ڕژێمی ئێران هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نادات

ئاگری زنجیرەیی شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنە، ئیلام و کرماشانی گرتووەتەوە، لە کاتێکدا خەڵک و چالاکوانان ژینگەپارێزی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، حکومەت تەنها نمایش دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان لە مەریوان بەردەوامە، لە هەندێک ناوچەی گوندنشین و شاخاوی سەردەشت، کامیاران، بانە، ئیلام و کرماشان ئاگرەکە بڵاوبووەتەوە.

 

نزیکەی هەفتەیەک بەسەر ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان تێدەپەڕێت، خەڵک و چالاکوانانی ژینگەپارێز، بەتایبەتی ژنان شەو و ڕۆژ هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە ئاگرکەوتنەوەکان حکومەت کۆپتەرەکانی ئاو ڕشێنەری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە تەنها بۆ مانۆڕکردن.

 

​ لە کاتێکدا کە ئەندامانی کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان لە شارەکانی دراوسێ، لەوانە بانە بۆ دابینکردنی فریاگوزاری هاتوونەتە مەریوان، دارستانەکانی بانە بە شێوەیەکی سەیر ئاگریان تێبەردراوە.

 

چیای ئاژوان لە کامیاران دوای ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەن خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزەوە کوژێنرایەوە، بەڵام جارێکی دیکە ئاگری گرتووەتەوە.

 

چالاکوانانی ژینگەپارێزی ناوچانەکانی ئاگرەکە زیانیان بەرکەوتووە، داوای هاوکارییان لە خەڵکی ناوچەکە کردووە و لە هەندێک ناوچەش خەڵک ڕایانگەیاندووە، کە قەبارەی ئاگرەکە ئەوەندە زۆرە کە زۆر ئەستەمە خەڵک بەبێ ئامێر کۆنتڕۆڵی بکات.

 

ڕووەکی سەرەکی ئەم ناوچانە دارستانەکانی دار بەڕووە، ئاژەڵەکانی وەک بزنی کێوی، ورچی قاوەیی، پڵنگ، هەڵۆی،کەروێشک و کۆتر لەوێ دەژین.

 

ئەم ناوچانە لانی کەم ١١٧ جۆر باڵندە، ٢٣ جۆر شیردەر، ١٧ جۆر پەلەوەر و ٢٤٢ جۆر ڕووەکی تێدایە کە هەندێک جار تەنها لەم شاخانەدا دەبینرێن و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە.