مانگی ڕابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا ٢٢ ژن و سێ منداڵ کوژراون

ئاژانسی ژن نیوز بڵاویکردەوە، لە ماوەی تەنها یەک مانگدا، ٢٢ ژن و سێ منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون، هەروەها ١٩ ژن و ٧ منداڵیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی ژن نیوز، سەبارەت بە ئامارەکانی مانگی ڕابردووی کوشتی ژن و منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا ئامارێکی بڵاوکردەوە.

 

ئامارەکەی ژن نیوز بەم شێوەیەیە:

– هاوژینەکان: هەشت ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی هاوسەریان بوون کوژراون.

لە پڕۆسەی جیابوونەوەدا: دوو ژن لەلایەن ئەو پیاوانەوە کوژراون، کە لە قۆناغی جیابوونەوەدا بوون لەگەڵیان.

_هاوژینانی پێشوو: دوو ژن لەلایەن هاوژینانی پێشوویانەوە کوژراون.

– هاوژینی ڕاستەقینە و جیاکراوەکان: دوو ژنی دیکە (یەکێکیان لەلایەن ئەو پیاوەی لەگەڵی دەژیا و ئەوی دی لەلایەن ئەو پیاوەی دەستی لێبەردابوو) کوژراون.

 خزمە نزیکەکان: دوو ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە، ژنێک لەلایەن باوکییەوە،  ژنێکیش لەلایەن مێردی خوشکی (زاوایان) یان مامی مێردی کوژراون.

 کەسانی نەناسراو: ژنێک لەلایەن پیاوێکی نەناسراوەوە کوژراوە و ناسنامە و نزیکایەتی بکوژانی سێ ژنی تریش تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

 

دابەشبوونی تاوانەکان بەپێی شارەکان

بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی تاوانەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر جیاوازە، بە شێوەیەک کە شاری ئەستەنبوڵ بە تۆمارکردنی چوار حاڵەتی کوشتن لە پلەی یەکەمی ئەو شارانەدایە، کە زۆرترین توندوتیژییان تێدا ئەنجام دراوە، هەروەها دوای ئەویش شاری مێردین دێت، کە سێ حاڵەتی کوشتنی ژنانی تێدا تۆمارکراوە، هاوکات هەریەکە لە شارەکانی ئامەد و بورسا گەواهیدەری پێشێلکاری بوون و لە هەر یەکێکیاندا دوو ژن کوژراون، لە هەر یەکە لە شارەکانی ئەدەنە، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئێلح، قەیسەری، کوتاهیا، مانیسا، مەڕەش، موگلا، ڕحا، و یالۆڤا یەک حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە.