مانگی سووری کوردی هەڵمەتی هاوکاری بۆ چەمچەماڵ دەستپێدەکات
مانگی سووری کوردستان دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ پێدانی هاوکاری بۆ دانیشتوانی شارۆچکەی چەمچەماڵی شاری سلێمانی کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ناوەندی هەواڵ
لە باشووری کوردستان بارانێکی بەخوڕ لە ٨ی کانوونی یەکەم کە دەستیپێکرد، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانیش زیانیان بەرکەوتووە، یەکێک لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان شارۆچکەی چەمچەماڵی شاری سلێمانی بوو، لە ئەنجامی لافاوەکەدا ماڵی دانیشتووان ژێرئاوکەوتووە و زیانی ماددی کەوتووە.
مانگی سووری کوردستان لە ڕۆژئاوا ئامادەکاری دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە چەمچەماڵ، لە پۆستێکدا کە لە هەژماری X ی ڕێکخراوەکەدا بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتووە: تیمەکانمان کاردەکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان لە چەمچەماڵ، دڵنیاتان دەکەینەوە کە لەم هەلومەرجە سەختەدا لە پاڵ گەلەکەماندا دەوەستینەوە، پاڵپشتی پێویست پێشکەش بە هاوڵاتیانمان دەکەین.