ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەیوەندییەکی نزیکیان بە دادپەروەری ڕەگەزییەوە هەیە

ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەیوەندییەکی نزیکیان بە دادپەروەری ڕەگەزییەوە هەیە، هەروەها قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، هەروەک چۆن پیاوانیش دەگرێتەوە، ئازادی ئابووریش مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ ئازادی ژنان.

شیلا قاسمخانی

 

ناوەندی هەواڵ- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پریشکی ناڕەزایەتی لە بازاڕی تاران و لە نێو بازرگانەکاندا هەڵگیرسا و بە خێرایی بە شەقامەکانی شارەکانی دیکەدا بڵاوبووەوە، کە خەڵکی مەدەنی ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گرانبوونی نرخ و هەڵاوسان و داڕمانی بەهای ڕیاڵ و زیادبوونی فشارەکانی ژیان، لە هەمان کاتدا هەندێک دەنگ هەوڵیان دا لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" جیای بکەنەوە و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە داواکاری خۆپیشاندەران تەنها ئابوورییە، پەیوەندی بە بژێوی پیاوەوە هەیە و هەر بۆیەش سیمایەکی پیاوانەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە پرسەکانی دادپەروەری ڕەگەزییەوە نییە.

 

ئەم هەڵوێستە بە کردەوە بووە هۆی پەراوێزخستنی ناڕەزایەتییەکانی سروشتی بژێوی و ڕەتکردنەوەی پشتیوانیکردنیان، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی قووڵتر ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم دابڕانە نەک هەر نادروستە، بەڵکو سادەیەکیشە، دادپەروەری ڕەگەزی جیا نییە لە دادپەروەری ئابووری، بەڵکو دوو لایەنی یەک پرسن، لە ڕاگەیەندراوەکەی شەش ڕێکخراوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاویکردووەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم ناڕەزایەتیانە درێژکراوەی سروشتی ڕاپەڕینی ''ژن ، ژیان، ئازادی''یە، کە داکۆکی لە مافی ژیانێکی شایستە و ژیانێکی کۆمەڵایەتی دەکات، ئەم هەڵوێستە ڕێگەیدا بە دووبارە داڕشتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی بژێوی ژیان بە زمانی ئازادی و جارێکی دیکە سەلماندی کە دروشمەکەی توانای ئەوەی هەیە کە لەم تاڤگەرەدا ڕەگ داکوتێت و ئاسۆیەکی فراوانتریان پێ ببەخشێت.

 

هەرچەندە ڕەنگە هەندێک بۆچوونی دژ بەیەک لە ڕووکەشدا شتێکی تێگەیشتوو دەرکەون، بەڵام ڕاستییەکی بنەڕەتی پشتگوێ دەخەن: دادپەروەری ئابووری بەشێکی دانەبڕاوە لە دادپەروەری ڕەگەزی و قەیرانی ئابووری و فشارەکانی ژیان بە ئەندازەی پیاوان کاریگەری لەسەر ژنان هەیە و هەندێکجاریش بەشێوەیەکی توندتر و وردتر، وادەکات چاودێریکردنی کاریگەرییەکانیان قورستر و مەترسیدارتر بێت.

 

ناڕەزایەتییەکان لە بازاڕی گەورەی تاران سەریهەڵدا، کە بازرگانان و خاوەن دوکانەکان لە ژێر هەڵاوسانێکی بێ وێنە و بەرزبوونەوەی بەردەوامی تێچووی ژیاندا دەناڵێنن، گرانی نرخی نان و خۆراک و وزە ژیانی خێزانەکانی لەڕادەبەدەر سەخت کردووە، لەکاتێکدا داڕمانی توندی بەهای دراوی نیشتمانی توانای کڕینی دابەزاندووە و وایکردووە توێژێکی گەورەی کۆمەڵگە ئاسایشی ئابووری و ژیانی خۆی لەدەست بدات.

 

لەم سیناریۆیەدا پەیوەندی مەجازی و میدیا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە خێراکردنی بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و بەستنەوەی گروپ و چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بە یەکترەوە، بەمجۆرە، هەرچەندە سەرچاوەی توڕەییەکە بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە بارودۆخی ژیانەوە هەبوو، بەڵام کەڵەکەبوونی قەیرانە سەرکوتکراوەکان بە خێرایی هاتە ئاراوە و ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی فراوانتری بە تاڤگەرەکە بەخشی، لەوانەش داخوازی چاکسازی ڕیشەیی لە پێکهاتەی ئابووری و سیستەمی حکومەتدا.

 

ئەزموونەکانی تاڤگەری تۆڕە هاوچەرخەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ڕێکخراوە ئاسۆییەکان توانای تێکەڵکردنی داواکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕەگەزییەکانیان هەیە لە چوارچێوەی یەک تاڤگەردا، ئەمەش دوو هێندە زەبری پێدەبەخشێت و توانای کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان زیاتر پێدەبەخشێت.

 

دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی''، دوای مردنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ سەریهەڵدا، دەنگدانەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەوە پێش ئەوەی لە سەرانسەری ئێراندا بڵاوبێتەوە، کە دواتر گۆڕا بۆ هێمایی ڕاپەڕینێکی بەربڵاو، بەڵام داخوازی مافی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دیاردەیەکی ئەم دواییە نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی بۆ زیاتر لە سەدەیەک لە خەباتی بەردەوام درێژدەبێتەوە.

 

''داننان بە بەهای ئابووری ژیانی ژنان پێویستییەکی بنەڕەتییە''

لەدوای شۆڕشی دەستوورییەوە ژنان بە دامەزراندنی ڕۆژنامە و کۆمەڵە بۆ داوای مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان شەڕی خۆیان کردووە، هەروەها لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا مافی دەنگدان و بەشداریکردنیان لە پۆستە گشتییەکان بەدەستهێنا، بەڵام شۆڕشی ١٩٧٩ یاسای هەڵاواردنی دژ بە ژنانی گەڕاندەوە و جارێکی دیکە دەرگای ئەم دەستکەوتانە داخست، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بزووتنەوەی فێمینیست هەرگیز نەوەستا و بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەدا ئامادەیی مایەوە.

 

ئەم مێژووە دوور و درێژە دەیسەلمێنێت کە داواکاری بۆ دادپەروەری ڕەگەزی نە زوو تێپەڕ دەبێت و نە لە پرسە ئابوورییە ڕۆژانەکان جیا دەبێتەوە، بەو پێیەی ئابووری و ڕەگەز لە پێکهاتەکەیاندا تێکەڵاون، ئەو بانگەشەیەی "پیاو بژێوی ژیانە، هەربۆیە ژن هیچ پەیوەندییەکی بە قەیرانی ئابوورییەوە نییە" لۆژیکی تێدا نییە، چونکە تەنانەت لەو خێزانانەی کە پیاو بە بەرپرسیار لە خەرجکردن دادەنرێت، گرانبوونی نرخ و هەڵاوسان ڕاستەوخۆ لە ژیانی ژنان و منداڵاندا ڕەنگدەداتەوە.

 

جگە لەوەش ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەو ژنانەی کە بژێوی خێزانەکانیانن لە ئەستۆدایە لە زیادبووندایە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ ژمارەیان گەیشتە نزیکەی پێنج ملیۆن ژن لە ژێر چاودێری دامەزراوەکانی پاڵپشتی کۆمەڵایەتیدا، کە زۆرێکیان لە کارە نافەرمی و ناجێگیرەکاندا کاردەکەن، لە فرۆشتنی کەلوپەلەوە تا هەڵگرتنی باری قورس، بەبێ بیمە یان ئاسایشی کار و لە نێوان فشارە ئابوورییە سەخت و نادادپەروەرەکاندا ژیانی خێزانەکانیان بەڕێوەدەبەن.

 

ئەمڕۆ کەم پیاو هەیە بانگەشەی ئەوە بکات کە بەتەنها بتوانێت ئاستێکی شایستەی ژیان بۆ خێزانەکانیان دابین بکات، چونکە ژنان، وەک کرێکار، مامۆستا، پەرستار، فرۆشیار و چالاکوانانی کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری، پایەیەکی بنەڕەتی ئابووری نیشتمانی پێکدەهێنن.

 

دادپەروەری ئابووری و دادپەروەری ڕەگەزی لە هەمان پێکهاتەوە سەرچاوە دەگرن و هەر نادادپەروەرییەک لە یەکێکدا، ئەوی دیکە قووڵتر دەکاتەوە، هەروەها چەوساندنەوەی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی چینایەتی تێکەڵاون و دابەشکردنی کار لەسەر بنەمای ڕۆڵی ڕەگەزی و نەریتی چەندین جۆری نایەکسانی بەرهەم دەهێنێتەوە.

 

بزووتنەوە فێمینیستەکانی ساڵانی حەفتاکان سەلماندیان کە کاری ژنان لە ناو ماڵدا، سەرەڕای ئەوەی پشتگوێ دەخرێن و بە "نا  کار" دادەنرێت، ستوونێکی بنەڕەتی لە ئابووری و لە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاردا پێکدەهێنێت، لەم ڕوانگەیەوە پرسی نان و بژێوی ژیانی تایبەت بە پیاوان نییە، بەڵکو داننان بە بەهای ئابووری ژیانی ژنان پێویستییەکی بنەڕەتییە.

 

''دوو دیوی یەک سکە''

نموونەی مێژوویی مانگرتنی ژنانی ئایسلەندا لە ساڵی ١٩٧٥دا، کاتێک ٩٠٪ی ژنان بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە کارکردنی فەرمی و ناوخۆیی وەستان، وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە دەردەکەوێت کە کۆمەڵگە و ئابووری ناتوانن بەبێ بەشداری ژنان بەردەوام بن.

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، فشارە ئابوورییەکان لەسەر ژنان و خێزانەکانیان ڕاستەوخۆ ئاڵۆزتر دەبن، لەم هەلومەرجەدا دەرفەتەکانی پیشاندانی توانا تاکەکەسییەکان و دروستکردنی ناسنامەی خۆ یی کەم دەبنەوە، کە جێگەی خەباتی ڕۆژانە بۆ مانەوە لە هەژاری و نائەمنی و فۆڕمەکانی توندوتیژی هاوڕێیەتی دەگرێتەوە، هەروەها قەیرانە ئابوورییەکان دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی سنووردار دەکەن، ئەمەش بارگرانی دەروونی و جەستەیی قورستر دەخاتە سەر ژنان و منداڵان.

 

ئازادی ئابووری پایەیەکی بنەڕەتی ئازادی ژنانە، بەو پێیەی لە نەبوونی ئاسایشی ئابووریدا ناتوانرێت باس لە بەهرەمەندبوونی ڕاستەقینەی مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکرێت، هەروەها هەمان پێکهاتە کە ستەم لە دژی ژنان پراکتیزە دەکات، بەرپرسیارە لە بەرهەمهێنان و بەردەوامکردنی قەیرانی ئابووری.

 

تێکەڵکردنی داواکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ دادپەروەری ڕەگەزی، سیمایەکی فراوانتر و هێزێکی زیاتر بە ناڕەزایەتییەکان دەبەخشێت، هەروەها دەرفەتی گەیشتن بە دادپەروەری هەمەلایەنە زیاتر دەکات، هەروەها ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەرچەندە پێدەچێت پەیوەندییان بە بارودۆخی ژیانەوە هەبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا لەگەڵ داواکاریی دادپەروەری ڕەگەزیدا تێکەڵاون، دادپەروەری ئابووری و دادپەروەری ڕەگەزی دوو دیوی یەک دراون و هیچ کامیان بەبێ ئەویتریان بەدەست ناهێندرێت.

 

داواکاری بۆ نان و ژیانێکی شایستە و ئازادی، داواکارییەکی گشتی مرۆڤە کە پەیوەست نییە بە ڕەگەزێکی دیاریکراوەوە، ئەم ناڕەزایەتیانە ئەوە دەردەخەن کە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، چ ژن و چ پیاو، پەیوەندییەکی نزیک بە دادپەروەری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە و دەبێت ئەم دوو ڕەهەندە پێکەوە و لە یەک کاتدا پەیڕەو بکرێن.