چین بڕی ١٣٨ ملیۆن دۆلار بۆ فریاگوزاری لافاو تەرخان دەکات

بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا کە کاریگەری لەسەر زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵاتدا دروستکردووە، چین بە ملیۆنان دۆلار بۆ فریاگوزاری لافاو تەرخان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

چین بڕی ١٣٨ ملیۆن دۆلار بۆ فریاگوزاری لافاو تەرخان دەکات بۆ ناوچەکانی وەک پەکین، تیەنجین، هیبی، هایلۆنگجیانگ و جیلین تەرخان دەکرێت، کە سەرجەمیان لەم دواییانەدا بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

 

زیانە ئابوورییە ڕاستەوخۆکانی چین لە ئەنجامی کارەساتە سروشتییەکان زیادیکردووە و لە مانگی تەمموزدا بۆ ٤١.١٨ ملیار یوان "دراوی چینی" بەرزبووەتەوە کە یەکسانە بە ٥.٧٤ ملیار دۆلار، ئەم ئامارە لە کۆی گشتی زیانەکانی ئەو وڵاتە زیاترە کە لە مانگی یەک تا مانگی حوزەیران تووشی بووە، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا کە چینی گرتوەتەوە، لە ماوەی مانگێک بۆ دوومانگ چەند زریانێکی بەهێز زیانێکی زۆری بە وڵاتەکە گەیاند.

 

هەرچەندە لافاو لە چین لە وەرزی هاویندا باو بووە، بەڵام ئەمساڵ بەڕوونی کاریگەرییەکانیان زیادیکردووە و لە مانگی تەمموزدا کاریگەری لەسەر زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵاتدا دروستکردووە، کاتێک پەکین خراپترین بارانبارینی لە ماوەی ١٤٠ ساڵدا بەخۆیەوە بینی، لە مانگی حوزەیران گەرمترین پلەکانی گەرمای لە مێژوویدا تۆمارکردووە.

 

پێشبینی دەکرێت مانگی ئاب زیانی زیاتری ئابووری هەبێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی بارانبارین، پلەکانی گەرما لە چین، پێشبینیکەری نیشتیمانی چین هۆشداریدا لەوەی لە مانگی ئابدا ڕێژەی بارانبارین لە پارێزگاکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی چین تا ٪٥٠ لە ئاستی ئاسایی زیاتر بێت، ئەمەش پێدەچێت لافاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما توندتر بکات و زیانی ئابووری زیاتری لێبکەوێتەوە.