نامەیەکی کراوە حکومەت لە مردنی ڕۆژانەی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی لە کاتی هاتووچۆیاندا بەرپرسیار دەکات

کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس بە نامەیەکی کراوە کە ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و چەند وەزارەتێک کراوە، پرسی ژنانی کرێکاری کوشتوکاڵی ژنانی هێنایەوە پێشەوە، داوای ڕوونی دەکات سەبارەت بە چارەنووسی ئەو بەڵێنە فەرمیانەی کە دوای هەر کارەساتێک دراون.

تونس


ناوچە گوندنشینەکانی تونس شاهیدی زیادبوونی مەترسیدارن لە ڕووداوەکانی گواستنەوە کە ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی تێیدا بەشدارن، هاتوچۆی ڕۆژانەیان دەکاتە گەشتێکی مەترسیدار بەهۆی ئامڕازە سەرەتایی و ناپارێزراوەکانی گواستنەوە، ئەم ڕاستیە تاریکە کە ساڵانێکە بەردەوامە، دۆخی ناجێگیری هەزاران ژن کە لە بوارەکاندا کاردەکەن ئاشکرا دەکات و پرسیاری جددی لەبارەی نەبوونی چارەسەری کردەیی بۆ مسۆگەرکردنی مافی گواستنەوەی پاریزراو و کاری شایستەیان دەوروژێنێت.

 

کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس، ٤ی تەمووز نامەیەکی کراوەی ئاراستەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتەکانی خێزان، ژنان، منداڵان و بەتەمەنەکان، تەندروستی، کاروباری کۆمەڵایەتی، گواستنەوە، ئامێر و نیشتەجێبوون و بۆ خەڵکی نیشتمانی کرد، نامەکە لەو باوەڕە پتەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەت لێپرسینەوە لە چارەنووسی ژنە کرێکارە کشتوکاڵییەکان و پێشکەوتنەکانی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە دوای هەر کارەساتێکەوە چەندین جار ڕاگەیاندرابوون، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، تەنها بۆ ئەوەی بابەتەکە لاببرێت و چاوەڕێی داهاتووی بکرێت.

 

تا کەی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵ بەردەوام دەبن لە باجدان بە ژیان و جەستەیان بۆ لاوازی ئابووری و کۆمەڵایەتی و لاوازی سیاسەتە گشتیەکان؟ تا کەی مافی ژیان و گواستنەوەی پارێزراو و کاری شایستە و پاراستنی کۆمەڵایەتییان تەنها بەڵێنێکی دواخراو دەمێنێتەوە؟

 

بۆتە شتێکی قبوڵنەکراو کە هەمان سیناریۆ خۆی دووبارە بکاتەوە: زیانبەرکەوتوو، بریندار، سەرەخۆشی فەرمی و پاشان بێدەنگی، لەکاتێکدا ژنان بەردەوامن لە گەشتکردنی ڕۆژانە بە ئامرازەکانی گواستنەوەی ناپارێزراو و کارکردن لە هەلومەرجێکدا کە سەرەتاییترین توخمەکانی کەرامەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدا نییە.

 

کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس پێی وایە دەوڵەت بە هەموو دامودەزگاکانیەوە، ئێستا پێویستە بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە ڕاستییەکان دەیخەنە ڕوو،  جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی کە ئامانجیان نەهێشتنی گواستنەوەی ناپارێزراوە بۆ ژنانی کرێکاری کشتوکاڵییە، گەیشتووەتە کوێ؟ کوا ئەو چاکسازییە یاسایی و ڕێکخراوەییانەی کە دەسەڵات بەڵێنی پێداوە؟ کوا میکانیزمەکانی کۆتاییهێنان بە دامەزراندنە ناجێگیرەکان و تێکەڵکردنی هەزاران ژنە کرێکاری کشتوکاڵی لە کەرتی فەرمیدا؟ کوا مافی پاراستنی کۆمەڵایەتی و داپۆشینی تەندروستی و خانەنشینی و بیمەی ڕووداوەکانی شوێنی کار؟ کوا ئەو دادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەی کە مسۆگەری یەکسانی ژنانی کرێکارانی کشتوکاڵی لە ماف و کەرامەتدا لەگەڵ کرێکارانی دیکە دەکات؟

 

ئێمە دەوڵەت بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی، داواش دەکەین لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان دوای ڕوودانی کارەساتەکان بگوازرێتەوە بۆ سیاسەتی خۆپارێزی کاریگەر و ڕێزگرتن لە پابەندبوونە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ پاراستنی مافی ژیان و کاری شایستە.

 

ڕێوشوێنی بەپەلە

لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵەکە داوای ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات، لەوانە: دابینکردنی چاودێری تەندروستی تەواو بۆ ژنانی بریندار، دڵنیابوون لە چاودێری پزیشکی و دەروونی بەردەوام و چاکسازییان، بەخشینی ئەوان و خێزانەکانیان لە هەموو خەرجییەکانی چارەسەرکردن تا چاکبوونەوەی تەواویان، هەروەها داوای پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ کەسوکاری زیانبەرکەوتووان و کرێکارانی بریندار دەکات، جگە لەوەش داوای دەرکردنی خێرای پەیڕەوی جێبەجێکردنی فەرمانی ژمارە ٤ دەکات، بۆ ئەوەی بە ناچالاکی نەمێنێتەوە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکی مسۆگەری پاراستن و مامەڵەی دادپەروەرانەی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی بکات.

 

جگە لەوەش، کۆمەڵەکە داوای پەسەندکردنی پلانێکی نیشتمانی بەپەلە دەکات بۆ گواستنەوەی پارێزراوی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی، کە بە هاوبەشی لەلایەن وەزارەتەکانی گواستنەوە، کەرەستە، کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، ناوخۆ جێبەجێ بکرێت، پابەند بێت بە چاودێرییەکی کاریگەر کە ڕێزگرتن لە پێوەرەکانی پارێزراوی و کەرامەتی مرۆیی مسۆگەر بکات، هەروەها کۆمەڵەکە داوای لێپرسینەوەی تەواو لە نێوان ناوەندەکان و خاوەنکارەکان و هەر کەسێک دەکات کە کەمتەرخەم بێت یان پێشێلکاری یاسا بکات بەپێی یاساکە، لە کۆتاییدا داوای کۆتاییهێنان بە دامەزراندنە ناجێگیرەکان و تێکەڵکردنی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی دەکات لە کەرتی فەرمیدا، مسۆگەرکردنی ڕێککەوتنی دامەزراندنیان بۆ بکرێت کە ڕێز لە مافەکانیان بگرێت، هاوکات مسۆگەریکردنی ئەوەی کە ژنانی کرێکاری کشتوکاڵ لە مافە تەواوەکانیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بیمەی تەندروستی، یارمەتی خانەنشینی، بیمەی ڕووداوەکانی شوێنی کار و نەخۆشییە پیشەییەکان بەهرەمەند بن، چونکە ئەمانە مافی بنەڕەتین کە ناتوانرێت کەمبکرێنەوە.

 

کۆمەڵەکە پێشبینی دەکات وەزارەتە پەیوەندیدارە جیاوازەکان بە جددی لەگەڵ ئەو پەیوەندیانەدا بەشداربن و وەڵامی داواکارییەکەی بدەنەوە بۆ کردنەوەی دیالۆگێکی بەرپرسیارانە کە ببێتە هۆی ڕێوشوێنی بناغەی بە وادەی ڕوون، چونکە پاراستنی ژنای کرێکاری کشتوکاڵی بابەتی خێرخوازی یان هاوپشتییەکی کاتی نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی یاسایی و سیاسی و ڕەوشتیە کە لەسەر دەوڵەتە.

 

خەبات بەردەوام دەبێت تا داواکارییەکان جێبەجێ دەکرێن
کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس دووپاتی کردەوە، کە هەڵمەتەکانیان بۆ مافی ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی بەردەوام دەبێت، خۆی لە نامەنووسی و داخوازی نووسراودا سنووردار نابێت، بەڵکو لەگەڵ ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نەتەوەییەکان و سەندیکاکان و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی ژنان، بۆ خەباتکردن بە هەموو ڕێگایەکی ئاشتیانە و ڕەوا تا ئەو کاتەی مافەکانیان بە تەواوی بەدی دێت، بەردەوام دەبێت.

 

هەروەها کۆمەڵەکە داوا لە هەموو هێزە دیموکراتی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە بخەنە لیستی یەکەمایەتیدانی نیشتمانییەوە، سەرەڕای سنووردارکردنی ئێستای دیالۆگ و داخستنی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت.

 

ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی تەنها هێزی کاری وەرزی نین، ئەوان ئەو ژنانەن کە بەشێکی بەرچاو لە ئاسایشی خۆراک و ئابووری گەل هەڵدەگرن و شایەنی دانپێدانان و پاراستن و دادپەروەرین.

 

کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس خەباتی خۆی ڕاناگرێت تا مافی ژیان و گواستنەوەی پارێزراو و کاری شایستە و پاراستنی کۆمەڵایەتی و داپۆشینی تەندروستی و خانەنشینی لە ڕاستیدا مسۆگەر نەکرێت نەک تەنها ئەو بەڵێنانەی کە دوای هەموو کارەساتێک نوێ دەکرێنەوە.