بەهۆی ترس لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەستپێکی زانکۆ دواخرا

لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران وانەکانی زانکۆ بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێندرێن یاخود دوادەخرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە زۆربەی زانکۆ گەورەکانی ئێران دەستپێکردنەوەی خوێندن دواخرا، سەرەڕای ئەوەی پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە وەرزی نوێی خوێندن لە ٢٥ی ئەیلوول دەستپێدەکات، بەڵام وادەی دەستپێکردنی وانەکان بۆ لانیکەم هەفتەیەک دواخراوە.

 

جگە لەوەش بەشێک لە زانکۆکان ڕایانگەیاندووە کە لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمدا بە شێوەیەکی ئۆنلاین وانەکان دەخوێندرێن.

 

هەروەها ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا "پەیوەندی دامەزراوە ئەمنییەکان لەگەڵ خوێندکاران"ی زانکۆ جیاوازەکان زیادی کردووە.

 

لە کاتێکدا کە ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نزیک دەبێتەوە، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران بەنیازن بە گوشار خستنە سەر خەڵک و قوتابیان، ڕێگری لە یادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بکەن.