نۆ نەخۆشخانەی ئێران بەهۆی شەڕەوە خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی تەندروستی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە ١١ کارمەندی تەندروستی ئێران گیانیان لەدەستداوەو نۆنەخۆشخانە لە خزمەت دەرچوون و ٢٥ بنکە و نەخۆشخانەی تەندروستیش زیانیان بەرکەوتووە.
ناوەندی هەواڵ
محەممەد جەمالیان، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی پەرلەمانی ئێران بۆ ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە نۆ نەخۆشخانە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییان نەماوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراوە، لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ١٨ وێستگەی فریاگوزاری زیانیان بەرکەوتووە، ١٤ ئۆتۆمبێلی لەناوبراون و ٢٥ بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە، کە نۆ دانەیان توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییان نەماوە.
بە پێی هەمان ڕاپۆرت، تا ئێستا ١١ کارمەندی تەندروستی ئێران گیانیان لەدەستداوە و ٥٣ کارمەندی دیکەش بریندار بوون.