مۆزەخانەی نیشتمانی ئەفغانستان؛ یادەوەرییەکی کولتووری تاڵانکراو
مۆزەخانەی نیشتمانی ئەفغانستان بە یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی ناسنامەی کولتووری ئەو وڵاتە دادەنرێت، بەڵام لە سەردەمی شەڕە ناوخۆییەکان و ڕژێمی تاڵیباندا تووشی تاڵان و وێرانکارییەکی بەرفراوان بووە، هەروەها ژنانی ئەفغانستان ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ژوورەوە.
بەهاران لەهیب
کابول-مۆزەخانەی نیشتمانی ئەفغانستان بە یەکێک لە دیارترین دامەزراوە کولتووری و مێژووییەکانی وڵاتەکە ناسراوە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە پاراستنی ناسنامەی کولتووری ئەفغانستان، کە گەنجینەی شوێنەواری تێدایە کە ڕەنگدانەوەی مێژوویەکی هەزاران ساڵە، لە شارستانیەتی باکتری، کوشی، یۆنانی و ساسانییەوە تا دەگاتە ئایینی بودا و ئیسلام.

مۆزەخانەکە لە ساڵی ١٩٠٧ لەسەردەمی شا ئەمانوڵاخان دامەزراوە، سەرەتا ئەو شوێنەوارانە لە کۆشکی باغ بالا نمایشکران پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ شوێنی ئێستای لە دارل ئەمان لە کابول، مەبەست لێی کۆکردنەوە و پاراستن و نمایشکردنی دۆزراوەکانی شوێنەوار بوو لە سەرانسەری وڵات، لە نێوان ساڵانی ١٩٤١ بۆ ١٩٦١ مۆزەخانەکە بووە یەکێک لە گرنگترین مۆزەخانەکانی ناوچەکە، ئەمەش بەهۆی هەڵکۆڵینێکی بەرفراوان کە لەلایەن شوێنەوارناسانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدراون، لەم هەڵکۆڵینانەدا کەلوپەلی بەنرخی وەک پەیکەر و دراو و کۆفە و زەڕەنگەری و دەستنووس دەرکەوتووە، لەنێو دیارترین شوێنەوارە وێرانەکانی "طلا تبه"، پەیکەری بوداییەکان، دراوی یۆنانی باختریا و دۆزراوەکانی "آي خانم" هەیە.
بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩١، مۆزەخانەکە چووە قۆناغێکی تاریکی مێژووی خۆیەوە، کابول بوو بە گۆڕەپانی شەڕ و باڵەخانەی مۆزەخانەکەش چەندین جار بۆردوومان کرا، هەزاران شوێنەوار لە بازاڕی ڕەشی نێودەوڵەتیدا تاڵان کران یان فرۆشران هەندێک لە گروپە چەکدارەکان بەبێ گوێدانە بەهای ئەو گەنجینانە، کەیسەکانی نمایشکردنیان شکاند و ئەو شوێنەوارانەیان بۆ دابینکردنی دارایی شەڕەکەیان بەکارهێنا، ئەمەش زیانێکی قەرەبوو نەکراویان بە میراسی کولتووری ئەفغانستان گەیاند.
بەشێک لە باڵەخانەکە وێران بوو، هەروەها پارچەیەکی زۆر لە ژێر داروپەردوودا ون بوون یان زیانیان پێگەیشت، تۆمار و ئەرشیفی زانستی بە تەواوی لەدەستچوو، ئەمەش یەکێک لە کارەساتبارترین بابەتەکانی مێژووی کولتووری ئەفغانستان بوو.

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٧ دەسەڵاتی گرتە دەست، هیوای ئەوە دەخوازرا کە مۆزەخانەی نیشتمانی لە لەناوچوونی زیاتر ڕزگاری بێت، بەڵام قۆناغی سەرەتایی دەسەڵاتەکەیان کارەساتبار بوو، ئەوان بە ڕوانگەیەکی ڕەقەوە مامەڵەیان لەگەڵ شوێنەوارە هونەری و مێژووییەکان دەکرد، بە "بت" ناویان دەبرد و خاوەندارێتییان بە "قەدەغەکراو" دەزانی، پێیانوابوو پێچەوانەی بیروباوەڕەکانیانە.
لە ساڵانی ١٩٩٠ و ٢٠٠٠ تاڵیبان فەرمانی لەناوبردنی بەربڵاوی پەیکەر و شوێنەوارەکانی جگە لە شوێنەوارە ئیسلامییەکان دەرکرد، کە دەیان پارچەی ناو مۆزەخانەکە بە ئەنقەست شکێنران، لەکاتێکدا کارمەندەکانی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە یان هەڕەشەی ڕاستەقینەیان لێ کراوە، زۆرێک لە شارەزایان ناچار بوون لە وڵات هەڵبێن، بەمەش چالاکییە زانستییەکان بە تەواوی وەستان، هاوکات لەگەڵ لەناوچوونی بوداکانی بامیان، مۆزەخانەی نیشتمانی ئەفغانستانیش کەوتە زیانبەرکەوتووی ئەم کردەوەیە، بەو پێیەی بەشێک لە یادەوەری مێژوویی وڵاتەکە بە ئەنقەست سڕاوەتەوە.
لەگەڵ ڕووخانی یەکەمین ڕژێمی تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٠ هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی مۆزەخانەکە دەستیپێکرد، حکومەتی نوێ هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی باڵەخانەکە و وەرگرتنەوەی بەشێک لە شوێنەوارە تاڵانکراوەکان، هەرچەندە بەهۆی هەوڵی یونسکۆ و وڵاتانی دەرەوە هەندێک پارچە گەڕێنرانەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە گەنجینەکانی مۆزەخانەکە بۆ هەمیشە لەدەستچوو.
ئەمڕۆ مۆزەخانەی نیشتمانی ئەفغانستان وەک بەڵگەیەک لەسەر ئازار و خۆڕاگری و هیوا وەستاوە، سەرەڕای وێرانکارییەکان، هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی مێژوو و کولتووری وڵات، چیرۆکەکەی ئەوە نیشان دەدات کە شەڕ و توندڕەوی نەک مرۆڤ دەکوژێت بەڵکو یادەوەری کولتووری و مێژوویی گەلان دەسڕێتەوە، پاراستنی ئەم مۆزەخانەیە، پاراستنی شوناسی نەتەوەیی گەلی ئەفغانستانە، شوناسێک کە بەرەنگاری تاڵانکردن و وێرانکاری بووەتەوە و هێشتا پێویستی بە هۆشیاری و پشتیوانی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو هەیە.
وەک زۆربەی شوێنە مێژووییەکان کە بەڕووی ژنانی ئەفغانیدا داخراون، مۆزەخانەکەش لەم لیستەدا بوو، جێگای سەرسوڕمانە کە ژنان جگە لە ژنانی ئەفغانی ڕێگەیان پێدەدرێت وەک گەشتیار و سەردانکەر بچنە ژوورەوە، لەکاتێکدا ژنانی ئەفغانی لەم مافە بنەڕەتییە بێبەش دەکرێن.