نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندەی لە غەززە ڕاگەیاند

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی لە باشووری كەرتی غەززە، قەیرانی ئاو درووست بووە و نەخۆشی سكچوون لە نێو دانیشتووانی غەززە بڵاو بووەتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ- لە ٧ی تشرینی یەکەم چەكدارانی حەماس هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامەو ویرانکاریی و زیانی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە.

توماس وایت، بەرپرسی ئاژانسی فریاگوزاریی و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین " UNRWA" لەبارەی تەواوبوونی سوتەمەنی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە غەزە ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوەو ڕایگەیاند، بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی لە سێ ناوچەی باشووری كەرتی غەززە، پەمپی ٧٦ بیری ئاو و دوو دامەزراوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوە و ١٥ ئاوەڕۆ لەكار كەوتووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر سەدان هەزار كەس درووست كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نەبوونی سووتەمەنی بە واتای نەبوونی ئاو دێت، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی سكچوون لە نێو ئەو كەسانەی ئاوارەن و پەنایان بۆ قوتابخانەكانی سەربە UNRWA هێناوە، حاڵەتەكان ٤٠% زیادی کردووە.

ئەوەشیخستووەتەڕوو، بەهۆی نەبوونی پاكوخاوێنی و سنوورداربوونی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكان، لە غەززە سكچوون دەبێتە حاڵەتێكی كوشندە.