نێرگس محەمەدی دوای نەشتەرگەری گەڕێندرایەوە بۆ زیندان

نێرگس محەمەدی دوای نەشتەرگەری وەرەمی ئێسک گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی، چالاکی مافی مرۆڤ، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زیندانی سیاسی زیندانی لە زیندانی ئێڤین، دوای نەشتەرگەری لابردنی وەرەمی ئێسک لە قاچی، ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەم گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.

 

پارێزەری نێرگس محەمەدی زانیاری لەسەر باری تەندروستی ئەم چالاکوانەی مافی مرۆڤ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەکە و شوێنی برینەکە،  پێویستیان بە سێ مانگ چاودێری هەیە لە ژێر بارودۆخێکی لەباردا.

 

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەمەبەستی باشترکردنی ڕەوشی نێرگس محەمەدی و گرنگیدانی تایبەتی داوای مۆڵەتی پزیشکی و ڕاگرتنی سزاکەی کردووە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای نەخۆشییە جەستەییەکانی نێرگس محەمەدی بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی دڵ، دەسەڵاتدارانی دادوەری و بەرپرسانی زیندان لە ڕەوانەکردنی بۆ مۆڵەتی پزیشکی ڕێگرییان کردووە.

 

نێرگس محەمەدی بەهۆی چالاکییەکانییەوە چەندین جار دەستگیرکراوەو ئەشکەنجە دراوە و لەم دواییانەشدا سزای زیندانی درێژخایەنی بەسەردا سەپێندراوە و دۆسیەی جۆراوجۆری لەسەر تۆمارکراوە.

 

زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەش دەکرێن، ئەمەش زیاتر بۆ ژنە زیندانیانی سیاسی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن،ژیان، ئازادی" دەگەرێتەوە، زۆرێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا فشار و دەرکردنی سزای قورس لە دژی ژنان بە تۆڵەی ڕژێم لە زیندان و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەزانن.