لەسەر ئازاردان و زیندانیکردنی ژنێک تۆمەتبارێك دەستگیركرا

مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد کە توندوتیژی بەرامبەر هاوژینی پێشووی بەکارهێنابوو، پاشان زیندانیشی کردبوو .

ناوەندی هەواڵ

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەكانی پۆلیس كەوا گومان دەكرێت لە یەكێك لە هۆتێلەكانی شاری سلێمانی ژنێك زیندانیکراوەو رێگەی هاتنە دەرەوەی لێگیراوە، مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەختیارییەوە ژنەكە بدۆزرێتەوە كە لە ژووری هۆتێلێكدا لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بەندكراوەو ئازار دراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە توانرا تۆمەتبار "ع ، م ، ه لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٢ بەناسنامە عەرەب" دەستگیربكرێ و لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە ئەو ژنانەی لە هاوژینەکانیان جیادەبنەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و زۆربەی کاتیش کوشتن دەبنەوە، چونکە ئەو عەقڵیەتەی کە خۆی بە خاوەنی ژن دەزانێت بەردەوامی هەیە و پیاوەکان دوای جیابوونەوە پێیان وایە هاوژینی پێشوویان هێشتا موڵکی ئەوانن.