ژنان بۆ ڕەنجی نەبیندراویان تێدەکۆشن

ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی جیاکاریی ڕەگەزی دەبنەوە لە ژیانی کارکردنیاندا، دژی فشارو ڕەنجی نەبینراویان و کاری قورسیان، دووهێندە تێدەکۆشن.

 

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- ژنان لە ژیانی کاردا ڕووبەڕووی جیاکاریی ڕەگەزی زۆر دەبنەوە، ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، وەک کەمی کرێ، لێدان، فشار، توندوتیژی، دەستدرێژی سێکسی و نەبوونی کار، لە شوێنی کاردا قوربانی دەدەن، ئەو ژنانەی کە بەرپرسیارێتی منداڵان و خێزانەکانیان هەڵدەگرن هێشتا لە تێکۆشاندان بۆ کارە نەبیندراوەکانیان.

 

ئیمان سەمیر، ڕۆژنامەنووس، هالا حەماد، دەرووناس بە بۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران دەربارەی کێشەکانی ژنان لە ژیانی کاردا قسەیان کردو باسیان لە فشارە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژی سەر ژنانی کرێکار کرد.

 

"دەیانەوێت ئێمە لە ماڵەوە زیندانی بکرێین"

ئیمان سەمیر، کە وەک ڕۆژنامەنووسێک لە پارێزگای ئەسیوت کار دەکات، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی ژن بوونیانەوە جیاوازی زۆر هەیە لە ژیانی کارکردندا، هاوڕێیەکی پیاویشی کە پێکەوە کار دەکەن پێی وتووە "هاوسەرگیری بکات و بگەڕێتەوە ماڵەوە" وتیشی: بۆچوونێک هەیە لەسەر ئەوەی کە ژنان لە ماڵەکانیاندا زیندانی بکرێن، بوونی ئێمە لە شوێنی کار وەک زیادە دەبیندرێت، ئەمەش ڕێگەمان پێ نادات بە ئازادی کار بکەین و بەرهەم بهێنین، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانم لەگەڵ هاوڕێکانم سنووردار بکەم و لە دەرەوەی کارەکەم بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەم.

 

"ژنان دەیانەوێت لە شوێنێکی سەلامەتدا کار بکەن"

ئیمان سەمیر ڕایگەیاند کە زۆرێک لە پیشەکان لە دەستی پیاواندان و توندوتیژی دەروونی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: ژنان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەبنەوە، ژنان دەیانەوێت لە ژینگەیەکی سەلامەتدا کاربکەن بۆ نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەزی و بەردەوام بن، بۆ ئەمەش پێش هەموو شتێک، پێویستە ڕێز لە مافی ژنان بگیرێت بۆ چوونە دەرەوە لە ماڵەوە، پێویستە ڕێز لە ڕۆڵ و ئارەزووەکانی ژنان بگیرێت و منداڵان بەو هەستیارییەوە گەورە بکرێن، پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە، ژنان لە ماڵەوە و لە شەقامەکاندا دەچەوسێندرێنەوە، بەتایبەتی فشار لەسەر ژنان لە شوێنی کاردا هەیە، بەڵام بە یاسایەکی بەهێز، دەتوانین شوێنی ژنان لە ژیانی کاردا بەهێز بکەین، کاتێک ژنێک سکاڵا لەسەر توندوتیژی و هەراسانکردن دەکات لە شوێنی کار، داوای بەڵگە لە ژنەکە دەکرێت، چۆن دەتوانێت ئەمە بسەلمێنێت؟ هەروەها ئەم پڕۆسەیە ژنان لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە.

 

"فشار لەسەر ژنان دەبێتە هۆی خەمۆکی"

هالا حەماد، دەرووناس ئاماژەی بەوەکرد ئەو ژینگە ناسەلامەتانەی کە ژنان تێیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و پێشێلکاری و جیاکاری دەبنەوە بەگوێرەی ڕەگەزیان کاریگەری لەسەر دەروونناسییان هەیە و وتی: باوترینی ئەم کاریگەرییانە بریتییە لە تێکچوونی فشاری دەروونی کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەک نەخۆشی دیکە، وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، فشاریان خستە سەر کارمەندانی ژن، و ئەنجامدانی ئەو کارە ڕێگایەکی هەڵەیە زۆرجار کاریگەری نەرێنی دەروونی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی بە نایەکسانی داراییەوە هەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەدای ئەوان کەمببێتەوە.

 

هالا حەماد ئاماژەی بەوەدا کە چەندین فاکتەر هەن کە ژینگەی کارکردن بۆ ژنان ناسەلامەت دەکەن و وتی: یەکەم ڕۆڵی جێندەری بەسەر ژناندا سەپێندراوە، ژنان بەهۆی دۆخی وەک دووگیانی و شیردانەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، یان هەڵنەبژێردراون بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی کاردا.

 

هالا حەماد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من پێم وایە بەهێزترین چارەسەر ئەوەیە کە ژنان مافی خۆیان بزانن. ئەمەش ڕێگە بە ئەوان دەدات کە سنوورێک بۆ دەوروبەری خۆیان دابنێن لە کاتی کارکردندا و ڕێگە نەدەن پێشێلکاری بەرامبەریان بکرێت.