نەتەوە یەکگرتووەکان: منداڵان و ژنانی غەززە ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند دەبنەوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە لە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە و ڕایگەیاندووە، تا مانگی نیسانی داهاتوو زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ لە مەترسی تووشبوون بە بەدخۆراکی تونددان.

ناوەندی هەواڵ

 

منداڵان لە غەززە بە هۆی گەمارۆدان و کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە تووشی قەیرانی بەدخۆراکی یووند دەبن و کاریگەری گەشەی تەندروست و داهاتوو و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە و ئەم دۆخە پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم هۆشدارییەکی سەبارەت بە پەرەسەندنی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ مەترسی تووشبوونیان بە بەدخۆراکی توندەوە هەیە تا مانگی نیسانی داهاتوو ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت لە تێکچوون.

 

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕوونیکردەوە، کە تیمەکانی تەندروستی مەیدانی پێشبینیش دەکەن نزیکەی ٣٧ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر تا مانگی نیسانی ٢٠٢٦ تووشی بەدخۆراکی توند ببن، ئەمەش بەهۆی کەمیی گرینگی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان، جگە لە کێشە بەرچاوەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەدا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە غەززە ئاستێکی بەرزی نائاسایشی خۆراکیان بەخۆوە بینیوە، هەروەها ژێرخانی تەندروستی و خۆراکیش لە لێواری داڕماندایە، داوای خێراکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و دابینکردنی بەردەوامی سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکات.

 

پێوەری جیهانی نائاسایشی خۆراک بە پێشەنگایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە دۆخی خۆراک لە کەرتی غەززە تاڕادەیەک باشتر بووە بە بەراورد بە هەڵسەنگاندنی پێشوو کە ئاماژە بوو بۆ برسێتی، بەڵام زۆربەی دانیشتووان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەردەوام بەدەست ئاستی بەرزی نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێهێن.

 

پێوەرەکە تیشکی خستۆتە سەر زیادبوونی هاوکارییە مرۆییەکان، لەنێویاندا هاوکاری خۆراکی، لەدوای ئاگربەستەکەی ١٠ی تشرینی دووەمەوە، کە تاڕادەیەک قەیرانەکەی کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا کەمترە لە دابینکردنی کەمترین پێداویستی بۆ مانەوە.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە ژێرخانی بنەڕەتی و خزمەتگوزارییەکانی وەک چاودێری تەندروستی و پاککردنەوەی ئاو و ئاوەڕۆ، تا ئێستا بەس نییە بۆ پاڵپشتیکردنی تەواوی دانیشتووان، خەڵکێکی زۆر هێشتا لە پەناگەی کاتیدا دەژین، ئەمەش وایکردووە بەرەوڕووی بارودۆخی سەختی زستانە ببنەوە.

 

ئەو پێوەرە پێشتر لە مانگی ئابی ڕابردوودا برسێتی لە شاری غەززە پشتڕاستکردبووەوە و پێشبینی بڵاوبوونەوەی بۆ دێر بەلاح و خان یونس کردبوو تا کۆتایی مانگی ئەیلوول.