لەمساڵدا زیاتر لە ٧هەزار ئێرانی چوونەتە ئەڵمانیا

بە پێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئەڵمانیا، لە ٧ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٧ هەزار خەڵکی ئێران چوونەتە ئەڵمانیاو داوای مافی پەنابەرییان کردووە.

 

ناوەندی هەواڵ- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەنابەر و کۆچبەرانی ئەڵمانیا ئامارێکی نوێی لەبارەی ژمارەی کۆچبەران و پەنابەرانەوە بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی تەمموز٧ هەزار و ٢٠ ئێرانی لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووەو پەنابەری ئێرانی لە داواکردنی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا لە پلەی چوارەم دێن.

ئاماژە بەوەکراوە، ئەمساڵیش زۆرترین داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا لەلایەن پەنابەرانی سووریاوە بووە و پەناخوازانی خەڵکی ئەفغانستان و تورکیا لە پلەی دووەم و سێیەمدان.

ڕاشگەیەندراوە، کێشه و ململانێی تووندی سیاسی، کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، هەروەها نەبوونی دیدێکی ڕوون بۆ داهاتوو، له هۆکارەکانی کۆچکردنی خەڵکی ئێرانن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.