لە لوبنان ٦ کەس کوژران کە سێیان منداڵن
شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری بەیروت، ٦ کەس کوژران کە سێیان منداڵن.
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو ١٦ی تشرینی دووەم، ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان ڕیگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، هێرشێکی ئاسمانیی گەورەیان کردە سەر گەڕەکی حرێک لە باشووری بەیروت، بەهۆیەوە ٦ کەس گیانیان لەدەستدا کە سێیان منداڵن.
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی باشووری شارەکە کردبوو، چەند شوێنێک چۆڵبکەن، کە دواتر بۆردوومانکران.
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، بەیانی دوێنێ سێ هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر بەیروت و گەڕەکی شیاهـ بە هێرشێکی دیکەی ئاسمانی کراوەتە ئامانج، هەروەها هێرش کراوەتە سەر باشووری شاری سوور لە نزیک شوێنەوارێک کە لە لیستی میراتی یونیسکۆدایە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ئاماژەی بەوەکردووە، لە شوێنێکی دیکەی باشووری لوبنان، دوو کارمەندی فریاگوزاری بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کوژراون.
وەزارەتەکە ئاشکرایکرد، زیاتر لە سێ هەزار و ٤٤٠ کەس لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کوژراون.