ڕفاندنی منداڵان و ژنان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار لە هایتی بەرزبووەتەوە

تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ حاڵەتی ڕفاندنی ژنان و منداڵان بۆ ئەمساڵ تۆمارکراوە، ژمارەکەش لە ساڵی ٢٠٢٢ سێ هێندەی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی یونیسێف، ڕفاندنی ژنان و منداڵان ڕێژەیەکی مەترسیداری تێپەڕاندووە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٣٠٠ حاڵەت پشتڕاستکراوەتەوە، کە هاوتایە لەگەڵ کۆی ئەو ژمارەیەی کە بۆ تەواوی ساڵی ڕابردوو تۆمارکراوە، هەروەها نزیکەی سێ هێندەی ساڵی ٢٠٢١ زیاترە.

 

توندوتیژییە بەردەوامەکانی هایتی هەڕەشەی بۆ سەر ژیانی منداڵان و ژنان دروستکردووە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا منداڵان و ژنان بە زۆر لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەگیرێن و لە پێناو دەستکەوتی دارایی بەکاردەهێنرێن، ئەو کەسانی کە توانیوویانە ڕزگاریان ببێت و بگەڕێنەوە ماڵەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە دۆخێکی دەروونی و جەستی سەختدا ژیاون.

 

کارەساتێکی مرۆیی هەڕەشە لە دانیشتووانی هایتی دەکات، ئەمڕۆ بە مەزەندەکردن ٥.٢ ملیۆن کەس یان نزیکەی نیوەی تەواوی دانیشتووانی وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، لەنێویاندا نزیکەی سێ ملیۆن منداڵ هەیە.

 

جگە لەوەی منداڵان و ژنان لە شەقامەکانەوە دەڕفێندرێن و ڕووبەڕووی زەبرێکی قوڵی جەستەیی و ودەروونی دەبنەوە، هاوکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی چاودێری تەندروستی ناوخۆیی لە لێواری داڕماندایە و قوتابخانەکان لە ژێر هێرشدان، ئەمەش هاوڵاتیانی مەدەنی لە ژێر تیرۆری بەردەوامدا دەهێڵنەوە.

 

زیادبوونی توندوتیژی، تاڵانکردن، گەمارۆدانی ڕێگاوبانەکان و بوونی بەربڵاوی گروپە چەکدارەکان بە توندی ڕێگری لە هەوڵە مرۆییەکان دەکەن، گەیاندنی یارمەتییە پێویستەکان بۆ کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان قورس دەکات.