نەجمە عەلوش: هەبوونی هێزی یەپەژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستکەوتی گرنگە بۆ ژنان

نەجمە عەلوش، نوێنەری کۆنگرە ستار دەڵێت: پێشێلکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتن لە لایەن حکومەتی کاتی سووریا، ناڕەزایی لێکەوتەوە، هێزی ژنان یەپەژە بەرگری دەکەن، بەردەوام وەک هێزێکی سەربازی ژنان دەمێنێتەوە.

 

هێلین ئەحمەد

      

سلێمانی_ لە کاتێکدا سووریا قۆناغێکی نوێی سیاسی تێدەپەڕێنێت، داهاتووی هێزەکانی “قەسەدە” و بە تایبەتی هێزی ژنانی “یەپەژە” بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی، بڕیارە نوێیەکانی سەرکردایەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، هەوڵێکە بۆ یەکخستنی هەموو هێزە چەکدارەکان لە ژێر چەتری سوپای ناوەندی، بەڵام ئەو هەنگاوە بە نیگەرانیی زۆر لەلایەن هێزی ژنانەوە پێشوازی لێدەکرێت، “یەپەژە” وەک هێزی تایبەتی ژنان، ڕۆڵێکی دیارو کاریگەری هەبوو، هێزێک کە تەنها لە بەرەی شەڕدا نەجەنگا، بەڵکو بووە هێمای ئازادی و بەشداریی ژنان لە سیاسەت و کۆمەڵگە، بەڵام دوای هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ سەر دەسەڵات، سیاسەتی نوێی دیمەشق ئاراستەیەکی جیاوازی وەرگرتووە، شەرع بە ڕوونی داوای کردووە هەموو هێزە چەکدارەکان دەبێت بخەنە ژێر فرماندەیی وەزارەتی بەرگری و هیچ هێزێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی دەوڵەتدا نەهێڵدرێت.

 

 ئەو بڕیارە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قەسەدە و یەپەژە هەیە، ئەندامانی یەپەژە باوەڕیان وایە هێزی ژنان لە ناو سوپای ناوەندی دەتوانێت کۆتایی بە تایبەتمەندیی ئەو هێزە بهێنێت، هێزێک کە لەسەر بنەمای هاوبەشی، یەکسانیی ژنان و پێگەی سیاسیی ژن دامەزراوە، ئەوان دەترسن ئەگەر فرماندەیی ناوەندی بە تەواوی کۆنترۆڵی وەربگرێت، ژنان ئەو پێگەیەیان لە دەست بدەن کە لە ساڵانی شەڕدا بە دەستیان هێناوە، لە هەمان کاتدا، حکومەتی ئەحمەد شەرع هەوڵدەدات نیگەرانییەکان کەم بکاتەوە، بەپێی بڕیارە تازەکان، زمانی کوردی ناسێندراوە و نەورۆزیش وەک جەژنی نەتەوەیی قبووڵ کراوە، لەگەڵ ئەو بڕیارەشدا تابلۆی دامودەزگاکانیان لە هاقبەشیکردنی زمانی کوردی گۆڕیوە بۆ تەنها هەبوونی زمانی عەرەبی لە سەرجەم فەرمانگەکاندا، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی ڕوون لەسەر چارەنووسی یەپەژە و شێوازی مانەوەی هێزی ژنان نەگەیشتووەتە ئاستی جێبەجێکردن، لە ئێستادا، دیارە قەسەدە و بە تایبەتی یەپەژە لە بەردەم قۆناغێکی هەستیاردا وەستاون، قۆناغێک کە تێیدا داهاتووی هێزی ژنان، سیستەمی خۆبەڕێوەبردن و تەنانەت شێوەی دەوڵەتی داهاتووی سووریا دیاری دەکرێت.

 

" ژنان لە تەواوی جیهاندا پشگیری هێزی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن"

نەجمە عەلوش، نوێنەری کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، قەسەدە لەسەر چەندین بنەماو خاڵ ڕێککەوتنیان لەگەڵ هێزی ئەحمەد شەرعدا ئەنجامداوە، ئامانجیان هەبوونی زمانی کوردی لە ناوچەکەدا و مانەوەی هێزی ژنان لە ناوچەکەدا بووە، بۆ ئەم بابەتە چەنیدن ڕێکەوتن ئەنجامدراوە، بەڵام هێزی ئەحمەد شەرع بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەو خاڵانەی لە نێوان کورد و هێزی ئەحمەد شەرعدا هەبووە، وتی: سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتنەکان کورد جەخت لەسەر هەبوونی زمانی کوردی لە ناوچەکەدا و هێشتنەوەی هێزی ژنان لە ناوچەکەدا دەکات، بەڵام ئەحمەد شەرع پێشێلی ڕێککەوتننامەکە دەکات، یەپەژە هێزێکی پێکەوەیی ژنانە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە سەرجەم فکر و ئایین و کولتووری جیاواز ژنان خەباتی تێدا ئەنجامدەدەن، هەبوونی هێزی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەستکەوتەکانی ژنان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەبێت، بۆ ڕێگریکردن لە سڕینەوەی ناوی یەپەژە و نەمانی هێزی ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان چالاکی و پشتیوانییەکان سەریهەڵداوە، لە پێناو مانەوەی هێزی ژنان لە سووریا، ژنان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی پشتیوانی و چالاکییەکانیان ڕێگری لەو بڕیارە دەکەن، لە پارچەکاانی دیکەی کوردستاندا ئەو دەسەڵاتەی حکومڕانی ئەنجامدەدات، ڕێگری لە هێزی بەرگرییەکانی ژنان دەکەن، ژنانی چەکدار تەنها لە دامودەزگا حکومییەکاندا کاریان هەیە، ناتوانن بەشداری شەڕەکان بکەن،بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەو ئەقڵیەتە تیکشکێندرا، هێزی یەپەژە بە ئەقڵیەتی پێکەوەی لەگەڵ تەواوی ژنانی ناوچەکە ئاڵای ڕەشی داعشیان داگرت و ئاڵای هێزی ژنانینان لە جێگەی هەڵدا، ئەمە لە لایەن داعش و هێزی ئەحمەد شەرعەوە قبوڵکراو نەبووە، بۆیە ئەحمەد شەرع پێشێلی ڕێکەوتنبەکانی نێوان کورد و هێزەکەی دەکات، ئامانجی نەمانی هێزی ژنانە تا بتوانێت فکری داعش بەسەر ناوچەکەدا بسەپینێت.

 

"لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ژنان لە ڕێگەی پێکەوەییەوە مافەکانیان دەستەبەر کردووە"

ئاماژەی بەوەدا، هەبوونی هێزی یەپەژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستکەوتی گرنگە بۆ ژنان، بەڵام ئەو فکرە داعشییەی لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە پەیڕەو دەکرێت، هێزی ژنان لە ناوچەکەدا پەسەند ناکات، هێزی ئەحمەد شەرع پەیوەستن بە ئیسلامێکی سیاسیی توندڕەو هەبوونی هێزی ژنان و هەڵگرتن و بەرگریکردن لە لایەن ژنانەوە بۆی قبوڵنەکراوە، وتیشی: هەبوونی هێزی سەربازی لە کۆنەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەوروبەریدا هەبووە، بەڵام ئەو فکرە داعشی و بەعسییەی ناوچەکە ڕێگەی بە بەشداریکردنی ژنان لە هێزە سەربازی و بەرگرییەکاندا نەدەدا، تەنها لە دامودەزگاکاندا کاربەڕێکەربوون، بەڵام پاش دامەزراندنی یەپەژە و بەشداریکردنیان لە ڕووخانی دەسەڵاتی داعش و بەرگری کردن لە مافەکانی ژنان، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ژنان لە ڕێگەی پێکەوەییەوە مافەکانیان دەستەبەر کردووە، تواندرا لە ڕێگەی هێزی ژنان و پێکەوەییان نەک تەنها لە هێزی سەربازیی بەرەوپێشچوون، بەڵکو لە ڕووی فکریشەوە بەرەوپێشچوون.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نەجمە عەلوش وتی: ئێمەی کورد هەبوونی زمانمان ناسنامەی ئێمەیە، ڕێگە بە نەبوونی زمانی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا نادەین، بەڵام  بیندرا لە سووریا لە ناوچەکوردنشینەکان تابلۆی دامودەزگاکانیان کە نوسینی کوردی لەسەربوو لابرد، گەلی کورد لە ناوچەکەدا هاتنە دەنگ و بەو بڕیارە ڕاززی نەبوون، بۆیە دەبێت لە ناوچە کوردنشینەکان بە زمانی کوردی کاروبارەکانی حکومەت و خوێندنگەکان بەڕێبکرێت، منداڵانی کورد بە زمانی کوردی خوێندن بکەن، لە جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی کورد، لێکەوتەکان لە لایەن گەلەوە پێچەوانەو قورس دەبێت، گەلی کورد هەردەم ئاشتی خواز بووە، بە تایبەت ژنان سەرەڕای ئەو زهنییەتەی بەسەریاندا دەسەپێندرێت، بەڵام هەردەم ئاشتی خوازبوون، بۆ ڕێگریکردن لە مافەکانیان بە تایبەت نەبوونی زمانی کوردی لە ناوچەکن و هەڵوەشاندنەوەی هێزی ژنان یەپەژە لە ناوچەکەدا، هەڵوێستی گەل و بەتایبەت ژنان جیاواتر دەبێت، بەرپەچی حکومەتی کاتی سووریا دەدەنەوە.