مەراسیمێک بە دروشمی'' یەک ڕەنگم و بێ ڕەنگم و ڕەنگینم بە هەموو ڕەنگ'' ئەنجامدرا
ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO و کۆمەڵەی تالاسیمای سلێمانی، بە بۆنەی ٢٩مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەکەوە مەراسیمێکیان سازکرد.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی CDO، لە شاری سلێمانی، لە لایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO و کۆمەڵەی تالاسیمای سلێمانی، مە راسیمێک بە دروشمی ''یەک ڕەنگم و بێ ڕەنگم و ڕەنگینم بە هەموو ڕەنگ''، بە بە بۆنەی ٢٩ ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەکەوە سازکرا، کە تێیدا خەڵات و ڕێزلێنان بەخشرایە توشبووانی نەخۆشی تالاسیمیا لە بەرامبەر گرنگیدان بە بەهرە و تواناکانیان سەرەڕای ئاستەنگیەکانی ژیانیان.
''پێویستە لە هەموو شوێنێک کۆمەڵەیەک هەبێت بۆئەو چینە''
لەیلا عەبدولڕەحمان، مامۆستا و هە ڵگری نەخۆشی تالاسیما، وتی: نەخۆشانی تالاسیما ژمارەیان زۆرە، بۆیە پێویستە لە هەموو شوێنێک کۆمەڵەیەک هەبێت بۆئەو چینە، هەروەها دەستخۆشی لە کۆمەڵەی تالاسیمای سلێمانی دەکەم کە زۆر گرنگی دەدات بە نەخۆشەکان و هاوکاریان دەکات لە هەموو ڕویەکەوە، کە هاوکاریەکان تەنها ماددی نین بەڵکو مەعنەویشن، هەروەها زۆر سوودمان لە کۆمەڵە بینیوە، چونکە هانمان دەدەن بۆ زۆر شتی باش.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: سەنتەری تالاسیما زۆر هاوکاری من و نەخۆشەکانی کردووە، زۆر سوپاسی هەموو پزیشکەکان وکارمەندەکان دەکەم، چونکە ئەو ئەرکەی کە ئەوان ئەنجامی دەدەن بە هیچ شتێک پاداشت ناکرێنەوە، بۆیە دەڵێم خوایە گیان پاداشتیان بدەیتەوە.