پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری گەرما لە عێراق دەکرێت

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى کەشناسی عێراق  ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژانی ئایندە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی عێراق دەگات ٥٤ پلەی سیلیزی.

ناوەندی هەواڵ

 

عامر جابرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى کەشناسی عێراق ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ٥٠ پلەی سیلیزی بەرزببنەوە، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.

 

ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا لە بەغدا پلەکانی گەرما لە پێش نیوەڕۆ دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی، چلەى هاوین لە ناوەڕاستی مانگى تەمموزەوە دەستپپێدەکات و ١٢ رۆژ بەردەوام دەبێت، کە گەرمترین دەبێت و پلەى گەرما دەگاتە ٥٤ پلەى سیلیزی.

 

عێراق لە ژێر گەرمبوونی جیهانی و گۆڕانی کەشوهەوادایە بەشێک لە گۆڕانە ژینگەییەکانیش بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمبارانی، وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان لە خۆدەگرێت، ماوەی چوار ساڵە دانیشتووانی عێراق بەرکەوتەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی گەرمان.

 

 بە ئامانجی کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لەعێراق، پشت بە بودجەی گشتی عێراق دەتوانرێت دەبەسترێت، کە لە یاساى بودجەى گشتیى عێراقدا نزیکەی ٪٠.٢ بوجەکە کە دەکاتە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ بارودۆخى لەناکاو تەرخانکراوە، کە بۆ دۆخێکى پێویست دەتوانرێت سێ ملیار دینارى لێ خەرج بکرێت، ئەو بڕەش بۆ رووبەڕووبوونەوەى تاى خوێنبەربوون بەکارهێندرا.

 

 بەرزبوونەوەى پلەى گەرما لەعێراق بەشێوەیەکی کاریگەر زیانی لە کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکەداوە، بەپێی ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەساڵى رابردووەوە حەوت هەزار جووتیار لە گوندەکانەوە کۆچیان بۆ ناوەندى شارەکان کردووە.