کژار: بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" کەزییەکانی شۆڕش دەهۆنینەوە
بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ٨ـی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانەوە، کژار ڕایگەیاند، بە دروشمی ژن ژیان ئازادی کەزییەکانی شۆڕش دەهۆنینەوە.
ناوەندی هەواڵ
بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ٨ـی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەمشێوەیەیە:
“سڵاو بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بە باڵادەستی، ئیرادە و فەزیلەتی ژنبوونەوە لەسەر ڕێچکەی ئازادی هەنگاو هەڵدێنن و لە تێکۆشان و هەوڵداندان بۆ ژیانێکی ئازاد. ٨ـی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار بە جۆش و خرۆشی “ژن ژیان ئازادی”ـیەوە لە هەموو ئەو ژنانە پیرۆزدەکەین کە لەم ڕێیەدا بەرخۆدان دەکەن و برەو بە تێکۆشان دەدەن.
٨ـی ئادار، یادی ئەو ١٢٩ ژنە کرێکارەی کە ساڵی ١٨٥٧ لە کارگەیەکدا لە نیویۆرک سووتێندران، بووە مەشخەڵی مێژوویی بەرخۆدان و ئازادی بۆ هەموو ژنان. جێی خۆیەتی یاد و یادەوەریی هەموو شەهیدانی ٨ـی ئادار کلارا زێتکین، ڕۆزا لوکسمبۆرگ، ساکینە جانسز، شیرین عەلەم هولی، ئەمینە ئەرجیس، فەراشین بێریتان، شیلان پەپوولە، دەنیز چیا و هەموو ئەو ژنانە بەرز ڕابگرین، کە لە ڕێی ئازادیدا گیانی خۆیان فیداکردووە. هەروەها شەهیدانی ئازادی و دیموکراسی بە تایبەت ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسووڵی بەبیردەهێنینەوە کە لە سەرهەڵدانەکانی ژن ژیان ئازادیدا گیانیان لەدەستدا.
لە میانەی توندترین قۆناغی جەنگی جیهانیی سێیەمدا پێشوازی لە ٨ـی ئادارێکی تر دەکەین. لە لایەکی ترەوە لەم قۆناغەدا ڕێبەر ئاپۆ ڕەهەندێکی ماناداری بە ئاڕاستەی ئیرادەمەندی بۆ ئاشتی، بۆ ژنان و گەلان خوڵقاندووە. ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ قۆناغێکی تری لە تێکۆشان دەستپێکردووە و بەرپرسیارێتیی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی یەکێتیی کۆمەڵایەتی، ئاشتی و ژیانی دیموکراتیکی گرتووەتە ئەستۆ، نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکوو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. ئەم بەرپرسیارێتییە لە پێناو ئازادبوونی گەلانە لە سیستەمی بکوژانی کاستیک و دەستپێشخەرییەکی پارادایمی و ستراتیژییە. هاتنەدیی پارادایمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێشنیاری کۆماری دیموکراتیک، پرۆژەیەکی چارەسەرییە بە ئاڕاستەی پێکەوەژیانی گەلان و سەرکەوتنی ژنان، کەلتوورەکان و باوەڕییەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازاد لە سەدەی ٢١ـدا. ئەمڕۆ، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی قەرزداری ئەم بانگەوازە مێژووییەی ٢٧ـی شوبات؛ بانگەوازی سەدەی ٢١ـە. لەم قۆناغەدا، توانای ڕژێمی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە دەستوەردانی دەرەکی، بەستراوەتەوە بە گرتنەبەری ڕێبازێکی دیموکراتیکی هاوتەریب لەگەڵ بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ.
بێگومان ڕژێمی ئێران یەکێکە لە ناوەندەکانی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان لە ناوچەکەدا. دوای ڕووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەر، زۆرێک لە هاوسەنگییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زیاتر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییانە. سەرهەڵدانەکانی گەل لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە تایبەت دووبارە سەرهەڵدانی گەل لە مانگی کانوونی یەکەمدا جارێکی تر بە بەشدارییەکی بەرفراوانی جەماوەری، ئەزموونی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەی کردووە. ئیلام و کرماشان خاڵە سەرەکییەکانی ئەم سەرهەڵدانانە بوون. بەرخۆدانیان لە بەرانبەر تاوانەکانی دەوڵەت، جیهانی هێنایە دەنگ. لە ئێستادا ڕژێمی ئێران دووچاری دابەشبوونێکی ناوخۆیی هاتووە. هەر بۆیە ڕژێم یان لە ڕێگەی قبووڵکردن و سازش لەسەر دیموکراتیکبوون دەچێتە پرۆسەیەکی گۆڕانکارییەوە، یان دەچێتە ژێر فشاری داینامیکە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە. ڕژێمی دژە ژنی ئێران هیچ بژاردەیەکی بەدەر لە دیموکراتیکبوون و گۆڕانکاری نییە. پرسگەلێک کە کۆمەڵگەکانی ئێران لەگەڵیدا ڕووبەڕوون، توندوتیژی دژی ژنان، سێدارە، قەیرانە ئابووری، ژینگەییەکان و فشارە نێونەتەوەییەکان گەیشتوونەتە ترۆپک و پێویستییان بۆ گۆڕانکاری کردووە بە شتێکی ئاشکرا. دەستپێکی سەرهەڵدانەکانی کۆتایی لە نێوان چینی ناوەڕاست و بازرگانانی بازاڕ، نیشانەی جددییەتی خەڵکە لە داواکارییەکانیدا. سەرهەڵدانە دیموکراتیکەکانی گەل ڕژێمی گەیاندووەتە خاڵی داڕمان. لە لایەکی ترەوە، بەرنامەکانی هاوپەیمانیی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، لە پیلانداڕێژییەکی نوێدایە. ئەم هاوپەیمانییە ئامانجی لێدانی گورزی ستراتیژی نییە، بەڵکوو ئامانجی ڕووخاندنی ڕژێمە.
لە پێشوازیی ٨ـی ئاداردا، ئێمە، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) لە پێناو بنیاتنانی سەردەمێکی نوێ کە تێیدا نەتەوەی دیموکراتیک و ئازادی ژنان بکرێتە بنەما، بانگەواز دەکەین. بێگومان ئەم توانا و زەمینەیەمان هەیە. بەرخۆدانی ژنان بە درێژایی مێژوو لە ٨ـی ئاداردا، تێکۆشانە هەنووکەییەکانمان، تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و تۆڕەکانی بەرخۆدان، مێژووی ٨ـی ئاداریان گەیاندووەتە ئەمڕۆ. ئەم مێژووە هەڵوێستی ژنانێکی ئازادە کە لە بەرانبەر کەلتووری پیاوسالاری، سەرمایەداری و چەتەکانی داعش و قاعیدەدا سەر نەوی ناکەن. ئێمە پێشوازی لە تێکۆشان بۆ هێنانەدیی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەکەین. بەڵێ! جیهانی ئەمڕۆ گەواهیدەری ئەو بەرخۆدانە شکۆمەندانەیە کە پشتڕاستکەرەوەی ئەوەن سەدەی ٢١، سەدەی ئازادیی ژنان دەبێت. لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا ڕۆژهەڵات، باکوور، شەنگال، ئەفغانستان، بەلوچستان، ئاسیا و ئەمریکای لاتین گەواهیدەری ئەو ڕاستییەین. لە ئێستادا شەپۆلی دووەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئێران لە ئارادایە و ڕووبەڕوویە لەگەڵ پاڵپشتییەکی بەرفراوانی جیهانی. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درووشمی “بە ژن ژیان ئازادی،
کەزییەکانی شۆڕش دەهۆنینەوە”وە دەچینە سەر شەقامەکان. لە ئێستادا لە ئێران شۆڕشی ژنانێک لە ئارادایە، عەقڵ، بوێری، دڵ و توانای بەرهەمهێنانی ژنانی ئەم قۆناغە بەهێزدەکات. کات، کاتی پرۆژەیە بۆ هێنانەدیی نەتەوەی دیموکراتیک، پێکەوەژیانی گەلان و یەکێتیی ژنان. ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە وەڵامدەرەوەی پێویستییە مێژووییەکانی ئەم قۆناغە. سەردەمی ئێمە، سەردەمی شۆڕشی ژنانە. شەپۆلی دووەمی ژن ژیان ئازادی کە ڕەنگ و جۆش و خرۆشێکی تر دەداتە ئەم شۆڕشانە، هێشتا بەردەوامی هەیە. ڕژێمی ئێران لە بەرانبەر هەڵوێستی بەرخۆدێرانەی ژنان و گەنجان لە سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییەدا و بە بەرچاوی جیهانەوە هەزاران گەنجی بێ تاوانی بە گولـلەی ڕاستەوخۆ بە ئاڕاستەی دڵ و سەریان تیرۆرکرد.
لەناو ئەم پشێوی و گێژاوەدا، تاکە ڕێبەر کە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی بەرجەستەکردووە و ڕایگەیاندووە و لە پێناویدا پرۆژەی هەبووە و کردوویەتی بە هێزی سیاسی-کۆمەڵایەتیی خۆی، ڕێبەر ئاپۆیە. هەر بەم بۆنەیەوە ڕۆژی ٨ـی ئاداری ڕێبەر ئاپۆ کە پشکێکی گەورەی لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا هەبووە، بە جۆش و خرۆشی مژدەی هاتنی بەهار، جوانی گوڵە بەهارییەکان و خۆشەویستی بۆ حەقیقەت بەرز ڕادەگرین.
سەرهەڵدانە کۆمەڵایەتییەکانی گەل هیوا و پێداگریی گەلان و بە تایبەت ژنان بۆ ئێرانێکی دیموکراتیک و ڕێچکەیەک بەرەو گۆڕانکاری نیشاندەدات. ئێمە، سەدەی ٢١ بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازاد دەهۆنینەوە و یەکگرتوویی دەبەخشین. بە هەموو ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەفغانستان دەڵێین: تەنها بە کۆبوونەوە لە دەوری پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانین بگەینە یەکێتی، دامەزراوەی هاوبەش و ژیانێکی ئازاد. ئێمە لە سەروبەندی هاتنەکایەی ڕێگرێکداین لە بەرانبەر زیهنییەتی پیاوسالاران، ڕەگەزپەرست، ناسیۆنالیست، ئایینگەرا و زانستگەرا کە بەربەستێکن لە بەردەم ژیانی پێکەوەیی گەلان. وەرن با هێزی خۆمان، دەستکەوتەکانمان، خەونەکانمان، جۆش و خرۆشی سەرهەڵدانی پێگەیشتووی ژن ژیان ئازادی لە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ سەما، گۆرانی، هونەر و هۆشیاری ئیکۆلۆژی و روحیی ٨ـی ئادار ئاوێتە بکەین. جەنگی جیهانیی سێیەم و زیهنییەتی پشت پەردەی ئەم جەنگە، لە هەوڵی گۆڕینی کارەکتەری سەدەی ژنان و قووڵکردنەوەی تاریکی و وێرانییدایە. ئاشکرایە کە سیاسەتەکانی پیاوسالاریی هەژموونخواز هەوڵدەدەن خۆیان بەسەر گەلان و بەتایبەت ژناندا بسەپێنن و تێکۆشانی ژنان بشێوێنن. بەرخۆدانی بەردەوامی گەلان بە پێشەنگایەتیی ژنان ئەم سیاسەتی شەڕەی ڕووبەڕووی شکست کردووەتەوە، کە نموونەکەی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەبینین. ئەم بەرخۆدانە، بەرجەستەکردنی بەرچاوی فەلسەفەی تیۆری، دامەزراوەیی و ماناداری شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش پێشەنگانی تێکۆشانی ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی چەتەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بوونەوە. تەرمی ژنان لە بەرزاییەوە فڕێدرایە خوارەوە و سووکایەتی بە تەرمەکانیان کرا. هەر بۆیە سیاسەتەکانی سێدارە و ژنکوژی لە هەموو شوێنێک لە یەک زیهنییەتی هاوبەشەوە سەرچاوەی گرتووە. دوای بڕینی قژی یەکێک لە تێکۆشەرە ژنەکانی کورد و بە دوایدا تووڕەیی ژنان و هەڵمەتی خۆرسک و جیهانیی کەزی هۆنینەوە لەلایەن ژنانەوە نیشانەی ئەوەیە کە سەما، هونەر و هاودەنگی، تەواوی گۆڕەپانەکان دەکاتە گۆڕەپانی بەرخۆدان و ئەمە هەمەڕەنگییە لە تێکۆشان و بەرخۆداندا کە تووڕەیی و پشێوی سیستەمی پیاوانەی لێ دەکەوێتەوە. لە لایەکی ترەوە ڕژێمی ئێران بە دەستگیرکردن و کوشتنی هەزاران کەس لە خۆپیشاندەران نیشانیدا کە چ ڕەفتارێک بەرانبەر خەڵک دەنوێنێت و خاوەنی چ شێوازێکی بەڕێوەبردنە. ڕژێمی ئێران لە بەرانبەر پێدانەوەی تەرمەکان بە بنەماڵەکانیان داوای پارەی کردووە کە لە ڕاستیدا مامەڵەی نامرۆڤانە و سەرکوتکردنی دەوڵەتی بە هەمووان نیشانداوە. ژنانی ئێران لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا پێشوازی لە ٨ـی ئادار دەکەن و ئامادەیی چالاکانەی ژنان لەمڕۆدا، لە ڕاستیدا شکستی کەلتووری مەرگدۆستی و ستەمە. لەمڕۆدا ژنان جارێکی تر هاواری ئازادی و تێکۆشان دژی توندوتیژی دەکەن و برەو بە هەڵوێستی خۆیان دەدەن بە ئاڕاستەی ئێرانێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. گەلی ئێران و بە تایبەت ژنان هەمیشە و بەردەوام پێداگری دەکەن لەسەر بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی. ئەوان داوای شێوازێکی خۆبەڕێوەبەری و نیشتیمانێکی دوور لە ژنکوژی، توندوتیژی، سێدارە، جیاکاری و وێرانکاری دەکەن. سەرهەڵدانەکانی گەل بە تایبەت لە کرماشان، ئیلام، ئەسفەهان، مەشهەد، قوم، قەزوین و ڕەشت بە هیوای ئازادییەوە بووەتە سەرچاوەی ئیلهام.
ئەمساڵ ئاماری توندوتیژی دژی ژنان بە تایبەت کوشتن بە بیانووی شەرەف، توندوتیژیی دەوڵەتی، توندوتیژیی خێزانی، سێدارە و بەشوودانی زۆرەملێی منداڵ بەرزبووەتەوە. بەرزبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نیشانەی ترسی دەسەڵاتە لە توانا و پێشەنگایەتیی ئەوان بۆ ئازادی و بە جۆرێک لە جۆرەکان تۆڵەسەندنەوەیە لە ژنان. هەر بۆیە پێویستە ئەمساڵ هەموو ژنان لەسەر بنەمای فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی بە ڕێپێوان و گۆرانیگوتن و سەما و هونەرەوە پێشوازی لە ٨ـی ئادار بکەن. سیاسەتی دامەزراوەیی و تێکۆشانی ژنان لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت. دەستکەوتەکان و ئەو کەلتوورەی کە جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، زەمینەیەکی گەورەی ڕەخساندووە و بووەتە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لە تێکۆشانی ژنانی ئێراندا کە بە پشتبەستن بەم دەستکەوتانە دەتوانین بگەینە ئەنجامی گەورەتر. فراوانی و ڕادیکاڵیزمی ئەم شۆڕشە ڕژێمی ئێرانی ناچار بە پاشەکشە کردووە و دیواری ترسی لە ڕژێم ڕووخاندووە. بارودۆخی بەر لەم شۆڕشە و دوای ئەوە بە شێوەیەکی گشتی جیاوازە.
بێگومان ئازادیی ئێران پەیوەستە بە ئازادیی ژنانەوە. ژنان چیتر شێوازی ژیانی خۆیان هەڵبژاردووە و ئازادی لە ژنانەوە دەستپێدەکات. بە واتایەکی تر، ئەو کەسانەی کە دڵیان بۆ ئازادی، شۆڕش، یەکسانی و دیموکراسی لێدەدات، سەردەکەون. ئێمە ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە لە سەدەی ٢١ـدا هێزی شۆڕشی سیاسین لە ئێران و لە بەرانبەر هەر سیاسەتێکدا دەوەستینەوە، کە هەوڵدەدات ڕێچکەی ئازادیی ژنان پەراوێز بخات. لەبەرئەوەی هەموو شێوازەکانی ستەم و شەڕی تایبەت لە بەرانبەر ژنان لە پێناو ملکەچکردنیاندایە، تاوەکو لەم ڕێیەوە کۆمەڵگەش بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بەکارهێنانی سێدارە و سیاسەتەکانی چاودێری وەک ئامڕازێکی سەپاندنی دیسپلین، لە ڕاستیدا نیشانەی لاوازیی دەسەڵات و بوونی درزێکی قووڵە لەنێوان کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا. ژنانی ئێران، ژنانێکی یەکجار بوێرن و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە بەرخۆدان و ملکەچنەبوونن لە بەرانبەر ستەم و لە تەواوی سەرهەڵدانەکاندا سەرەڕای توندوتیژی و سەرکوتکردن، ڕۆڵی پێشەنگایەتییان بینیوە. بێگومان بەرخۆدانی ژنان و هەڵوێستیان لە بەرانبەر دەسەڵاتدا لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی پاشەکشەی دەسەڵات. لە پرۆسەی سەرهەڵدانەکانی گەلدا هێزەکانی بەسیج، پۆلیس و پۆشاکمەدەنی ڕۆڵی سەرەکییان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا هەبوو و ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی زیاتر بوونەوە و زۆربەیان لە میانەی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی بوونەتەوە. لێپرسینەوە لە تەواوی ئەم ڕووداوانە دەکرێت و ئەم تاوانانە نابێت لەبیر بکرێن.
لەشفرۆشی، ئاڵودەیی، هەژاری، دەستدرێژی و پەلاماردانی ژنان، بێکاری، چەوساندنەوەی ژنان و سنووردارکردنیان لەژێر ناوی شەرەف و تەواوی نەریتە کۆنپارێزەکان، هەمووی بەرهەمی کەلتووری مەلا-پیاوسالارییە. هەر بۆیە ٨ـی ئاداری ئەمساڵ تێکۆشانێک دەبێت لە بەرانبەر ئەم کەلتوورە. ژنان دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادیش، هێشتا بە بیانووی حیجابەوە لەژێر فشاری دەروونی و توندوتیژیدان. ساڵی ٢٠٢٥ ئاماری لەسێدارەدانەکان ١٣٠٠ کەس بووە کە ٧٣٤ـیان ژن بوون. ٨٩ حاڵەتی کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە هەبووە. ٣٦ حاڵەتی بەشوودانی زۆرەملێی منداڵ هەبووە و ئەمە تەنها ئاماری فەرمییە. توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران بەرهەمی شەریعەت، یاسا و پیاوسالارییە. پریشکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێکراوە دەستی پێکرد و بە خێرایی لە ئاستی جیهاندا بڵاوبووەوە و پێداگری ژنانی لەسەر مافی جەستە و بڕیاردان بە هەمووان نیشاندا.
لە دیدگای کژارەوە ڕێکخستنی نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لە ڕێگەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکەوە دێتە دی. بەو پێیەی سەرهەڵدانە فراوانەکانی گەل لە ئێران نیشانیاندا کە دەسەڵاتی هەنووکەیی ڕەوایەتیی خۆی لەدەستداوە.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ژنانی لە دەوری خاڵە هاوبەشەکان کۆکردووەتەوە. ژیانی کۆمۆناڵی دیموکراتیک بنەمای کۆمەڵگەیەکی ئازادە. کژاریش وەکو پێشەنگی تێکۆشانی دیموکراتیک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێداگری کردووە لەسەر بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئەم تێکۆشانە لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی، زانستی ژن دەگەیەنێتە ئەنجام.
بەرخۆدانی زیندانییانی سیاسیی ژن بە تایبەتی زەینەب جەلالیان، وەریشە مورادی، پەخشان عەزیزی شەریفە محەممەدی، گوڵڕۆخ ئیرایی و نێرگز محەممەدی و دەیان ژنی تر نیشانەیەکە لە بەرخۆدانی ژنان و سەرچاوەی بەردەوامی ئیلهامە. ئامانجی ئێمە پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانە لە ئێران و هەموو بەشەکانی کوردستان و برەودانە بە تێکۆشان. ٨ـی ئادار، ڕۆژی وەستانەوەیە بە ڕووی هەموو جۆرەکانی ستەم و هۆنینەوەی ڕێچکەی شۆڕشە.
ژنان ئێستاش لە سەرانسەری جیهان لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشاندا ئامادەییان هەیە. ئیتر هەمووان باوەڕیان بە هێزی گۆڕانکاریی ژنان هەیە. هەر بۆیە زۆرترین هێرشەکانیش دەکرێنە سەر ژن. هەر بۆیە پێویستە ژنان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بە ڕوحی ٨ـی ئادار خۆیان ڕێکخراو بکەن و ببنە سەنگەرێکی بەهێز لە بەرانبەر ڕژێم. هێڵی ژیانی ئازاد کە لە دەوری نەخشەڕێی ژن ژیان ئازادی بەرجەستەبووە، بناغەی سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. هەر بەم بۆنەیەوە بانگەوازی “بە درووشمی ژن ژیان ئازادی، کەزییەکانی شۆڕش دەهۆنینەوە” بۆ هەموو گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی ئەو ژنانە دەکەین کە بەرگری لە بەهاکانی ئازادی، دیموکراسی و ئیرادەمەندی دەکەن.
لەسەر ئەم بنەمایە:
١. پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی خۆمان پەرەپێبدەین و چالاکییەکانی یەکێتیی ژنان لە پێناو ئێرانێکی دیموکراتیکدا زیاتر بکەین و پڕۆژەکانی دیموکراتیککردن بەرز بکەینەوە.
٢. بۆ بنیاتنانی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد، لەگەڵ تەواوی نەتەوەکانی ئێران وەک: فارس، بەلووچ، ئازەری، مازەنی، گیلەکی، کورد و عەرەب، میکانیزمەکانی پاراستنی خۆمان ڕێکبخەین.
٣. کاتی ئەوە هاتووە کە بەرەیەکی بەرفراوانی ژنان لەدەوری دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە تەواوی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو توێژەکانی ژنان وەک ژنانی فێمینیست، چالاکوانان، لایەنگرانی ژینگە و… هتد، ڕێکبخەین.
٤. خۆڕێکخستنی گەلانی ئێران، بکەینە جێگرەوەی ڕێکارە دیموکراتیکەکان و ڕاستیی گەلی ڕێکخراو بەدی بهێنین. ئێمە وەک کژار بەرپرسیارێتی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک دەگرینە ئەستۆ.
٥. پێویستە ژنە زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن؛ بەتایبەت زەینەب جەلالیان، وەریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی، گوڵڕوخ ئیرایی و نێرگز محەمەدی، و کۆتایی بە سزای لەسێدارەدان بهێنرێت. ئێمە داوای ئازادی بۆ تەواوی زیندانیانی سیاسی دەکەین.
٦. ئێرانێکی دیموکراتیک تەنها لە ڕێگەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکەوە دێتە دی. با بۆ داهاتوویەکی ئازاد، بە ڕێکخستنی هاوبەش ڕێگری لە کۆمەڵکوژی گەلان بکەین.
٧. لە بەرامبەر هێرشە پیاوسالارە هەژموونخوازەکانی ڕژێمی ئێران و سیاسەتەکانی دەستدرێژی، توندوتیژی، ڕەگەزپەرستی، نەتەوەپەرستی و کۆیلایەتی، بە ڕوحی ٨ـی ئادار دەنگمان بەرزتر دەکەینەوە. دەڵێین توندوتیژیی “پیاو-دەوڵەت” و هێرشە سیستماتیکەکان ئیتر بەسە. ژن ژیانە و ژیان نامرێت.
٨. یاساکانی ڕژێمی ئێران کە لە چوارچێوەی پشتگوێخستنی ژناندایە، چیتر ڕەوایەتی بۆ پاراستنیان نییە. بە میراتی دەستکەوتە گەورەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، ژنانی ئێران خەریکی نووسینەوەی مێژوون. پێویستە یاسایەکی نوێی دیموکراتیک لە ئێران لەلایەن ژنانەوە و بە دیدگای ئەوان و گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بنووسرێتەوە.
٩. پرسی ماف و ئازادییەکانی ژنان تەنها لە ڕێگەی یاساوە گوزارشتی لێ ناکرێت. ئەم پرسە ئەنجامی کۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە. ئازادیی ژن، گەرەنتیی ژیانی ئازادە.
١٠. لە جووڵانەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و هەروەها شەپۆلی دووەمیدا، دەیان هەزار کەس کوژران. ژینا، نیکا، شلێر، ڕووبینا ئەمینیان، دۆلارا کازمی و هەزاران ژنی گەنج، میراتی بەهاکانی ئازادین و نیشانی دەدەن کە ئێمە لە هەموو سات و لایەنێکی ژیاندا مافی دەربڕینی ڕا و بڕیاردانمان لەسەر خۆمان هەیە. داواکاری سەرەکی ئەوان ئێرانێکی دیموکراتیک و ئازادە. با خەونەکانیان بۆ ئازادیخوازی لە ڕێگەی تێکۆشانمانەوە بهێنینە دی.
١١. خەڵکی ئێران و بەتایبەت ژنان، لە دژبەرانی سەرەکیی تێکدان و تاڵانکردنی سروشت، بەستنی بەنداو و سووتاندنی دارەکانن. ئەوان پێداگریی خۆیان لەسەر پاراستنی سروشت و هەموو بوونەوەرە زیندووەکان نیشانداوە. با بەرگری لە ژیانی ئیکۆلۆژی بکەین و هەر شارێک بکەینە شارێکی ئیکۆلۆژی و دیموکراتیکی ژنان.
١٢. پێویستە ڕێکخستنێکی یەکگرتوو پێکبهێنین و بە بیروڕا و بەشداریی خۆمان، تەواوی لایەنە سەرەکییەکان کە خەڵکی ئێران پێویستیانە، دابین بکەین.
١٣. پێویستە لە هەموو بوارەکاندا، لە کۆمۆنە گوندنشینەکانەوە تا پەروەردە، تەندروستی، کەلتوور، ئابووری، خۆپاراستن، هونەر، کۆمۆنەکانی فەلسەفە، منداڵان و بەساڵاچووان ڕێکبخەین. ڕاپەڕینە جەماوەرییە بەرفراوانەکان لە ئێران نیشانەی ئیرادەی گەل و بەتایبەت ژنانە بۆ ئازادی.
١٤. یەکێک لە ڕێگاکانی ملکەچکردنی کۆمەڵگە، سیاسەتی سێدارەیە. ئەم سیاسەتە دەبێت بێ مەرج کۆتایی پێبێت. داوای ئێمە لە هەموو ناوەندە دیموکراتیکە نێونەتەوەییەکان ئەوەیە کە کۆتایی بەم ڕێکارە کۆنەپەرستانە بهێنرێت. پێویستە هەوڵێکی دیپلۆماسی و کردەیی بدرێت بۆ ڕاگرتنی سزاکانی سێدارە. ڕێکخراوەکانی ژنان، نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەبێت ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. لە لایەکی تریشەوە دەبێت سزای تەمبێکارانە دژی ئێران دابڕێژرێت و جێبەجێ بکرێت.
١٥. ڕژێمی ژنکوژ و ئایینگەرای ئێران دەبێت بگۆڕێت. هیچ پڕۆژە و سیستمێکی کۆمەڵایەتی کە ئیرادە و ئازادیی ژنانی تێدا نەبێت، ڕەوایەتی و متمانەی نییە.
١٦. بڕیار و یاساکانی پەیوەست بە چاودێریکردنی ژنان لەرێگەی کامێرا و سزادانی کەسەکان، بە جۆرێک لە توندوتیژی دادەنرێت. هەر کامێرایەک ڕۆڵی ئەفسەرێکی پۆلیس دەگێڕێت. ئەم کارانە بەرهەمی عەقڵییەتی پیاوسالارانەیە. ئیرادە و پاراستنی ژنان بەم یاسایانە ناشکێت و چیتر بایەخیان نییە.
١٧. بنیاتگەرایی ئایینی، نەتەوەپەرستی و سەختترین شێوازەکانی جیاکاریی ڕەگەزی لە سیستمەکانی “دەوڵەت-نەتەوە” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینرێت. ڕژێمی ئێران یەکێکە لەو دەوڵەتانە. جیاکاریی ڕەگەزی و کەلتووری، قووڵترین لایەنەکانی پێکهاتەی ئایین لە ئێراندا بوونی هەیە. لە بەرامبەر ئەم سێ وێرانکەرەدا، ڕزگاری تەنها لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی پێکەوەژیانی هاوبەشی گەلانەوە دەستەبەر دەبێت.
١٨. دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە بە شێوازێکی دڕندانە دژی ژنانە. ئەم ڕژێمە بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ژنانەوە، بوونی خۆی دەپارێزێت. لە بەرامبەر سیاسەتە فاشیستی و ژنکوژەکاندا، با “ژن، ژیان، ئازادی” بکەینە فەلسەفەی ژیان.
١٩. با لە ٨ـی ئاداردا، کۆمیتەکانی ژن ژیان ئازادی، کۆمیتەکانی یەکسانی و ئازادی و ناوەندەکانی چارەسەریی خۆمان لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل گەشە پێ بدەین. بە دیدگای “ژنۆلۆژی”، کۆمۆنەکانی پێکەوەژیانی ئازاد و شوێنەکانی ژیانی جێگرەوەی ژنان ڕێکبخەین.
٢٠. خۆپاراستن مافە. پێویستە ژنان، پیاوان و گەنجان بە ئاگادارییەوە لەم ڕاستییە، میکانیزمی خۆپاراستنی خۆیان ڕێکبخەن.
٢١. خۆپاراستن مافێکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگە و ژنانە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتدا. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەبێت لێپرسینەوە لە بکوژان، ڕاسپێردراوان، دەستدرێژیکاران و ئەشکەنجەدەران بکرێت.
٢٢. لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، یاسای زۆر توندتر دژی ژنان لە ئێران دەرچوون. ئەم یاسایانە کارەساتی زۆریان خوڵقاندووە و کاریگەرییان لەسەر ژنان و گەنجان هەبووە. دەبێت ئەم یاسایانە هەڵبووەشێنەوە.
٢٣. بەبێ سیستەمێکی دیموکراتیک، خەڵکی ئێران پەراوێز دەخرێن و دەکرێنە ئامانج. ڕێگەی چارەسەریی دیموکراتیک تەنها لە ڕێگەی عەقڵ و هێزی بونیاتنەری ژنانەوە بەدی دێت. وەک کژار، ئامانجمان ڕزگارییە لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکەوە.
٢٤. ئێمە وەک ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخی ژنانی ئەفغانستان تێدەگەین و هەستی پێدەکەین و لە پاڵیان دەوەستین. بە دروستکردنی ناسنامەی ڕێکخراوەیی ژنان، تێکۆشانە هاوبەشەکانمان بەهێزتر دەکەین و دەستکەوتی بەردەوام بەدەست دەهێنین.
٢٥. ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی بۆ چەسپاندنی دیموکراسی گرتە ئەستۆ. لە ڕاستیدا ئەم بانگەوازە دەسپێشخەریی سەرکەوتنە لە سەدەی ٢١دا. هێشتا مەرجە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم دەسپێشخەرییە مێژووییە نەڕەخساوە؛ تەنانەت “مافی هیوا”ش لە کارنامە لادراوە. ئێمە تێکۆشانی ٨ـی ئادار لە چوارچێوەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی بەڕێوە دەبەین.
کاتی، کاتی ژنانە. بژی ٨ـی ئادار!
بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، کەزییەکانی شۆڕش دەهاۆنینەوە.”