تۆڕی هەشتی مارس هەڵمەتێکی دژی کوشتنی ژنان ڕاگەیاند

تۆڕی هەشتی مارس هەڵمەتێکی بۆ ڕێگریکردن بە ڕەشەکوژی ژنان لە باشووری کوردستان ڕاگەیاند و داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەن پشتیوانی لە هەڵمەتەکە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی هەشتی مارس لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڵمەتێک بۆ ڕێگریکردن بە ڕەشەکوژی ژنان لە باشووری کوردستان ڕاگەیاند.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لەگەڵمان بن لەپشتیوانیکردنی هەڵمەتێکی فراوانی تایبەت بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، ئەم هەڵمەتە تۆڕی هەشتی مارس، بە بەشداری هاوپەیمانیی ژنانی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و کۆمەڵی مەدەنی، بە پاڵپشتی و پشتوانی چالاکوانان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان کاری بۆ دەکرێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانج لێی درووستکردنی بزووتنەوەیەکی سەرانسەرییە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە توندوتیژی و کوشتن و سوتان و خۆسوتاندن لە کوردستاندا، داوا لەهەموو ئەو کەسانەی دژی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنانن و باوەڕیان بەیەکسانیی ژن و پیاو هەیە، پشتیوانی هەڵمەتەکە بکەن بۆ بەرگرتن لە ڕەشەکوژی ژنان.

 

بە پێی ئاماری کۆکراوەی مانگانەی ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوز تەنیا لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو ٤٨ ژن لە باشووری کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٢١ یان کوژراون و ٢٧ـیان بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.