ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: ئەوروپا لەم هاوینەدا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی تەندروستی دەبێتەوە

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەردەوامی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لە هاوینی ئەمساڵ، ئەوروپا ڕووبەڕووی چەندین قەیران دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەوروپا هۆشداریدا لەوەی کە ئەوروپا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی تەندروستی بووەتەوە لەم هاوینەدا، توشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بەشێوەیەکی درێژخایەن و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

 

هانس هێنری پی کلۆگ، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەوروپا وتی: " لە سێ ساڵی یەکەمی پەتای کۆرۆنا نزیکەی ٣٦ ملیۆن کەس لە سەرانسەری هەرێمی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا تووشی کۆرۆنا بوون، ئەم ژمارەیەش یەکسانە بە نزیکەی یەک لە هەر ٣٠ ئەوروپییەک."

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هێشتا هەفتانە نزیکەی هەزار حاڵەتی مردنی نوێی پەیوەست بە کۆڤید-١٩ لە ناوچەکەدا تۆمار دەکرێت.

 

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە پێویستە ئەو کەسانی تەندروستییەکی لاوازتریان لە کەسانی ئاسایی هەیە لە پێشینەدا بن بۆ کوتان، لەوانە بەساڵاچووان، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان بەرگریان لاوازە.

 

هەروەها هانس هێنری پی کلۆگ ئاماژەی بە سەرهەڵدانەوەی تووشبوون بە MPOX کرد لە سەرانسەری وڵاتە جیاوازەکاندا، لەوانە بەریتانیا، ئیسپانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا؛ کە کوتان و ڕێوشوێنی خۆپارێزی گرنگە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە کەم بکرێتەوە.

 

MPOX نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆنۆتیکە کە بەهۆی ڤایرۆسی MPOX ەوە دروست دەبێت، ڤایرۆسی ڤاریۆلا دەگرێتەوە کە دەبێتە هۆی کۆکە، بە پەڵە یان برینەکانی پێست دەناسرێتەوە کە بەزۆری لەسەر دەموچاو و دەست و بنی پێیەکان چڕ دەبنەوە.

 

داتا فەرمییەکان دەریدەخەن کە شانبەشانی قەیرانی درێژخایەنی کۆڤید-١٩، ئەوروپا لەگەڵ پرسی گەرمای زۆر و سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی  MPOX دەجەنگێت، لە ڕاپۆرتێکی فەرمی ئەم دواییەی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی کەشناسی جیهانیدا هاتووە کە ئەوروپا بە دوو هێندەی تێکڕای ڕێژەی جیهانی گەرم دەبێت.

 

ڕاپۆرتە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە پلەی گەرمای بەرز لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بووەتە هۆی گیانلەدەسدتانی ٢٠ هەزار کەسی، پلەکانی گەرما لە ئیسپانیا و پورتوگال لە ئەمساڵدا ٤٠ پلەی تێپەڕاندووە.