نێرگس محەمەدی ١٤ ڕۆژە دەستبەسەرەو چارەنووسی نادیارە

دوای ١٤ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی چالاکوان نێرگس محەمەدی و ژمارەیەک لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی یادی پارێزەر خوسرەو عەلی کۆردی لە شاری مەشهەد، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی باری تەندروستی و دەروونییەوە نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە میانی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی پارێزەر خوسرەو عەلی کۆردی لە شاری مەشهەد، دەسەڵاتدارانی ئێران نێرگس محەمەدی، چالاکی مافی مرۆڤ و خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان لەگەڵ ژمارەیەک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەستگیر کرد.

 

بنەماڵەی چالاکوان نێرگس محەمەدی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ ٢٤ی کانوونی یەکەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویان کردووەتەوە، ڕایانگەیاندووە، لەدوای دەستگیرکردنی نێرگز محەمەدی و ژمارەیەک چالاکوان کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی پارێزەری مافی مرۆڤ خوسرەو عەلی کۆردی کردبوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستییان، چ جەستەیی یان دەروونییان پێنەگەیشتووە.

 

ئەو بنەماڵەیە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە نێرگس محەمەدی لە ئێستادا لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، ئەمەش نیگەرانییەکانیان زۆر زیاتر کردووە، پرسیاریان کردووە کە بۆچی ڕێگەی پێنادرێت پەیوەندی بکات، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕەتکردنەوەی پەیوەندی و نەدانی زانیاری لەسەر بارودۆخی دەستبەسەرکراوان جێگەی قبوڵکردن نییە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە نێرگس محەمەدی، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لەگەڵ داکۆکیکارانی دیکەی مافی مرۆڤ، پێویستە مافە سەرەتاییەکانی دەستەبەر بکرێت لەوانە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ خێزانەکانیان و پارێزەرەکانیان، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی گشتگیر، خێزانی دەستگیرکراوەکان بێبەشن لە هەر زانیارییەک سەبارەت بە بارودۆخەکانیان، ئەمەش نیگەرانییەکی جددی لەسەر پارێزراوییان دروست دەکات.