ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەی دەم پارتی كە پێشكەشی كۆمسیۆنی كردووە ئاشکرا کرا
دەم پارتی، لە ڕاپۆرتە ٩٩ لاپەڕەییەکەیدا کە پێشکەشی کۆمسیۆنی “دیموکراسی، خوشک-برایەتی، یەکگرتنی نەتەوەیی” کردووە، بۆ چارەسەریی پرسی کورد چوارچێوەیەکی بەرفراوان دەخاتەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
دەم پارتی، ڕاپۆرتە شەش بەشەکەی خۆی کە لە چوارچێوەی کارەکانی کۆمسیۆنی دیموکراسیی و خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی ئامادەی کردووە و لە ٩٩ لاپەڕە پێکهاتووە، هەم پاشخانی مێژوویی و هەم چارەسەری سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتی پێشنیاردەکات.
لە ڕاپۆرتەکەی دەم پارتیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیای پاوانخواز و ناوەندی، بە دوورخستنەوەی ناسنامە جیاوازەکان، پرسی کوردی قووڵکردووەتەوە. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە پرسەکە گەیشتووەتە ئاستێکی هەرێمی کە نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە ڕۆژەڤی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
هەروەها باس لەوەش کرا، کە ئەو وێرانکارییەی لە پرۆسەی شەڕ کەوتووەتەوە، چیتر بەردەوام نابێت و پرسەکە تەنها “پرسێکی ئەمنی” نییە، بەڵکوو پرسێکی دیموکراتیکبوونی سیاسی، کەلتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییە.
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە، ئاشتی تەنها بێدەنگیی چەکەکان نییە؛ لە ڕێی دادپەروەری، فرەلایەنبوون، بەشداریی دیموکراتیک و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەشێت ڕێکبخرێت.
هەر لە بەردەوامیدا ئەوەش هاتووە، بۆ چارەسەری، پێویستە زمان، سیاسەت و دامەزراوەکان لەسەر بنەمای “گونجان، ناسین و فرەلایەنبوون” سەرلەنوێ بنیات بنرێن، سەردانی کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی وەکو بەهێزبوونی ئیرادەی چارەسەری پێناسەدەکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیاندراوە، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ، وەکو یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەی ئاشتی، لە هەلومەرجی ئازادتردا بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.
هەروەها پێشنیاری ئەوە کرا کە دیدارە ڕاستەوخۆکانی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان، ئەکادیمیسیەن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بە یاسایی بکرێن.
بۆ چارەسەریی هەمیشەیی پاکێجێکی یاسایی و ڕیفۆرمی بەرفراوان پێشکەشکران و بەم شێوەیە بەردەوام بوو:
-یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک جێبەجێبکرێن
-ڕیفۆرمەکانی بەرفراوانکردنی ئازادیی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای سزادانی تورکیا، یاساکانی ڕێکارەکان دژی تاوان.
-کۆتاییهێنان بە سەپاندنی قەیومەکان و ئازادکردنی زیندانییانی نەخۆش.
-جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای دەستووری، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپی و لابردنی ستەمەکانی پەیوەست بە بڕیارەکانی حوکمی یاسایی.
-مسۆگەرکردنی مافی پەروەردە و خزمەت بە زمانی دایک.
-دامەزراندنی کۆمیسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری لە پەرلەمان و دەرکردنی یاسایەکی کۆمەڵگەی مەدەنی نوێ.
پەیمانی کۆمەڵایەتی و ژیانی پێکەوەیی
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئاشتیی هەمیشەیی تەنها بە لێکتێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتیی نوێ دێتە دی، کە هەموو ناسنامەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان شوێنیان هەبێت و باس لەوە کرا کە ئاشتی متمانە بە یەکتر بەهێز دەکات، جیاکاری کەمدەکاتەوە و ژیانی هاوبەش دەڕەخسێنێت.
ئاشتی ئارامی دەهێنێت
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئاشتی لە تورکیا:
-خەرجییە ئەمنییەکان کەمدەکاتەوە
-پێشکەوتنی ناوچەکە بەهێز دەکات
-کشتوکاڵ، گەشتیاری و بەرهەمهێنان زیندوو دەکاتەوە
-هیوای گەنجان بە داهاتوو بەهێز دەکات.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، کە ئەگەر تورکیا پرسی کورد بە ڕێی دیموکراتیک چارەسەر بکات، ئەوا دەبێتە مۆدێلێکی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێز لە سەقامگیری ناوچەکەوە وەردەگرێت.
لە کۆتای ڕاپۆرتەکەشدا ئەوەهاتووە، بانگەوازمان لە هەموو ئەکتەرە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ئەوەیە کە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی بکەن، ئەم پرۆسەیە، کلیلی دامەزراندنی سەدەی دووەمە لە تورکیا لەسەر بنەمای ئازادی، دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان، لەژێر چەتری کۆماری دیموکراتیکدا.