ببێتە ئیسرائیلی گەورە، ئەمەش دڵنیایە و بۆ بەدەستهێنانی دەبێت وڵات لەناوببرێت و پارچە پارچە بکرێت''.

 

سەبارەت بە بێدەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان لە تورکیا و شوێنەکانی دیکەش، وتی: "رێکخراوەکانی ژنان نە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ڕاگەیاندراوێکیشیان لەسەر ئەو پرسە دەرنەکردووە، تەنانەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ڕاگەیاندراویان دەرنەکردووە و تەنانەت بۆنەی کاریگەریان ڕێکنەخستووە".

 

وتیشی: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەورووپا بە توندی دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە دژی ئەم پێشێلکارییانە، کە تێیدا هەزاران کەس کۆمەڵکوژکراون و بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون، ئەمەش تاوانی قورس دژی مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا بە تایبەتی ئەندامانی عەلەوی ئەو کۆمەڵکوژییانەیان لەناو پەرلەماندا بەرزکردۆتەوە، بەڵام دەنگیان سنووردار ماوەتەوە و ئەندامانی ژنیش هەنگاوی کۆنکرێتییان نەناوە، هەروەها هەندێک لە ئەندامانی ناو پارتی''DEM'' قسەیان لەسەر ئەو پرسە کردووە، بەڵام بەبێ کاریگەرییەکی بەرچاو، پرسیاری ئەوەی کرد، "ئایا دەبێت تەنها ژنانی عەلەوی دەنگ بەرز بکەنەوە؟، ئەمە پرسێک نییە بۆ گروپێکی دیاریکراو، بەڵکو ئەوە پرسێکە کە دەبێت بەرپرسیارێتی هەمووان بێت".

 

"ناتوانین بێدەنگ بین"

دووپاتی کردەوە کە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات جینۆسایدە، جەختی لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی دەنگمان لە دژی کردەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی تاوانباران کێن، هەروەها "دەبێت هەڵوێستی دەستەکۆمەڵیمان هەبێت، ناتوانین بێدەنگ بین، چۆن ویژدانمان بەرامبەر ئەو دڕندەییانە بێ جووڵە بمێنێتەوە؟".

 

نیلگون مەتە ڕوونی کردەوە، کە عەلەوییەکان هەمیشە لە پێشەنگ بوون کاتێک مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی جیهان دەکوژرێت، جا ئەرمەنی بێت، کورد بێت یان لە هەر گروپێکی ترەوە بێت، بەشداری خۆپیشاندان دەکەن و ڕاگەیاندراو دەردەکەن و لە هەر شوێنێک بە پێویستی بزانن پشتیوانی دەکەن.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان و گەلان هەنگاو بنێن و هەڵوێستێکی ڕوون نیشان بدەن دژی ئەو جینۆسایدانەی کە ئەنجام دەدرێن، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکخستنی خۆپیشاندان و دەرکردنی ڕاگەیاندراو ، وتیشی: "کەواتە عەلەوییەکان چی دەبینن؟، بێدەنگییەکی شەرمەزارکەر دەبینن، بۆیە لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەبێت دۆخی وریایی بچێنرێت بۆ ئەوەی هۆشیاری و لێکتێگەیشتن هەبێت، ئایا هێشتا ئەوانی دیکە لە گەورەیی ئەو دڕندەییە تێنەگەیشتوون؟، ئایا ئەوان نەیانبینیوە ئەو تاوانانە لەبەردەم چاوی جیهاندا ئەنجام دەدرێن؟، شەرمەزارییەکی گەورەیە، ئێمەش بێهیوا بووین".

 

 پێشی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی بێدەنگی لە دەوری کۆمەڵکوژییەکانی دژی عەلەوییەکان، ئەو تێڕوانینە هەڵەیە کە دەڵێن ئەوان "لایەنگری ئەسەدن"، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم تێڕوانینە شێواوە، هەروەها ئەسەد مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ عەلەوییەکان نەکردووە، بە پێچەوانەوە لە سەردەمی ڕژێمەکەیدا لە دۆخێکی خراپدا بوون و لە سەرەتاییترین مافەکان بێبەش بوون، تەنانەت  عەلەوییەکانیش بێکار مانەوە و هیچ ئیمتیازێکیان وەرنەگرت، بۆیە تێڕوانینێکی هەڵە هەیە کە هەندێک کەس پێیان وایە دەربڕینی بۆچوونێک بە پشتیوانی لە ئەسەد لێکدەدرێتەوە، بەڵام ئەمە تەڵەیەکی گەورەیە و هەڵەیەکی گەورەشە".

 

''هێرشەکانی سەر شاری حەلەب''

سەبارەت بەو هێرشانەی کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشە و بەکرێگیراوانی تورکیاوە بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب ئەنجامدراون، وتی، "سووریا بە کردەوە بووەتە دۆزەخێکی داڕوخان، لە ماوەی شەڕێکدا کە ١٣ ساڵە بەردەوامە، سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، وەک دەوترێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها ملیۆنان کەسی دیکە ناچاربوون هەڵبێن و لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ وڵاتانی جۆراوجۆری دیکە پەناببەن، لەوێش بەرگەی بارودۆخی سەختیان گرتووە و بە مووچەیەکی کەم کاریان کردووە''.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆچی هێرش بۆ سەر حەلەب دەستیپێکرد؟، لەکاتێکدا شارێکە دانیشتووانی کوردی زۆری تێدایە، گەڕەکەکانیش زۆرینەیان کوردن، ئەمڕۆ دوو لەو گەڕەکانەش لەژێر هێرشی چەکی قورسدان، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی کاتی سووریا بۆ سەر حەلەب ژمارەیەک هاوڵاتیانی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە''.

 

نیلگون مەتە ڕووداوی فڕێدانی ژنە شەڕڤانێکی کورد لە باڵەخانەیەکی جیهادیەکانی هەتەشەوە وەبیرهێنایەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم تاوانە ئازارێکی قووڵی بۆ هەمووان بەجێهێشتووە، هەروەها "زۆر گرنگە هەمووان هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکاریانە، خەڵک بەبێ هیچ هۆکارێک دەکوژرێن، من پێموایە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی ڕاستەقینەی سووریا لە ڕێگەی دانوستان و دیالۆگی ئاشتیانە، دەبێت ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا و سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپا ئەم بەرپرسیارێتییە بە جددی وەربگرن، چونکە  بە پاڵپشتیی ئەوان حکومەتێکی کاتی لە سووریا دامەزرا و سەرکردایەتی جەنگیش لە سەرەوە سەپێنرا، بۆیە دەبێت گفتوگۆ دەست پێبکات''.

 

"پێویستە گەلی سووریا بڕیاری خۆی بدات"

لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا، نیلگون مەتە، ڕۆژنامەنووس، باسی لە ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا جێبەجێ نەکراوە. وتیشی: "ئەگەر حکومەتی کاتی بەردەوام بێت لە هێرشەکانی و شەڕکردن، ئەوا ڕێککەوتن و ئاشتی و هیچ شتێک دروست نابێت، ڕوونە کە ئاشتی لە سووریا لە ڕێگەی ڕژێمی ئێستا و حکومەتی کاتی ئێستا دڵنییای نییە، ئەوەی بەڕاستی دەتوانێت سووریا ڕزگار بکات، سیستەمێکی دادپەروەرانە و حوکمڕانییەکی دادپەروەرانەیە، چونکە بە ڕێکخراوە ئاینییە توندڕەوەکان و ئایدۆلۆژیای ڕادیکاڵ ئاشتی بونیاد نانرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی گەلی سووریا لە ڕێگەی دیموکراسیەوەیە، دەبێت ئەم شەڕە و ئەم ململانێیە کۆتایی پێبێت و دەبێت خوێنڕشتنەکە بوەستێت، بۆیە  گەلی سووریا دەبێت بڕیاری خۆی بدات".