سلێمانی، توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

لە شاری سلێمانی دوای ڕۆژانی جەژن ژمارەیەک توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، ئێستا لە نەخۆشخانەلە ژێر چاودێری پزیشک ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی سەرچاوەیەکی ناو تەندروستی سلێمانی، لەدوای ڕۆژانی جەژنەوە ژمارەیەک حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە، کە لە ژێر چاودێری پزیشکدا ماونەتەوە لە نەخۆشخانە.

 

ئەو کەسانی توشبوون بە تای خوێنبەربوون ژمارەیان نزیکەی ٥ کەس دەبێت و لە ڕۆژانی دوای جەژنی قوربانەوە توشبوون، لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشک ماونەتەوە لە ژوورێکی جیاکراوە.

 

بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرز بڵاوبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك حاڵەتی تای خوێنبەربون تۆماركراون کە ڕێژەیەکی مەترسیدار نیە.

 

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ١٢ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

نیشانەكانی تای خوێنبەربوون بریتین لە دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی، تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، ئاستەنگ لەبەردەم خوێن مەیاندن دروستدەکات.

 

تای خوێنبەربوون پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبوون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت رێژەی مردن لەنێو تووشبووان بە تای خوێنبەربوون ٪١٠ بۆ ٪٤٠ـە.