نەتەوەیەکگرتووەکان: ژنان زۆرترین قوربانیی ڤایرۆسی ئیبۆلان
نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا ژنان زیاتر قوربانیی ڤایرۆسی ئیبۆلان، پێویستە ژنان لە پرۆسەی بڕیاردانی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشدار بن.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، سەبارەت بە توشبوونی ژنان بە ڤایرۆسی ئیبۆڵا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا ژنان زۆرترین قوربانیی گیانلەدەستدانی ڤایرۆسی نیبۆلا بوون، لەبەر ئەوەی ژنان زیاتر لەبەردەم مەترسیی تووشبووندان، لەوانەیە جارێکی تر شەپۆلی نوێی ڤایرۆسەکە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدانی ژنان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە شەپۆلی ساڵانی ٢٠١٨ لە کۆنگۆ، دوو لەسەر سێی تووشبووان ژنان بوون و لە ساڵی ٢٠١٤ لە لیبێریاشدا، ژنان ٧٥٪ـی ڕێژەی گیان لەدەستدانەکانیان بە هۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمار کردووە، تەنانەت ٥٠ ساڵ لەمەوبەریش لە یەکەمین دەرکەوتنی ئیبۆلادا، ژنان ٥٦٪ـی قوربانییەکانیان پێکدەهێنا.
باس لەوەشکراوە، ژنانی دووگیان بەهۆی سەردانی بەردەوامیان بۆ ناوەندە تەندروستییەکان لەژێر مەترسیی زیاتردان و تووشبوونیان بە ڤایرۆسی ئیبۆلا ڕێژەی مردنی کۆرپەلە دەگەیەنێتە نزیکەی ١٠٠٪، هاوکات، کەرەنتینەکردنی کۆمەڵگەکان مەترسیی توندوتیژیی ڕەگەزی دژی ژنان زیاتر دەکات.
ئەوەشخراوەتەڕوو، گواستنەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دابەشکاریی کار لە ناو ماڵ و کۆمەڵگەدا، چونکە کاتێک مرۆڤەکان نەخۆش دەکەون، ئەوا ژنانن کە چاودێرییان دەکەن، هەروەها ژنان وەک پەرستار، ڕەنجدەری پاککەرەوە لە نەخۆشخانەکان لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدان.
چاودێرانی تەندروستیی جیهانی جەخت دەکەنەوە، بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا، پێویستە ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو لە پرۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکردنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیبۆلادا بەشدار بن، چونکە بێبەشکردنی ژنان لە سەرکردایەتیکردنی قەیرانە تەندروستییەکان، تەنها قوربانییەکان زیاتر دەکات.