٤ی حوزەیران؛ یاسا و کۆمەڵگە لەبەردەم بەرپرسیارێتی پاراستنی منداڵاندان
لە کاتێکدا جیهان لە ٤ی حوزەیراندا بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی منداڵانی بێتاوان قوربانی دەستدرێژی وەک بەڵێنێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دووپات دەکاتەوە، لە عێراق هەمووارکردنەوەی یاسای باری مندڵان دەخاتە بەر دەستدرێژی.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی و پاراستنی منداڵان لە جیهانی هاوچەرخدا وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ سەیر دەکرێت و ئەم هەوڵە بەردەوام و جیهانییە لەرێگەی دیاریکردنی ڕۆژە نێودەوڵەتییەکانەوە دەیەوێت بێدەنگیی دەوروبەری هەراسانکردن و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بشکێنێت، کاتێک باس لەم پرسە دەکرێت دوو بۆنەی سەرەکیی جیهانی دەردەکەون کە هەر یەکەیان تیشک دەخەنە سەر لایەنێکی جیاوازی ئەم بابەتە، لەگەڵ ئەمەشدا پەرەسەندنی یاسایی لە وڵاتانی وەک عێراق و پرۆژەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی مەترسییەکی پێچەوانە و ڕاستەقینە بۆ سەر ئەم بنەما جیهانییانە دروست دەکات.
ستراتیژی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی
سیستەمی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دوو وێستگەی سەرەکییەوە کار بۆ ڕێکخستنی هەوڵەکان دەکات کە یەکەمیان ٤ی حوزەیرانە وەک ڕۆژی جیهانی منداڵانی بێتاوانی قوربانی دەستدرێژی ناسراوەو ئەمڕۆژە لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزرا کە هەرچەندە لە سەرەتادا وەک وەڵامێک بۆ قوربانیانی شەڕی لوبنان لەو ساڵەدا ڕاگەیەندرا بەڵام مەودای کارکردنی بە خێرایی فراوانتر بوو بۆ ئاستی جیهانی و ناوەڕۆکی سەرنجی ئەم بۆنەیە ڕاستەوخۆ داننانە بە ئازاری ئەو منداڵانەدا کە بەدەست ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و سۆزدارییەوە دەناڵێنن و بە تایبەتی جەخت لەسەر ئەو منداڵانە دەکاتەوە کە لە ناوچە جێناکۆکەکان و شەڕەکان و ژینگە ناسەقامگیرە سیاسییەکاندا دەژین لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ بەپێی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و وەک بیرخستنەوەیەک کاردەکات کە لە کاتی ململانێ سیستماتیکییەکان و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان یان کەلێنەکانی یاساداناندا منداڵان هەمیشە قوربانین.
وێستگەی دووەم بریتییە لە ١٩ی تشرینی دووەم کە وەک ڕۆژی جیهانی بۆ خۆپاراستن لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان دیاری کراوە و لەکاتێکدا ڕۆژی ٤ی حوزەیران تیشک دەخاتە سەر منداڵانی ناو ململانێ و شەڕەکان ئەم ڕۆژە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر دەستدرێژی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی و ئەم بۆنەیە لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن دامەزراوەی لوتکەی جیهانی ژنانەوە دەستیپێکرد و ئامانج و ستراتیژییەکەی بریتییە لە دروستکردنی هاوپەیمانییەک لە نێوان ڕێکخراوەکان بۆ بۆندوبەستکردن و چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی ڕۆژانەی دژی منداڵان وەک توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی و هاوسەرگیری منداڵان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پشتگوێخستنی توند بە شێوازێک کە کار دەکات بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگە لە کلتوری کاردانەوەوە بۆ کلتوری خۆپاراستن لە ڕێگەی پەروەردە و بەهێزکردنی چاودێریی کۆمەڵگەیی و دەرکردنی یاسای توندی نیشتمانی کە هاوسەرگیری پێشوەختە و سزای جەستەیی بە تاوان دەزانێت.
چوار پایە سەرەکییەکەی جۆرەکانی دەستدرێژی دژی منداڵان
بۆ تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرانە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکان دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانیان بۆ چوار جۆری سەرەکی پۆلێن کردووە کە پایەی یەکەم بریتییە: لە دەستدرێژی جەستەیی و خۆی لە برینداربوونی جەستەیی بە ئەنقەست دەبینێتەوە و لە سزای جەستەیی ماڵەوە و قوتابخانەوە تا توندوتیژی توند دەستپێدەکات و ستراتیژی سەرەکی خۆپاراستن لێی بریتییە لە جێبەجێکردنی یاسای توندی دژی توندوتیژی خێزانی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پەروەردەی ئەرێنی.
پایەی دووەم دەستدرێژی سۆزداری و دەروونییە: پێکهاتووە لە ڕەتکردنەوەی درێژخایەن و ترساندن و زەلیلکردن یان گۆشەگیرکردنی منداڵ بە شێوازێک کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەهای خودی لای منداڵەکە لەکاتێکدا ڕێگەی سەرەکی بۆ خۆپاراستن لێی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونییە لە قوتابخانەکان و دروستکردنی سیستەمی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی.
پایەی سێیەم خۆی لە هەراسانکردن و ئازاردانی سێکسی دەبینێتەوە: بریتییە لە ناچارکردن یان ڕاکێشانی منداڵ بۆ ناو چالاکییە سێکسییەکان لەوانەش هاوسەرگیریکردنی پێشوەختەی منداڵان لە ژێر سایەی یاسای لاوازدا و ڕێکاری بنەڕەتی بۆ بەرگرتن لێی چەسپاندنی یاسایی تەمەنی ڕەزامەندی و داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی بەهێزە کە ڕێگە لە کەلێنە تەقلیدییەکان بگرێت
پایەی چوارەم بریتییە لە پشتگوێخستن کە بە واتای دابین نەکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵ دێت وەک خۆراک و جلوبەرگ و پەروەردە و چاودێری پزیشکی یان سۆزی دایکایەتی و باوکایەتی و ستراتیژی گونجاو بۆ خۆپاراستن لەم دۆخە بریتییە لە دروستکردنی تۆڕی سەلامەتی ئابووری بۆ خێزانە ناتوانەکان و چالاککردنی سەرچاوەکانی ڕاپۆرتکردنی کۆمەڵگەیی
عێراق و هەموواری یاسای باری کەسی؛ دەرگاکردنەوە بۆ دەستدرێژی سیستماتیک
لە کاتێکدا جیهان بەرەو توندکردنی یاساکانی پاراستنی منداڵان هەنگاو دەنێت لە عێراقدا مشتومڕێکی توند و نێگەتیف لەسەر پڕۆژەی هەموارکردنی یاسای باری کەسی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لە ئارادایە کە ئەم هەمووارە لەلایەن بەشێک لە لایەنە سیاسی و ئاینییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە وەک پاشەکشەیەکی مەترسیدار دەبینرێت، مەترسییە سەرەکییەکانی ئەم هەمووارە لەسەر داهاتووی منداڵان لە چەند ڕەهەندێکی قورسدا کورت دەبنەوە.
یەکەمین مەترسی ڕەوایەتی دان بە هاوسەرگیری منداڵان چونکە هەمووارەکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان و سپاردنی بە فیقهی ئاینی مەزهەبەکان کە لە هەندێک لەو ئەدەبیاتە فیقهییانەدا ڕێگە بە هاوسەرگیری کچان دەدات لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا تەنانەت لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە و ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی منداڵی و مافی خوێندن و گەشەی سروشتی و بایۆلۆژی منداڵانی کچە.
دووەمین مەترسی بریتییە لە یاساییکردنی دەستدرێژی جەستەیی و سۆزداری چونکە کاتێک منداڵێک لە تەمەنێکی بچووکدا ناچاری هاوسەرگیری و گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی خێزانی دەکرێت ئەمە دەچێتە خانەی دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی و سۆزداری سیستماتیک کە بە ناوی یاساوە ڕەوایەتی پێدەدرێت و منداڵ لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش دەکات.
سێیەمین مەترسی لە لاوازکردنی چاودێریی دەوڵەت و دادگاکاندا دەردەکەوێت چونکە بە پێدانی دەسەڵاتی گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوە بە دامەزراوە ئاینی و مەزهەبییەکان ڕۆڵی دادگاکانی دەوڵەت کەم دەبێتەوە و ئەمەش پاراستنی یاسایی بۆ منداڵان و دایکان لە کاتی جیابوونەوە یاخود ناکۆکی خێزانیدا لاواز دەکات بەتایبەت لە بابەتە چارەنووسسازەکانی وەک مافی بەخێوکردنی منداڵ کە بە حەزانە ناسراوە و دواجار داهاتووی نەوەی نوێ ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە
عێراق وەک وڵاتێک کە بەدەست دەرهاویشتەکانی ساڵانێکی درێژ لە شەڕو ململانێی ناوخۆیی و تیرۆرەوە دەناڵێنێت منداڵەکانی پێویستیان بە چاودێریی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی زیاتر هەیە و هەموارکردنی یاسای باری کەسی بەو ئاڕاتەیەی کە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵان بدات پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە بەها مرۆییەکان و لەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانەی کە عێراق واژۆی کردوون.
ئەم ڕۆژە نێودەوڵەتییانە وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی جیهانی کاردەکەن و پاراستنی سەربەخۆیی جەستەیی و ئاشتی دەروونی منداڵان بابەتێکی ئارەزوومەندانە نیست بەڵکو ئەرکێکی بنەڕەتی و یاسایی هەر نەتەوەیەکە کە بیەوێت داهاتوویەکی سەقامگیر و تەندروست بۆ کۆمەڵگەکەی دابین بکات، پەسەندکردنی ئەم هەمووارە دەرگا بۆ جۆرەها دەستدرێژی یاسایی و کۆمەڵایەتی دژی منداڵانی بێتاوان دەکاتەوە و نەوەی داهاتووی وڵاتەکە دەخاتە ناو تونێلێکی تاریکەوە.