میراسی ساکینە و فیدان و لەیلا پارێزبەندییە بۆ تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان
کۆمەڵکوژیی پاریسی ساڵی ٢٠١٣، بەشێک بوو لە سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ بێدەنگکردنی ژنانی کورد و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بەرخۆدان، سەرەڕای تاوانە بەردەوامەکان، قوربانیدانی ساکینە جانسز و هاوەڵەکانی ئیرادەی ژنانی بەهێزتر کردووە.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز، لەگەڵ فیدان دۆغان، تەنها بە ئامانجگرتنی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی سیاسی ڕوون بوو، چونکە هەڵبژاردنی ئەم سێ ژنە بە هۆی گرنگی ئاماژەییان لە تەڤگەری خۆڕاگریی کورددابوو، بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکانیان، کە گوزارشت لە خواستی تەواوی گەلێک دەکرد.
پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، ٩ی کانوونی دوەمی ٢٠١٣، شایەتحاڵی یەکێک لە تیرۆرە دیارەکانی بوو کە لەلایەن دەزگای دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا، ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و دیپلۆماتکار لە فەرەنسا، لەگەڵ فیدان دۆغان نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پاریس و لەیلا شایلەمەز ئەندامی تەڤگەری کورد کوژران.
دوای ۱۳ ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، حکومەتی فەڕەنسا تا ئێستاش ناتوانێت ڕاستی تەواو ئاشکرا بکات، دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، هەمان تاوانی دووبارە کردەوە و ئەڤین گۆی، سەرۆکی تەڤگەری ژنانی کورد و میر بەروەر، هونەرمەندی کورد و عەبدولڕەحمان کزل نیشتمانپەروەری تیرۆر کرد.
لە ۱۳هەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی پاریسدا، خەناف خەلیل، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە ئامانجە سیاسییەکانی ئەم تاوانە کرد و ڕایگەیاند، کە ئەوە تەنها هێرشکردنە سەر تاکەکان نییە، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک بووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بەرخۆدانی کورد و بێدەنگکردنی دەنگی پێکهاتە.
خەناف خەلیل جەختی لەوە کردەوە،کە لێکۆڵینەوەکان لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۳ ساڵ، هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی لێنەکەوتۆتەوە، وتی: ئەو چالاکوانە ژنانەی لەو کۆمەڵکوژییەدا کرانە ئامانج، کەسایەتییەکی سەرەکی بوون لە مێژووی بزووتنەوەی ژنان و کوردستاندا و ڕۆڵی ئەوپەڕی گرنگ و ڕەمزئامڕازێکییان هەبوو، ئەم تاوانە ڕووداوێکی تێپەڕ نەبووە، بەڵکو لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا هاتووە کە لەسەر بنەمای پێداگری داگیرکەری تورکیا لەسەر سەرکوتکردن دامەزراوە، هەروەها ۱۳ ساڵ تێپەڕیوە و هەمووان ناسنامەی بەرپرسانی ئەم کۆمەڵکوژییە دەزانن، بەڵام بەداخەوە ئەو بەدواداچوونانەی کە ئەنجامدراون نەگەیشتوونەتە هیچ ڕاستی و لێپرسینەوەیەک.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز دید و ئیرادەیان بەرجەستە کردووە و تێکۆشانیان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ڕێگای ئازادی هەبووە، وتی: کاتێک باس لە خەبات و بەرخۆدانی ژنانی کورد دەکەین، یەکسەر ناوی ئەم سێ کەسە دێتە بەرچاومان، بەتایبەت ساکینە جانسز، کە یەکێکە لە دیارترین دامەزرێنەرانی پەکەکە، وشە ناتوانێ بە شێوەیەکی گونجاو باسی خەباتی ئەو بکات، لە کاتی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد، ناوەکەی وەک ئامڕازێک لە دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و نەتەوەیی دەوڵەتی سەریهەڵدا، بوون بە نموونەی ژنێکی ئازاد و خۆڕاگر، کەسایەتییەک کە نوێنەرایەتی ئیرادەی ژنانی دەکرد بۆ ڕزگارکردنی خۆیان و خۆڕاگربوون، ئەو پێشەنگ بوو لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی جینۆساید، بۆیە ئەم سێ ژنە تێکۆشەرە کە خەباتێکی پاڵەوانەیان ئەنجامدا، میراسێکی گەورەیان بۆ ژنانی کورد بەجێهێشت و ئەمڕۆش بە شوێنپێی ئەوانەوە بەردەوامین.
دووپاتی کردەوە، کە ژنانی کورد هاوبەشی میراسێکی هاوبەشن و درێژە بە ڕێبازەکەی دەدەن، وتی: بە ئازارە شایەتحاڵی دوو کۆمەڵکوژی هاوشێوە بین لە پاریس، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی سیاسەتی جینۆساید لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەردەوام بووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئێستا بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی بەرفراوان پراکتیزە دەکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ڕێگای ژنانی ئازاد لەلایەن ئەو سێ چالاکوانە ژنەوە هێڵکارییان کردووە بەردەوامە، هەموو ژنان وەک بازنەیەکی بەهێز لە دەوری ئەم میراسە گەورەیە یەکدەگرن و بێ وەستان خەباتی خۆیان بەردەوام دەکەن، وتی: بۆچی ئەم خەباتەمان ئەنجامدا؟، بۆچی ئەم باجە قورسە درا؟، وەڵامەکە ئەوەیە کە ئێمە وەک ژن بتوانین بە ناسنامە و دیدگای خۆمانەوە بژین، سیستەمی ئازادی خۆمان بونیاد بنێین، زێدی خۆمان و بوونی خۆمان بپارێزین و لەسەر ڕێبازی پێشەنگەکانمان بەرەو پێشەوە بڕۆین کە قوربانیی کۆتایییان داوە.
خەناف خەلیل ئاماژەی بەوەدا، کە کاریگەرییەکانی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درێژبووەوە، وتی: دەستکەوتەکانمان کە لە ژنانی ئازاد و هۆشیار و ڕێکخراودا بەرجەستە بوون خاوەنی ناسنامەیەکی سەربەخۆن، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر زلهێزە هەژموونییەکان و بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا پێکدەهێنن، هەر بۆیە ئەو زنجیرە کۆمەڵکوژیانەی لە پاریس دەستیپێکرد نەوەستا، بەڵکو لە ناوچەکانی ئێمەدا بەردەوام بوو، دەیان ژن کە پێشەنگ بوون لە بوارەکانی ڕێکخستن، کۆمەڵگە، سیاسەت، سەربازی، و پەروەردە، کرانە ئامانج و بە دڕندەی تیرۆرکران.
وتیشی: کۆمەڵکوژی پاریس و ئەو تاوانانەی کە بەدوایدا هات، مەبەست لێی ڕێگریکردن بوو لە ژنان و دوورخستنەوەیان لە ڕێگای ئازادی و شۆڕش، بەڵام لە ڕاستیدا چی ڕوویدا؟، وێنەی ژن بەهێزتر بووە و بوونیان لە هەموو کاتێک زیاتر بەرچاو کەوتووە، ئەمڕۆ هەزاران ژن لە ڕیزەکانی خەباتدا پێگەی پێشەنگیان داگیرکردووە، ئەگەر چی ساکینە یان زەهرا شەهید بوون، بەڵام شوێنەکەیان پڕدەکرێتەوە بە هەزاران ژن کە بەردەوامن لە ڕێگاکە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەوان تەڤگەرێک نین کە لە بەرامبەر شەهیدبووندا پاشەکشە بکەن، وتیشی: بەپێچەوانەوە هەموو قوربانیدانی ژنانی شەڕڤان ئیرادەمان بەهێزتر دەکات و بەرخۆدانمان فراوانتر دەکات، بۆیە ئەو میراسەی کە ژنانی کۆمەڵکوژی پاریس بۆ ئێمە بەجێیان هێشتووە بووەتە بەشێک لە ناسنامەکەمان، لە ڕێگەی بەرخۆدان و ڕێکخستن و خۆڕاگرییەوە دەیپارێزین، پڕۆژەی ئێمە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ زیندووکردنەوەی ئەم میراسەیە لە سەرتاسەری سووریا، بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆژەیەکی هەمەلایەنە کە هەموو ژنانی سووریا تێیدا بەشداربن.