"میراسمان ناسنامەی ئێمەیە" تەوەری دانیشتنێکی دیالۆگە لە قامیشلۆ
دەستەی کولتوور و هونەر لە شاری قامیشلۆ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دانیشتنێکی گفتوگۆی لەسەر گرنگی پاراستنی میراس و ناساندنی پێکهاتەکان بە میراسی یەکتر ئەنجامدا.
قامیشلۆ
ئەمڕۆ٧ی تشرینی دووەم، لە شاری قامیشلۆ، دەستەی کولتوور و هونەر لە کانتۆنی جزیرە، دانیشتنێکی دیالۆگی ڕێکخست بۆ تاوتوێکردنی گرنگی پاراستنی میراسی پێکهاتەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بە دروشمی “میراسمان ناسنامەی ئێمەیە” بە ئامادەبوونی دەیان نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەک دامەزراوە بەڕێوەچوو.
سەرەتای دانیشتنەکە بە باسکردن لە گرنگی شارستانییەتی مێژوویی لە ناوچەکە و فرەچەشنی کولتووری دەستیپێکرد، دواتر تەوەری یەکەم، کە باس لە بەڵگەنامەکردنی میراسی نامەعنەوی، گواستنەوەی زانست بۆ نەوەکانی داهاتوو، و پاراستنی میراسی نامەعنەوی کولتووری کرا.
تەوەری دووەمی دانیشتنەکە دەستی خستە بەردەم ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی هەوڵی پاراستنی میراسی نامەعنەوی دەبنەوە، هەروەها چارەسەر و پراکتیکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئەم میراسە، دوای ئەوە زەمینە بۆ گفتوگۆکردن لەلایەن ئامادەبووانەوە کرایەوە.
"دەبێت قووڵتر بچینە ناو پرسی پاراستنی میراسەکانەوە"
لە پەراوێزی دانیشتنەکەدا، ماریا ئاهۆ، نوێنەری دەستەی کولتوورو هونەر وتی: گرنگی بەڕێوەچوونی ئەم دانیشتنە دیالۆگانە لەبەر ئەوەیە کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لە گرنگی بەردەوامبوون لە پاراستنی میراس، سەرەڕای ئەوەی کە میراس لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن وڵاتانی سەرمایەدارییەوە لەناوچوو کە سیاسەتەکانیان لەسەر کۆمەڵگەکان پراکتیزە دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە چەندین هەنگاو یان چارەسەر هەیە کە دەبێت بیگرینەبەر بۆ پاراستنی میراسی پێکهاتەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکە بە قووڵی سەبارەت بە هەمەجۆریی میراا و کولتوور بوو لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جگە لە ناساندنی هەر پێکهاتەیەک بە میراسەکەی و چۆنیەتی پاراستنی، و بەم شێوەیە پێکهاتەکان زیاتر یەکتر دەناسن.
"گواستنەوەی میراس بۆ نەوەکانی داهاتوو گرنگە"
ڕەبا فەریحات، بەرپرسی کۆمەڵەی کولتووری سووریا وتی: بەو پێیەی میراسی نامەعنەوی بناغەی بنەڕەتی پاراستنی میراس پێکدەهێنێت و بەو پێیەی نیمچە دوورگەی سووریا بە میراس و فرەچەشنی کولتووری تایبەتمەندە و نەتەوە جیاوازەکانی لەخۆدەگرێت، بینیمان کە دەبێت دەست یەکبگرین بۆ پاراستنی ناسنامەی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
وتیشی: لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی بە ئامانجگرتنی هەرێم، لەوانەش کۆچی زۆرەملێ و گۆڕانی دیمۆگرافی، دەبێت درک بە مەترسیی پشتگوێخستنی میراسەکانمان بکەین، کە پاراستنی لە لەناوچوون بەرپرسیارێتی ئێمەیە، بە بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ گواستنەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر.