زیندووکردنەوەی هونەری مۆزایک لەلایەن ژنانی غەززە

ژنان لە کەرتی غەززە هەوڵ دەدەن هونەری دێرینی مۆزایک بە شێوازێکی مۆدێرن زیندوو بکەنەوە، تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی ئەم میراتە کولتوورییە.

نەغم کەراجە

 

غەززە- لە هۆڵێکی پڕ لە تابلۆ و لە نێوان کۆمەڵێک بەردی قەبارە و ڕەنگی جیاواز، کۆمەڵێک ژن بە وردی و بە شێوەیەکی ڕەسەن کار لەسەر پارچە سیرامیکەکان بە ڕەنگی جیاواز دەکەن، ئەم ژنانە بە بەکارهێنانی هونەری مۆزایک تابلۆ دروست دەکەن.

 

مۆزایک یان کاشی شکاو یەکێکە لەو هونەرە کۆنانەی کە لە کۆنەوە هەبووە، لەسەر بنەمای میکانیزمی ڕازاندنەوە بە خستنەسەریەکی پارچە بچووکەکان کە تابلۆیەکی یەکگرتوو و هاوسەنگ پێکدەهێنن، هونەرمەندان دەتوانن لە مۆزایکدا کەرەستەی جیاواز بەکاربهێنن لەوانە بەرد و شووشە و هتد.

 

ئەمەل مەغریبی لەبەردەم پارچە سیرامیکی ڕەنگاوڕەنگدا وەستاوە و ڕەنگی پارچەی گونجاو هەڵدەبژێرێت بۆ تەواوکردنی تەواوی تابلۆکە و بە تامەزرۆییەوە بە وردی و ڕەنگینییەوە دانانی و هەماهەنگی دەکات و وتی: "هونەری مۆزایک لە وڵاتی ئێمەدا زۆر ناوازەیە و لە ناوەڕۆکەکەیدا چەندین مانای هەیە کە تیشک دەخاتە سەر زاراوە و بابەتی کۆمەڵایەتی، بەو پێیەی بە یەکێک لە هونەرە شوێنەوار و میراتییە دەگمەنەکان دادەنرێت."

 

باسی لەوەشکرد، دروستکردنی پانێڵی مۆزایک نزیکەی مانگ و نیوێک کاتی دەوێت، " ماوەی تەواوکردنی کارەکانمان بە ڕوونی دیار نیە بۆ تەواوکردنی پانێڵەکان ک تا کۆتایی مانگی تەمموز و ڕەنگە لەڕاستیدا پێویستی بە کاتێکی زیاتریش بێت، ڕۆژانە شەش کاتژمێر کاری تێدادەکەین بۆ تەواوکردنی کارە هونەریەکان بۆ ئەوەی خۆمان بۆ پێشانگە گەورەکەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ئامادە بکەین."

 

 

لێمی ئەکاد لەبارەی سروشتی کارەکەوە ڕوونکردنەوە دەدات و ئاماژەی بەوەدا کە یەکەمجارە هونەری مۆزایک لەسەر پانێڵە گەورەکان لە کەرتی غەززە نمایش دەکرێت، "ئێمە پاشماوەی سیرامیکە شکاوەکان دەبەین و کاردەکەین بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەیان وەک بەردی بچووک و بە بەکارهێنانی ئامێری بڕینی ئاسن دەیانبڕین بۆ کوبی بچووک و دواتر بە چەسپ بەکاردێن بۆ پێکەوە دانان".

 

باسی ئەو کێشانەی کرد کە لە کاتی ئامادەکردنی تابلۆیەکدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەشڵێت، جۆرێک لە بەرد هەیە بەهۆی ڕەقبوونیەوە ناتوانرێت ببڕدرێت و پێویستی بە ماوەیەکی زیاتر دەبێت بۆ شکاندنیان، ئەمەش ناچاریان دەکات کەرەستەی تر بەکاربهێنن وەک چیمەنتۆ، هەروەها کارەکە پێویستی بە وردبینییەکی بەرز هەیە بۆ ئەوەی پارچەکە لە ڕووی درێژی و پانییەوە دەربچێت و لەگەڵ پارچەکانی دیکە هاوسەنگ بێت.

 

 

سەمیحە نەفار ئەم ئەزموونەی بە دەوڵەمەند و سەرنجڕاکێش وەسف کردووە، بەتایبەتی کە یەکەم ئەزموونی خۆیەتی و وتی: "من هونەری پلاستیکیم خۆشدەوێت و زۆر وێنەم دەکێشا، ویستم لە هونەری مۆزایکدا کار بکەم، بەڵام ئەزموونم نیە و دەبینم کە پێویستی بە وربینییەکی زۆر هەیە، بۆیە پێش ئەوەی بەردەکان پێکەوە دابنێین، دەبێت مۆدێلێک هەڵبژێرین کە مانای هەبێت و دواتر کار لەسەر دروستکردنی بکەین".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تابلۆیەکی گەورەیان دروستکردووە کە ژنێک بە جلی فەلەستینیەوەیە بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی میرات و کولتووردا، وە پانێڵەکەی تر سکێچی ژنێکە کە تاجی گوڵەبەڕۆژەی لەبەردایە و خەون بە ئازادی و ئاسایشەوە دەبینێت لە کۆمەڵگەدا، "بەردەوامین لە دروستکردنی تابلۆی نوێ کە مانا و هێمایان هەیە کە گوزارشت لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، ژمارەی ئەو پارچانەی کە لە تابلۆی ژنێکی فەلەستینی بە جلی نەریتی بەکارهێنراون نزیکەی ١٦ هەزار و ٩٠٠ پارچەی سیرامیک بووە."

 

 

نەدا هەباش بەم شێوەیە باسی لە هونەری مۆزایک کردبۆ تیشکخستنە سەرکێشەکانی ژنان، "لە ڕێگەی هونەرە پلاستیکییەکانەوە، بەتایبەتی هونەری مۆزایک، پرسەکانی کۆمەڵایەتی و مرۆیی بەتایبەت پرسی ژنان نیشان دەدرێن، چونکە خەڵک بەدوای ئامرازی ناتەقلیدیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی وێنەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بخەنەڕوو، مۆزایک تەنها بەرد و ڕەنگ نییە، بەڵکو ئامرازی قسەکردنن لە نیگارکێشیدا و دەتوانن پەیامی پێویست ڕاستەوخۆ و ڕەوان بگەیەنن و بینەر هان بدەن هەست بە وێنەکە بکات."

 

ئەمال خەزیر، بەڕێوەبەری سەنتەری بیناکارانی فەردا، ڕوونی کردەوە، "لە سەنتەرەکە هەوڵدەدەین کارامەیی و ئەزموونی نوێ بۆ ژنان دابین بکەین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەسەر بەرن و لە داهاتوودا پڕۆژەی بچووکی پەیوەست بەم هونەرە بکەنەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد: "هونەری مۆزایک سەدان ساڵە لە وڵاتەکەماندا بوونی هەیە، تا دەتوانین گروپە ئامانجدارەکانمان لە هونەری پلاستیکی و مۆزایک ڕاهێناوە، ئێمە هەوڵ دەدەین میراتی کولتووری خۆمان بپارێزین بۆ ئەوەی بۆ جیهان بیسەلمێنین کە دۆزی ئێمە ڕەگ و ڕیشەی لە خاک و کولتوورەکەماندا هەیە."

 

ئەمال خەزیر لەکۆتایدا وتی: "ئەم ڕاهێنانە تیشک دەخاتە سەر چەندین بابەتی کۆمەڵایەتی و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان لە پشتیوانیکردنی خەبات لە سەرەتای داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەلەستین، چونکە ژنان ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن لە پاراستنی ڕۆشنبیری و تیشک خستنە سەر پرسە جۆراوجۆرەکان، وە بە بینینی وێنەی ژنان بە بەشداری ١٧ ژن سەلماندمان کە ئەوان ڕۆڵیان هەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و ئەم بنەمایە لە مێشکی نەوەکانی داهاتوودا جێگیر دەکەین."