لەهەولێر سێ منداڵ لەسەر شەقام فڕێ دەدرێن

پۆلیسی هەولێر سێ منداڵی دۆزییەوە کە یەکێکیان تەمەنی تەنها ٥ مانگە و لەسەر شەقام فڕێدرابوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر بڵاویکردەوە ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، سێ منداڵ کە دووانیان کوڕن تەمەنیان ٩ بۆ ١٠ ساڵە و کچێکی تەمەن ٥ مانگ، کە لە گەڕەکی نوسەرانی شاری هەولێر لەسەر شەقام فڕێدرابوون، هێنرانە نوسینگەی منارەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەسەرپەرشتی لێپرسراوی نوسینگەی منارەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخرا و دەرکەوت کە ئەم منداڵانە پێش ماوەیەک باوکیان دەستگیرکراوە و دایکیشیان لەلای باپیری منداڵەکان "باوکی هاوژینەکەی" بەجێی هێشتوون و ئەمڕۆ باپیریان ئەوانی لەسەرشەقام فڕێداوە.

 

دواتر پەڕاوی لێکۆڵینەوە پێشکەش بە دادوەری توندوتیژی خێزانی کرا و بڕیاریدا دوو منداڵە کوڕەکان ببرێن بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر و منداڵە کچە ٥ مانگەکەش ببریت بۆ خانەی چاودێری منداڵان لەناو نەخۆشخانەی لەدایک بوونی هەولێر، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەم پەڕاوە بەردەوامە.