لێمان شویش: پێویستە ژنان داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن

لەپێناو هۆشیارکردنەوەی ژنان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان، لەلایەن نوێنەرایەتی پەیەدە لە شاری سلێمانی سیمینارێکی تایبەت بە ژنان بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٢ی تشرینی دووەم نوێنەرایەتی پەیەدە لە شاری سلێمانی سیمینارێکی تایبەت بە ئازادی ژنان و توندوتیژیەکانی دژی ژنان بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.

 

سیمینارەکە بە چەند خولەکێک وەستان بۆ گیانی ئەو ژنانەی بۆ ئازادی کوردستان شەهید بوون دەستی پێکرد، دواتر لێمان شوێش، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، سەبارەت بە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە ٢٥ی تشرینی دووەم دەستپێدەکات، سیمینارێکی پێشکەشکرد.

 

لە سیمینارەکەدا باس لە گرنگی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کرا و بە گرنگ زانرا ژنان خۆیان داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن و هەڵمەتەکە بە گرنگ بزانن.

 

لێمان شوێش، وتی: ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریکراوە، ئەم ڕۆژە وەکو ڕۆژی تێکۆشانی ژنان دەبینرێت لە تەواوی دنیادا.

ئاماژەی بەوەشدا، ٢٥ی تشرینی دووەم لە بەرخۆدانی ٣ خوشکەوە سەرچاوەی گرتووە دژی زوڵم و زۆرداری شەهید بوون، بۆیە هەموو ساڵیک لەو ڕۆژەدا بە شکۆوە یادیان دەکرێتەوە.

 

ت.پ