نوێنەرایەتی ئەمریکا لە ڕێکخراوی فاو دەدرێتە سیندی مەککەین
سیندی مەککەین لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا وەک نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ فاو کاندید کراوە.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا "سیندی مەککەین" وەک نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی فاو (خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان) ناودێر کرد، ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پشتڕاست بکرێتەوە، سیندی مەککین دەبێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی فاو و هەروەها سندوقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ.
سیندی مەککەین دەیان ساڵە لە چەندین کاری مرۆییدا بەشدارە، لە جیاتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، گەشتی وڵاتانی تر دەکات و چارەسەری منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی دیاریکراو تەرخان دەکات، هەروەها بە یەکێک لە چالاکوانە پێشەنگەکانی لابردنی مین لە جیهاندا دەناسرێت.
فاو یەکێکە لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەی کە لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵیدا کار دەکات، لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە لەلایەن ٤٤ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، یارمەتی پێشخستنی وڵاتان دەدات لە ڕێگەی تۆڕێکی جیهانی نزیکەی ٩٠ دەزگاوە بۆ فراوانکردن و بەمۆدێرنکردنی کشتوکاڵ و دارستان و ماسی و دابینکردنی خۆراک بۆ هەمووان، زیاتر لە ١٩٤ وڵات ئەندامی ڕێکخراوی فاون و لە زیاتر لە ١٣٠ وڵات کار دەکەن.
ت.پ