نەتەوە یەکگرتووەکان داواى پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە لێکەوتە مرۆییە جددیەکانی پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە باکووری غەززە و داواى پاراستنی خەڵکی مەدەنی و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ـەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆسەر كەرتی غەززە دەستپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون.

 

ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە خراپی دۆخى غەززە و داواکارییان بۆ پاراستنى هاوڵاتیانى مەدەنى، ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: زیادبوونى هێرشی خوێناوی سەربازییەکەی لە کۆتایی هەفتەدا لە شاری غەززە کاریگەرییەکی ترسناکی لەسەر ئەو هاوڵاتیانە مەدەنییانە هەیە کە بەدەست برسێتی و بارودۆخێکی سەختەوە دەناڵێنن، داواى پاراستنی خەڵکی مەدەنی و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەین.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، هەزاران ئاوارە ناچاربوون لە دەروازەى ڕێگای ڕەشیدەوە هەڵبێن، کە تاکە دەرچەیە بۆ باشووری غەززە، لەنێو ئەو تۆپبارانە قورسانەی کە بەردەوامە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠ هەزار کەس بەرەو باشوور ئاوارە بوون، لە ماوەی مانگی ڕابردووشدا نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوون.

 

هەروەها، فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتی UNRWA وتى، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا ١٠  لە باڵەخانەکانی ڕێکخراوەکەیان لە شاری غەززە بۆردومانکراون، لەنێویاندا حەوت قوتابخانە و دوو کلینیک کە وەکو پەناگە بۆ هەزاران ئاوارە بەکاردەهێنران، هۆشداریشیدا لەوەی هێرشە ئاسمانییە چڕەکان دەبێتە هۆی شەپۆلی نوێی ئاوارەبوونی مەدەنییەکان.