ژنان بەشدارییان لە سیمیناری ژنۆلۆژی لە فێستیڤاڵی گیابەهاری قەندیل کرد
فێستیڤاڵی گیابەهاری و خواردنە کوردەوارییەکانی بناری قەندیل لە سێیەم ڕۆژیدا، سیمیناری ژنۆلۆژی و زانستی ژنی پێشکەش کرد.
قەندیل
دوێنی سێیەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی گیابەهاری و خواردنە کوردەوارییەکانی بناری قەندیل، تەنها بە پیشاندانی خواردن و گیابەهارییەکان نەبەسترا، بەڵکو بە تەوەرکردنی بابەتە فکری و کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتی “ژنۆلۆژی” و زانستی ژن، ڕەهەندێکی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بە فێستیڤاڵەکە بەخشی. لە چوارچێوەی ئەم چالاکیانەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و خەڵکی ناوچەکە بەشدارییان لە سیمینار و کۆڕە تایبەتییەکاندا کرد.
لە ناو چالاکییەکانی سێهەمین ڕۆژی فێستیڤاڵدا، سیمینارێکی فکری و ئەکادیمیی تایبەت بە “ژنۆلۆژی” بەڕێوەچوو کە لەلایەن “سیما هێمن” پێشکەش کرا. لە سیمینارەکەدا باسێکی فراوان لەسەر چەمک و بنەما فکرییەکانی ژنۆلۆژی کرا و ئاماژە بەوە درا کە ئەم زانستە هەوڵێکە بۆ نوێکردنەوەی تێگەیشتن لە ناسنامە و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا.
سیما هێمن لە وتارەکەیدا ڕوونیکردەوە کە ژنۆلۆژی وەک زانستی ژن، ڕەخنەیەکە لەو سیستەمە مێژوویی و پیاوسالارانەی کە بە درێژایی سەدەکان ژنیان لە چوارچێوەی چەوساندنەوە و نادیارخستنەوەدا هێشتووەتەوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم چەمکە یەکەمجار لە کتێبی “سۆسیۆلۆژیای ئازادی”دا لەلایەن ڕێبەر عەبدولڵا ئۆجەلانەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ ئاماژەی پێکراوە و تێیدا باس لە پێویستی دروستکردنی زانستێکی نوێ بۆ ناساندنی ڕاستی ژن دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، باس لە بۆچوون و وتەکانی ژمارەیەک لە بیرمەند و نووسەرانی جیهانی وەک “سیمۆن دی بۆڤوار” و “ڤێرجینیا وۆڵف” کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ژن دەبێت بتوانێت بە ئازادی ناسنامە و شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەدا بنیاد بنێت و لە قەیدە ڕەگەزگەرایەتییەکان رزگار بێت.
هەروەها لە سیمینارەکەدا بەشێک لە نامە و بۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی خوێندرایەوە، کە تێیدا باس لە گرنگی ئازادی ژن، گۆڕینی مێنتاڵیەتی پیاوسالاری و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و هاوسەنگ دەکرا.
بەشداربووانی سیمینارەکە ئەو چالاکیانەیان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی ڕۆڵی ژن لە ژیانی گشتی و کولتووری ناوچەکە ناساند و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە فێستیڤاڵە جەماوەرییەکان دەتوانن ببنە شوێنێک بۆ گفتوگۆ و گەشەپێدانی بیر و هزری نوێ.
فێستیڤاڵی گیابەهاری و خواردنە کوردەوارییەکانی بناری قەندیل، کە بە ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو، بە چەندین چالاکی هونەری، کولتووری، فکری و پیشاندانی بەرهەمە ناوخۆییەکان دوێنێ کۆتایی پێهات و توانی وەک ڕووداوێکی جەماوەری و ڕۆشنبیری، گرنگی پاراستنی کولتوور و پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆیی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەرجەستە بکات.