مەریەم نوری، یەکەم قوربانی بەلەمە نقومبووەکەی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا

یەکەمین تەرم کە لە ڕووداوی نقومبوونی بەلەمی کۆچبەران لە کەنداوی ئینگلیز لەنێوان فەڕەنسا و بەریتانیا ناسرایەوە، تەرمی مەریەم نوری محەمەد ئەمینی تەمەن ٢٤ ساڵە کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

ناوەندی هەواڵ

 

مەریەم نوری محەمەد ئەمین یەکێک بوو لەو ٢٧ کەسەی کە ڕۆژی چوارشەممە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ بەریتانیا بەهۆی نقوم بوونی بەلەمەکەیان گیانی لەدەستدا.

 

ماڵپەڕی بی بی سی لەگەڵ کارزان ئەسعەد دەستگیرانەکەی مەریەم کە لە بەریتانیا دەژی قسەی کردووە و زانیاری لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو.

 

دەستگیرانەکەی مەریەم  ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی نقومبوونی بەلەمەکەدا باران نامەی بۆ ناردووە و هەوڵی داوە ئەسعەد دڵنیا بکاتەوە کە ئەوان ڕزگاریان دەبێت، بەڵام یارمەتی زۆر درەنگ گەیشتووە.

 

ئەوەشی وتوە کە باران لەگەڵ کچە خزمێکی تریان لەناو بەلەمەکە بوون، ئەو ئاگاداری دەرچوونی بەلەمەکە نەبووە، وادیارە باران ویستوویەتی سەرسامی بکات کاتێک دەگاتە لای دەستگیرانەکەى، بەڵام لەکاتی نقومبوونی بەلەمەکەدا ناچار بووە نامەی بۆ بنێرێت.  


پێش ئەوەی بەلەمەکە بە تەواوی نقوم بێت، باران و ئەسعەد لەڕێگەی سناپچاتەوە گفتوگۆیان کردووە، باران پێی وتووە کە "وا خەریکە بەلەمەکە نقوم دەبێت و هەر خەریکن ئاوەکەی ناوی خاڵی دەکەن."  


ئەسعەد دەشڵێت، لە کۆتا نامەیدا مەریەم دەیەوێت هیوای پێ بدات کە بەرپرسان دەگەن و ڕزگاریان دەکەن.  


خاڵی مەریەم بە بی بی سی وتووە، کە ئەوان لەڕێگەی دوو کەسی ترەوە زانیویانە کە باران لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەستداوە، ئێستا چاوەڕێ دەکەن تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

بەپێی زانیارییەکان لەو ڕووداوەدا تەنها دوو ڕزگاربوو هەن کە عێراقیەک و سۆماڵییەکن کارەساتەکە بە گەورەترین زیانی گیانی دادەنرێت.